سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک رایدەگەیەنێت" پارێزگار خانەنشین دەبێت و پێویستە پارێزگارێکی تازە بۆ کەرکوک دابنرێت".
حەسەن شێخانی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، ئەمڕۆ شەممە بە ماڵپەڕی رەسمی حزبەكەی ڕاگەیاند" جۆرێک لە کۆدەنگی و رێککەوتن لە نێوان لایەنەکاندا هەیە، بۆ ئەوەی کۆبونەوەیەک ئەنجام بدەین و تێیدا شەرعیەت بە ئەنجومەن بدرێت، بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکانی خۆی جێبەجێ بکات، چونکە ڕاستە ئێستا ئێمە کاری خۆمان دەکەین و رێگری زۆریشمان لە بڕیارەکانی پارێزگار کردوە کە دژی کورد بوون، بەڵام ئەگەر شەرعیەتمان پێ بدرێت ئەوکات باشتر دەتوانین کاری خۆمان بکەین، بۆیە ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی بتوانین لەو ماوەیەدا کۆبونەوە ئەنجام بدەین و شەرعیەت بە ئەنجومەن بدرێت".
حەسەن شێخانی وتیشی" لە ئێستادا بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکوکیش کە کوردە، خانەنشین بووە و جێگرەکەی عەرەبە لە شوێنی ئەو دانراوە، بۆیە پێویستە کوردێک شوێنی ئەو بگرێتەوە، چونکە ئەو پۆستە پشکی کوردە و نابێت بدرێت بە لایەنێکی دیکە و پێویستە کوردێک ئەو پۆستە وەربگرێت".
سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە بەمزوانە کۆبونەوە ئەنجام بدرێت، چونکە پارێزگاریش خانەنشین دەکرێت و پێویستە پارێزگارێکی نوێ لە شوێنی ئەو دابنرێت.
دەشڵێت" ئەگەر ئێمە شەرعیەتمان پێدرا و کۆبونەوەمان ئەنجامدا، پێویستە لە ماوەی ٣٠ رۆژدا پارێزگارێک بۆ کەرکوک دابنێین، لەبەرئەوە پەلەمانە ئەو کۆبونەوەیە بکرێت و کۆتایی بەو گرفتە بێت و ئەنجوومەن دەست بە کارەکانی خۆی بکات".