سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ڕەوتی لێكۆڵینەوەكانی هەوڵی كوشتنی بەرپرسی لقی پارتی لە گەرمیان ڕایدەگەیەنێت" لەكاتی یاری كۆتایی پاڵەوانێتی یۆرۆی نێوان هەڵبژاردەی ئیسپانیا و ئینگلتەرا و سەرقاڵبوونی پاسەوانەكانی بە تەماشاكردنی یارییەكە، بۆمبی لكێنراو خراوەتە ژێر ئۆتۆمبێلەكەی بەرپرسی لقی ٢٢ ی گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان".
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەڕەوتی لێكۆڵینەوەكان، كە داوایكرد ناوی ئاشكرانەكرێت، بە (دەنگی ئەمریكا)ی ڕاگەیاند" كاتێك پاسەوانەكانی بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی سەرقاڵبوون بە تەماشاكردنی یاری نێوان هەڵبژاردەی ئیسپانیا و ئینگلتەرا، كەسێك كە جلی كوردی لەبەربووە، سەرقاڵبوونیانی قۆستووەتەوە و بۆمبەكەی خستووەتە ژێر ئۆتۆمبێلی بەرپرسەكەی پارتی.".
ئەوكاتەی بۆمبە لكێنراوەكە بە ئۆتۆمبێلی بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی دا تەقیووەتەوە، بەرپرسی لق و شۆفێرەكەی و پاسەوانێكی لە ناو ئۆتۆمبێلەكەدا بوون، دوای ڕزگاركردنیان ئۆتۆمبێلەكە گڕی گرتووە و بە تەواوەتی سووتاوە.
سەرچاوە ئاگادارەكە لە ڕەوتی لێكۆڵینەوەكان دەڵێت" ئۆتۆمبێلەكەی بەرپرسی لق، كە بەشەو بۆمبەكەی پێوە لكێنراوە، دیوێكی لە تاریكایی و دیوەكەی تری بەلای پاسەوانەكانییەوە بووە، بۆیە كەسەكە بۆمبە لكێنراوەكەی لە دیوی تاریكاییەوە خستووەتە ژێر ئۆتۆمبێلەكە.”
وتیشی" تانكی بانزینی ئۆتۆمبێلەكەی بەرپرسی لق لەو دیوەكەی تربووە، نەك ئەو دیوەی، كە بۆمبەكەی پێوە لكێنرابوو، گەر بۆمبەكە بدرایە لە دیوی تانكی بانزینەكە، لەكاتی تەقینەوەكەدا ئۆتۆمبێلەكە دەتەقییەوە و ئەستەمبوو سەرنیشینەكانی دەربازیان ببێت".
گومان دەكرێت ئەو كەسەی بۆمبە لكێنراوەكەی خستووەتە ژێر ئۆتۆمبێلەكەی بەرپرسی لقی گەرمیان ناوچەكەی جێهێشتبێت، ڕۆژی دواتر خەڵكانی تر چاودێری بەرپرسی لقیان كردبێت و لە ڕێگەی كۆنترۆڵەوە ئۆتۆمبێلەكەیان تەقاندبێتەوە.
سەر لە بەیانی ڕۆژی دوو شەممە، ١٥ ی تەمموزی ٢٠٢٤، لەكاتێكدا ئەكرەم ساڵح، بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی ویستوویەتی لە شوێنی حەوانەوەی خۆیەوە لەگەڕەكی شەهیدانی كەلار بەرەو لق بڕوات، لەوكاتەدا بۆمبە لكێنراوەكە بە ئۆتۆمبێلەكەیدا تەقیوەتەوە.
لەمبارەیەوە دوێنێ سێ شەممە، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم( پارتی) ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و "پەكەكە"ی بە هەوڵدان بۆ "تیرۆركردنی" بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان تۆمەتباركرد.
لەلایەکی ترەوە ئەمڕۆ چوار شەممە پەكەكە ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردووەتەوە و ڕایگەیاند" ئێمە ئەم تۆمەتە بێبنەما و ناحەقە ڕەتدەکەینەوە، دوای ئەم ڕاگەیاندراوە پەدەکە بە ئەنقەست لە دژی بەڕێوەبەرایەتی ئێمە دەرکەوتووە، لە هەر کوێی باشووری کورستان دەبێت با ببێت، هەر ڕووداوێک بەسەر هەر هاوڕێیەکماندا بێت پەدەکە لێی بەرپرسیارە".