وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) وەرگرتنی مووچەش لەسەر لیستی هێزە ئەمنیەکانی هەرێم بۆ ئەندامانی حزبەکەیان ڕەت دەکاتەوە.
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا خەلیل نادری، وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە" ڕاستە لەڕابردوودا هاوشێوەی بەشێک لە حزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان هاوکاریان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە وەرگرتووە نەک مووچە، بەڵام لە دوای سەرهەڵدانی قەیرانی داراییەوە لە هەرێمی کوردستان هاوکاریەکانیان بڕاوە و لە ئێستادا هیچ هاوکاریەک وەرناگرن".
وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) " حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یان ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە ڕابردوودا مووچەیان هەبووە، چ لە پێش ڕاپەرین بێت کە ڕژێمی عێراق دابینی دەکرد، چ حکومەتی هەرێم واتە یەکێتی و پارتی دابینیان دەکرد تا ساڵی ٢٠١٤ ش کە وەک هاوکاری دراوە، نەک وەکو مووچە کە بۆ حزبەکانی چوار پارچە ڕاست بووە، بۆ ئێمە و حکومەتی هەرێمیش جێگەی شانازی بووە، کە هاوکاری یەکتری بکەین بە تایبەت حکومەتی هەرێم هاوکاری خوشک و براکانی خۆی لە پارچەکا نی تر کردبێت."
وتیشی،" بەڵام لە دوای قەیرانی دارایی هەموو هاوکاریەکان بڕاون، بەڵام وەک مووچە ئێمە وەک پارتی ئازادی هیچ مووچەیەکمان لەسەر هێزە ئەمنیەکانی نەبووە، تەنها هاوکاری بووە هەرچەندە ئێمە هاوکاری بە عەیبە نازانین."
وتەبێژەکەی پارتی ئازاد ئامادەنەبووە سەرچاوەی دارایی خۆیان ئاشکرا بکات، هەر هێندەی راگەیادووە" لە سەردەمی شەڕی داعشدا لە میحوەرەکاندا هاوشانی پێشمەرگەی هەرێم هاوکاری کراون و پێداویستییەکانی شەڕیان بۆ دابین کراوە'.
پارتی و یەکێتی و هەردوو هێزی ٨٠ و هێزی ٧٠ لەبارەی دواکەوتنی مووچەی هێزە ئەمنییەکانەوە یەکتری تۆمەتبار دەکەن کە بەوەی ناوی کوردانی پارچەکانی تریان لە لیستەکانیدا نانوسکردووە.