پێشەوا هەورامی: بارزانی و سودانی پرسی مووچەیان تاوتوێ کردووە و بەمزوانە کێشەکان چارەسەر دەبن

سەرۆک وەزیرانی هەرێم و عێراق دەربارەی کێشەی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان گفتوگۆیان کرد و وتەبێژی حکومەتی هەرێمیش دەڵێت"بەمزووانە" چارەسەر دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی پارتی ڕایگەیاند" مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران لەبارەی پرسی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانەوە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجامدا".

وتیشی" بەمزووانە کێشەی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان چارە دەکرێت".

ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە ٩٠ ڕۆژە مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە و لیژنەیەکی تایبەتمەندی حکومەتی عێراقیش بە مەبەستی وردبینیکردن لە لیستی ناوی ئەو هێزانە سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.


PM:01:43:10/07/2024