لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" تهقهكردن له بارهگاكهمان هیچ زیانی گیانی نەبووە، بەڵام پێشهاتێکی خراپە".
لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە له راگهیهندراوێكدا بڵاویکردەوە" کاتژمێر (١:٥٠) خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هێرشێکی ترسنۆکانەدا بارەگای لقی ٣ی پارتیمان کرایە ئامانج، بەڵام ئاگای و هۆشیاری پاسەوانەکانی بارەگای لق ئەم هەوڵەی پوچەڵ کردەوە".
دەشڵێت" دیارە مەبەستی سەرەکی هێرشەکە بە ئامانجگرتنی خاڵێکی بارەگای لقمان بووە، یەکەمجار تەقە لەوێکراوە و مەبەستەکەش ئەوە بووە، دواتر بێنە نێو لقەوە و کردەوەی تیرۆریستی بکەن، لە دوو شوێنی جیاوازەوە بە قەناسە و دەستڕێژ، تەقە لە بارەگاکەمانکراوە، بەڵام پاسەوانەکانی بارەگای لق وەڵامیان داونەتەوە".
ڕاشیگەیاندووە" ڕووداوەکە هیچ زیانی گیانی نەبووە، بەڵام پێشهاتێکی خراپە و پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد لە بابەتەکە بکرێت، لقی سێی پارتیمان، لەسەر سیاسەتی خۆی کە پێکەوە ژیان و تەبایی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانە بەردەوامە، هەموو جۆرە هەوڵێکی لەم شێوەیەش جگە لە شکستخواردنی نەیاران و پووچەڵ بوونەوەی پیلانەکانیان، هیچ دەرەنجامێکی ئەوتۆی نابێت".