سبەی فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەجیا لەگەڵ سودانی کۆدەبنەوە

بڕیارە سبەی شەممە لە بەغدا محەمەد شیاع سودانی بەجیا لەگەڵ هەریەکە لە فراكسیۆنی پارتی و فراکسیۆنی یەکێتی و بابلیۆن لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك  كۆببنەوە و تاوتوێی پرسی پێكهێنانی ئیدارەی خۆجێی كەركوك و پارێزگاری شارەكە بکەن.

بڕیارە سبەی شەممە ٣ی ئابی ٢٠٢٤، هەریەکە لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بابلیۆن لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك، سەردانی بەغداد بکەن و لە دوو کاتی جیاوازدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی کۆببنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان، لە کۆبوونەوەکاندا تاوتوێی پرسی پێكهێنانی ئیدارەی خۆجێی كەركوك و هەڵبژارنی پارێزگاری شارەكە دەكەن.

کۆبوونەوەی سبەینێ سودانی لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی و بابلیۆن دوای ئەوەی دێت کە رۆژی پێنج شەممەی رابردوو کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەسەر داوای سەرۆک وەزیرانی عێراق دواخرا.

لە چەند رۆژی رابردوودا یەکێتی نیشتمانی کوردستان توانیوێتی لەگەڵ گروپێک لەناو کوتلەی عەرەبی و هاوکات لەگەڵ بابلیۆن هاوپەیمانییەتێک بکات و زۆرینە بەدەست بێنێت، بەڵام هێشتا لەسەر تورکمان و گروپەکەی تری نێو لیستی عەرەبی ماوەتەوە، هاوکات سودانی هەفتەیەکی کات داوە بۆ ئەوەی رێککەتن بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک، و ئەو جەخت لە حکومەتێک دەکاتەوە کە هەموویان تێێدا بەشداربن.
 









PM:08:16:02/08/2024