"لە ماوەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجام دەدرێت"

سەرۆکی لیستی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک رایدەگەیەنێت" بڕیارە بەمزووانە کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدرێت و تێیدا شەرعیەت بە ئەندامانی ئەنجوومەن بدرێت". 

حەسەن شێخانی سەرۆکی لیستی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی ڕاگەیاندووە" لە گفتوگۆی لایەنەکاندا ھەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەیەک بکرێت و تێیدا ئەندامانی ئەنجوومەن دەستبەکار بن و شەرعیەت بە ئەنجوومەن بدرێت". 

ڕوونیشیکردەوە، بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو کۆبوونەوەیە ئەنجام بدرێت، بەڵام باسی دابەشکردنی پۆستەکانی تێدا ناکرێت.

شێخانی وتیشی" بڕیارە دوای ئەو کۆبوونەوەیە، لایەنەکان گفتوگۆ بکەن بۆ ئەوەی رێککەوتن بکرێت بۆ دابەشکردنی پۆستە ئیدارییەکان، بۆیە ئەم کارە بە دوو قۆناغ دەکرێت، قۆناغی یەکەم شەرعیەتدانە بە ئەندامانی ئەنجوومەن و قۆناغی دووەمیش دابەشکردنی پۆستەکان دەبێت". 

دەشڵێت" وەک پارتی پشکمان لە پۆستە ئیدارییەکان دەبێت و لەسەر ئەوەش مکوڕین پارێزگاری کەرکوک کوردێک بێت و بتوانێت خزمەتی ھەموو کەرکوک بکات و جێگەی رەزامەندی ھەموو لایەنەکان بێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە ھەنگاوی کرداری بنرێت تا بتوانن لە ماوەیەکی نزیکدا بگەنە رێککەوتنێک و کۆتایی بەو کێشەیە بێت و ئەنجوومەن دەستبەکار بێت و پۆستەکانیش دابەش بکرێن. 


PM:05:07:21/06/2024