پارتی راستڕەو لە فەرەنسا لە پێشەوەیەو ٧/٧ خولی دووەمی هەڵبژاردن یەکلایی دەکاتەوە


بە جیاوازییەکی زۆر، پارتی ڕاستڕەوی نیشتمانی و هاوپەیمانەکانی لە پێشەنگی ئەنجامەکانی خولی یەکەمی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی فەرەنساوەن، بەپێی ئەنجامە بەراییەکان لە ٣٤%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

ئەم هەڵبژاردنەی فەرەنسا لە ساڵی ١٩٧٨ەوە، بەرزترین ڕێژەی دەنگدانی بەخۆوە بینیەوە کە لە ٥٩.٣٩% بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کردووە.
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، هاوپەیمانی چەپ کە بە "بەرەی جەماوەری نیشتمانی"ش ناسراوە لە نێوان ٢٨،٥ بۆ ٢٩،١٪ دەنگەکانی بە دەستهێناوە، هەرچی هاوپەیمانییەکەی سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن ٢٠،٥ بۆ ٢١،٥ دەنگی هێناوە.

لەلای خۆیەوە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا داوای کرد "هاوپەیمانییەکی گەورە" بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستڕەوی توندڕەو پێکبهێنرێت، هەروەها داوای لە دەنگدەران کرد لە خولی دووەمی یەکلاکەرەوەی هەڵبژاردنی یاسادانان ئاستەنگی بۆ دروست بکەن.

مارین لۆپێن سەرۆکی راتسرەوەکانی فەرەنسا پێیوابوو کە "کەمپەکەی ماکرۆن بە کردەوە سڕاوەتەوەو تەواوبووە" و وتی: "هیوادارین باردێلا دوای هەڵبژاردنەکان ببێتە سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا"، ئاماژەی بە جۆردن باردێلا کرد، ئەو کەسەی کە زۆرترین ئەگەری هەیە سەرۆکایەتی حکومەت بکات.

لە بەرامبەردا گابرێل ئاتال، سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا جەختی لەوە کردەوە کە نابێت پارتی گردبوونەوەی نیشتمانی( راستڕەو) لە خولی دووەمدا هیچ دەنگێک بەدەست بهێنێت و وتی، "نابێت تەنانەت یەک دەنگیش بچێت بۆ گردبوونەوەی نیشتمانی... دەبێت ڕێگری لێبکرێت لە بەدەستهێنانی زۆرینەی ڕەها .”

خوولی دووەمی هەڵبژاردن ٧ ی تەموز ئەنجام دەدرێت و یەکلاییکەرەوە دەبێت کە کێ کابینەی وەزاری وەردەگرێت.



AM:10:15:01/07/2024