" لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە ٣٣٤ کەس بە ماددەی دوو و چواری تیرۆر دەستگیرکراون"

لێپرسراوی ڕاگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت" داعش مەترسیە و هەموو کات مەترسی بوون لەسەر ئاسایشی وڵات، بە تایبەت لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم، و لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ هەتا مانگی حەوت ١٧٣ کەسمان دەستگیرکردووە بە ماددەی ٢ی تیرۆر، وە ١٦١ کەسیش بە ماددەی ٤ی تیرۆر و سەرجەمیان بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکراون".

سەلام عەبدولخالق لێپرسراوی ڕاگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" داعش مەترسیە و هەموو کات مەترسی بوون لەسەر ئاسایشی وڵات، بە تایبەت لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم کە بۆشایی ئەمنی هەیە و ماوە ماوە کاری تێکدەرانە ئەنجام دەدەن."

وتیشی" ئامارێکمان هەیە بۆ ساڵی ٢٠٢٤ هەتا مانگی حەوت ١٧٣ کەسمان دەستگیرکردووە بە ماددەی ٢ی تیرۆر، وە ١٦١ کەسیش بە ماددەی ٤ی تیرۆر و سەرجەمیان بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکراون، ئەم گروپانە لە سنوری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، شارەزوور، ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین، خەریکی خۆ ڕێکخستن و خۆ ئامادەکردن بوون و ئێمە سەرجەمیانمان دەستگیرکردووە."

ئاماژەی بەوەشداوە کە بەشێکی زۆر لەو ئەندامانەی ڕێکخراوی "داعش " کە خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی عێراقن، ڕادەستی هێزە ئەمنیەکانی عێراق کراونەتەوە.

" لە ساڵی ٢٠١٤وە سەرەتای سەرهەڵدانی داعشەوە هێزەکانمان ڕووبەڕووی تیرۆرستان بوونەتەوە، لە ساڵێ ٢٠١٤ هەتا ساڵی ٢٠٢٤، (١١٥٠) کەسمان دەستگیرکردووە کە چەکداری و ئەندامی داعش بوون، زۆرینەشیان لە تورکیاوە خۆیان ڕێکخستۆتەوە و لە ئێرانەوە داخڵی هەرێم بوون، بەڵام ئێمە توانیومانە دەستگیریان بکەین و بە بڕیاری دادگا دەستگیرکراون و ڕادەستی حکومەتی عێراق کراونەتەوە."( سەلام عەبدولخالق وای وت).


راشیگەیاند" لەو ژمارەیە ١٤٦ کەسیشمان بە ماددەی تیرۆر دەستگیرکردووە کە کوردن و خەڵکی شوێنە جیاجیاکانی هەرێمن و سەرجەمیان ئەندامی داعشن و ژنیش لە ناویاندا هەیە، بەڵام کەمترن لە پیاوەکان، لە ناویاندا هەندێکیان هەوڵیان داوە کۆچ بکەن بۆ ناو داعش."

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئۆپەراسیۆن دڵنیایی دایە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە پارێزراوی ئاسایش و ئەمنی هەرێم.


دەنگی (ئەمریکا) لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەک بڵاویکردووەتەوە کە " فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕۆژاوای نەینەوای سوپای عێراق ڕۆژی ٢٢ ی مانگی حەوتی ٢٠٢٤، بانگەوازێکی نهێنی ئاڕاستەی هێزە سەربازییەکان کردووە و هۆشداری پێداون لە دزەکردنی چەکداری داعش لە سوریاوە بۆ عێراق".

لە میانی کۆبوونەوەیەکیشیدا لەگەڵ باڵیۆزی چیک لە عێراق، ڕۆژی ٢١ ی حەوتی ٢٠٢٤، قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق هۆشداری داو کەمپی هۆلی سوریای بە مەترسی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دانا.



PM:10:46:02/08/2024