پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ ٢٥ ی حوزەیران دەستی بە هەڵبژاردنی ئۆرگانە حزبیەکانی کرد، زانیارییە نافەرمییەکان باس لە ٤٥٠ هەزار ئەندام و لایەنگری ئەم حزبە دەکەن کە ١٧ لق و مەکتەبدا رێکخراون.
مەحموود محەممەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی ڕایگەیاند، لەبارەی ئەم هەڵبژاردنەوە بە میدیاکانی حزبەکەی راگەیاندووە" ئەوەی ئێستا دەکرێت ھەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی ناوخۆیی حزبە کە بەپێی بڕیاری کۆنگرەی ١٤ دەبێت ئەنجام بدرێت، بۆیە لیژنەیەکی باڵا دروست کراوە بۆ ھەر مەکتەبێکی ڕێکخستنی پارێزگایەک یان لقەکان لیژنەیەکی تایبەت دروست کراوە، ھاوکات لە ١٧ لق ھەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، بۆ ھەر ١٧ لقەکەش لیژنە دیاریکراوە، بۆ ناوچەکانیش کە سنووری ئەو لقانەن لیژنەی تایبەتیان بۆ دروست کراوە، ھەموو ھەڵبژاردنەکانیش لەیەک ڕۆژ و لەیەک کاتژمێر دەست پێدەکەن".
مەحموود محەممەد جەختیش دەکاتەوە" سەدان کادیری ئێمەی پێشکەوتوو لەناو لیژنەکاندان بۆ بەڕێوەبردنی کارەکان، ھەروەھا زۆربەی زۆری ھەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی وە ھەڤاڵانی لیژنەی مەرکەزیمان وە ھەڤاڵانی ئەندامە یەدەگەکانمان و کادیرە کۆنەکانمان وە ئەوانەی پێشتر بەرپرسی لق بوون بەشدارن لە لیژنەکان".
وتەبێژی پارتی باس لەوەش دەکات" دەستەیەکی ترمان ھەیە ئەویش دەستەی چاودێری و بەدواداچوونە بۆ ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکان ئەمەش بۆ ئەوەیە کە چاودێری پڕۆسەکە بکات و ھیچ کێشەیەک دروست نەبێت، ھەر ھەڤاڵێکیش گلەییەکی ھەبێت دەستەی چاودێری چارەسەری دەکات".
بەپێی زانیارییەکانی میدیاکانی نزیک پارتی، پارتی خاوەنی ٤٥٠ هەزار ئەندام و لایەنگرەو لە ١٧ لقدا رێکخراون کە ئەوانیش لە ١٦٥ ناوچە پێکهاتوون، بۆ ئەم هەڵبژاردنەش ٧٥٠ لیژنە بۆ سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکە دانراوە.