مەسرور بارزانی لەبارەی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلی بەرپرسێکی پارتی لە گەرمیان پەیامێکی بڵاوکردەوە

مەسرور بارزانی لەبارەی ڕووداوەکەی دوێنێی سنووری ئیدارەی گەرمیان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" هەر کەس و لایەنێک لە پشت ڕووداوەکەوە بێت دەبێت بەرپرسیارێتییەکەی هەڵبگرێت". 

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، ئەمڕۆ سێشەممە لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە" هەوڵی تیرۆرکردنی ئەکرەم ساڵح بەرپرسی لقی ٢٢ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستانی سەرکۆنە دەکەم". 

وتیشی" پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەکان هەوڵی ئاشکراکردنی ئەنجامدەرانی ئەم کارە تیرۆریستییە بدەن”.

مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند" هەر کەس و لایەنێک لە پشت ئەم هەوڵە ترسنۆکانەیەوە بێت، تەحەمولی بەرپرسیارەتی ئەنجامەکان دەکات و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە". 

دوێنێ لە کەلار ئۆتۆمبێلێکی لاندگرۆز ئەکرەم ساڵح بەرپرسی لقی ٢٢ی پارتی ئاگری گرت و سوتا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا ڕایگەیاند کە" گومانی هەیە لە ڕێگەی كۆنتڕۆڵەوە و لە دوورەوە كە چاودێریم كرابێت، ئۆتۆمبێلەكە تەقێندرابێتەوە". 


PM:12:32:16/07/2024