بافڵ تاڵەبانی دەستخۆشی لەو هەڵبژاردنە دەکات لە موسڵ پارتیان کردە دەرەوەی یاریەکە


لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەفدێکی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ، بافڵ تاڵەبانی دەستخۆشی لەو هەڵبژاردنە کرد کە بۆ ژمارەیەک پۆستی ئیداری لە شەنگال و مەخمور ئەنجام دراو، ئەنجامەکەی پارتی کرایە دەرەوەی گەمەکە و، تا ئێستاش کێشە لەسەر ئەو گۆڕانکاریانە هەیە.
 
لە راگەیەندراوێکی نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی هاتووە" بافڵ تاڵەبانی لە دیدارەکەدا وێڕای دەستخۆشی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكە بۆ هەڵبژاردنی رێگە یاسایی و دروستەكە بۆ گۆڕانكارییە ئیدارییەكان، راشیگەیاند، پاراستنی مافی لایەنە براوەكان لە پارێزگاكە هەنگاوێكی گرنگ بوو بە ئاڕاستەی پارێزگاریكردن لەو فرەڕەنگییەی لە نەینەوا هەیە".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووشە "سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەشكرد، پێكهاتەی نوێی ئەنجوومەنەكە نوێنەرایەتیی راستەقینەی خەڵك دەكات و رەنگدانەوەی خواستی دانیشتووانەكەیەتی، ئەو لێكتێگەیشتن و هەماهەنگییەی نێوان لایەنەكانیش كە بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگاكە دروستبووە مایەی خۆشحاڵییە و پشتیوانیی لێدەكەین".

بەپێی راگەیاندنەکە لەدیدارەکەدا هەماهەنگیی نێوان سەرجەم لایەنەكان و یەكخستنی هەوڵەكان بۆ خزمەتكردن و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە گفتوگۆی لەبارەوەكرا، جەخت لە هاریكاریی زیاتر و كاری هاوبەشی هەموولایەك كرایەوە لەچوارچێوەی بەدیهێنانی داهاتوویەكی سەقامگیرتر و دووركەوتنەوە لەهەموو دەمارگیرییەك كە زیان بە دۆخی پارێزگاكە بگەیەنێت".
".
رۆژی 2ـی تەممووزی 2024، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کۆبووەوە و گۆڕانکاری لە 20 پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەی پارێزگاکەدا کرد، لەنێویاندا قایمقامی شنگال و مەخموری هەڵبژارد.

هاوکات فراکسیۆنی پارتی و نەینەوای یەکگرتوو بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد و دواتر فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند، ئەندامێتی خۆی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵدەپەسێرێت.، هەروەها لەسەر ئاستی عێراقیش سودانی داوای راگرتنی ئەو گۆڕنکاریانەی کرد، محسن مەندەلاویشی سەرۆکی پەرلەمان بە وەکالەت هەمان هەڵوێستی نیشان دا.



PM:12:57:29/07/2024