سەرۆکی لیستی پارتی لە بازنەی دهۆک دورخرایەوە

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە بازنەی دهۆک دوورخستەوە، بەهۆی ئەوەی مەرجەکانی کاندیدبوونی تێدا نەبوو. 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٣ی تەموزی ٢٠٢٤ ڕایگەیاند" حاکم محەمەد شەرەفانی سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی پارێزگای دهۆک دورخرایەوە". 

لەبارەی هۆکارى سەرەکی دوورخستنەوەى سەرۆکى لیستى پارتى لە بازنەی دهۆک، سەرچاوەکەی کۆمسیۆنی عێراق ئاماژە بەوەدەکات، حاکم محەمەد شەرەفانی، بەهۆی ئەوەی ناسنامەکەی دهۆک نییە و خەڵکی نەینەوایە دوورخراوەتەوە و ناتوانێت بەشداری لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا بکات.

دوای چەندین جار لە دواخستنی، بڕیارە ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت. 

بۆ هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمان حزبی پارتی دیموکراتی کوردستان ١٩٠ کاندیدی هەیە، یەکێتی ١٧٢ کاندید، بەرەی گەل ١٢١ کاندید، کۆمەڵی دادگەری ٥٩ کاندید، یەکگرتووی ئیسلامی ٧١ کاندید و رەوتی هەڵوێست ٧٤ کەسی کاندید کردووە. 
 
هەروەها لەم هەڵبژاردنەدا بۆ پارێزگای سلێمانی ٣٨ کورسی، هەولێر ٣٤ کورسی، دهۆک ٢٥ و هەڵەبجە ٣ کورسی دیاریکراون.

لە هەریەک لە هەولێر و سلێمانی ٢ کورسی بۆ کۆتای کریستیان و تورکمان دانراون، لە پارێزگای دهۆکیش یەک کورسی بۆ کۆتای ئەرمەن تەرخانکراوە.


PM:01:10:23/07/2024