مامە ریشە یەکێک بووە لەو پێشمەرگانەی لەساڵی١٩٧٠دا لەفەلەستین پێشمەرگەبووە، لە ساڵی ٢٠٢٠ قونسڵی فەلەستین لەهەولێر رێزلێنانین بۆ کرد
ئیسماعیل هەنیە کەسی یەکەمی بزووتنەوەی حەماس کە بەرەبەیانی ٣١ ی تەموز لە تاران کرایە ئامانجی ئیسرائیلیەکان، رای پۆزەتیڤ نەبووە لەسەر کورد و پێشمەرگەو بە نۆکەری ئەمەریکا و رۆژئاوای ناوزد کردوون، هاوکات پێشمەرگەشی بە هێزێکی " چەتە" ناوبردووە.
هەنییە کە لە ٢٠٠٦دا بوو بە سەرۆک وەزیرانی فەلەستین دوای ساڵێکیش لە دەرپەڕاندنی مەحمود عەباس و فەتح وەک سەرۆک وەزیرانی حەماس ( دەستلەکاركێشاوە لە غەزە مایەوە) چەند جارێک لە وتارەکانیدا هێرشی کردۆتە سەر کورد و پێشمەرگە.
لە سەرەتای بوون بە سەرۆک وەزیرانی فەلەستین، لەوتارێکدا هێزی پێشمەرگەی بە"چەتە"و "باند" ناوبرد.
دوای چەند رۆژێک جەلال تاڵەبانی و یەکێتیش لەوەڵامدا ئەویان بە کەسێکی "شۆڤێنی" ناوبرد کە "ستایشی تیرۆریستان دەکات و تا ئێستاش بۆ رژێمی سەدام دەگری".
لەوتارێکیدا لەبەردەم جەماوەرێکی زۆردا لەفیستیڤاڵی "خۆڕاگری" لەکەرتی غەزە رۆژی ٦ی ١٠ی ٢٠٠٦، کاتێک ویستی بەرگری لەو هێزە جێبەجێکارە بکات بزوتنەوەی حەماس بۆ جێگرتنەوەی هێزە ئەمنییەکانی فەلەستین کە بەبڕیارێکی ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ پێکهێنراون، بەتوندی ئەوەی رەتکردەوە هێزی جێبەجێکردنیان "باند یان میلیشیا" بێتو بەراورد بکرێت بەپێشمەرگە، هەنیە وتی "خۆ ئێمە چەتەو عەسابەو باند نین وەک (پێشمەرگەی کورد).
تاڵەبانی کە سەرۆک کۆماری عێراق بوولە وەڵامی ئەم قسانەی "هەنیە"دا، لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی بی بی سی، هەنیەو سەرکردەکانی بزوتنەوەی حەماسی بەوە تۆمەتبار کرد کە ستایشی تیرۆرو ئیدانەی پێشمەرگە دەکەن، تاڵەبانی وتی "سەرکردایەتی بزووتنەوەی حەماس بەبێ رەچاوکردنی هیچ بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی، یان پەیوەندییەکانی عێراقو فەلەستین، هەندێکجار بەبێ هیچ هۆکارێک ستایشی تیرۆریستانو سوکایەتی بەپێشمەرگە دەکەن".
دوای ئەم وتانەی تاڵەبانی، یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش لەبەیاننامەیەکدا بەتوندی رەخنەی لەم قسانەی ئیسماعیل هەنیە گرتو رایگەیاند "قسەکانی هەنیە لەدیدێکی شۆڤێنیو بەعسیانەوە سەرچاوە دەگرێت بەرامبەر بەکورد، چونکە تا ئێستاش سەرکردەکانی حەماس بۆ رژێمی سەدام دەگرین".
لەئەنجامی دەربڕینی ئەم ناڕەزاییانەشدا، ئیسماعیل هەنیە بەفەرمی پۆزشی بۆ سەرۆک کۆماری ئەوکاتی عێراق، جەلال تاڵەبانی هێنایەوە.
بزووتنەوەی رزگاری خوازی فەلەستین لە کۆتایی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی رابردوودا پەیوەندیەکەی توندتۆڵیان هەبووە لەگەڵ سەرکردایەتی بزووتنەوەی رزگاری خوازی فەلەستین بە تایبەتی لەسەردمی عەرەفاتدا، ئەو پەیوەندییەش لەگەڵ یەکێتی دا زیاتر بووە، هەر لەو سەردەمانەدا هەردوولا هاوکاری مادی و سەربازی یەکتریان کردووە، ئەمە جگە لەوەی چەندان پێشمەرگە لە فەلەستین دژی سوپای ئیسرائیل جەنگاون، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئەو پەیوەندییە لەگەڵ لایەن ئیسلامییەکانی فەلەستین لاواز بووە.
رێکخراوە فەلەستینییەکان بە نیشتمانی و ئیسلامییەکانەوە پەیوەندیەکی باش و نایابیان لەگەڵ رژێمی پێشوو بەتایبەتی سەدامدا هەبووەو زۆر کۆمەکی دارایی و سەربازی کردوون.