نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵیی (ئیرنای ئێرانی) دەڵێت" ئەو کەس و لایەنسنەی هەوڵ دەدەن بڵێن ئەو مووشەکە یان درۆنەی هەنیەی پێ تیرۆر کراوە لە هەرێمی کوردستانەوە تەقێنراوە، دەدیانەوێت جارێکی دیکە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و هەولێر تێکبدەن".
نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵیی (ئیرنای ئێرانی) ڕایگەیاند" هەندێک کەس و لایەن هەوڵ دەدەن بڵێن ئەو مووشەکە یان درۆنەی هەنیەی پێ تیرۆر کراوە لە هەرێمی کوردستانەوە تەقێنراوە، ئەوانە هەوڵ دەدەن جارێکی دیکە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و هەولێر تێکبدەن، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەو ئامانجە بەدی نایەت چونکە بەمدواییە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە هەموو کاتێکی دیکە باشتر بووە".
وتیشی" ئەم تیرۆرە دەبێتە هۆی دروستبوونی گرژیی زیاتر لە نێوان جیهانی ئیسلامی لەگەڵ ئیسرائیل و بە بۆچوونی نازم دەباغ، وەڵامی ئێران لە کاتی خۆیدا روودەدات, بەتایبەت کە رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای تۆڵەکردنەوەی خوێنی هەنیەی کردووە".
هەر ئەمڕۆ فەرماندەی سوپای پاسداران هەڕەشەی وەڵامێکی توند لە ئیسرائیل دەکات و دەڵێت" تەلئەبیب بەو شێوازە تێدەگات بە کوشتنی ئیسماعیل هەنییە لە تاران، هەڵەی کردووە".
ئیسماعیل هەنییە ڕۆژی ٣١ی تەمووز کە بە مەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی، مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی نوێی کۆماری ئیسلامی لە ئێران بوو، لە ڕێی مووشەکێکەوە لە شوێنی حەوانەی خۆی لە تاران کوژرا.
لە دوای ئەو ڕووداوەوە دۆخێکی گرژ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بووە، ئەویش دوای ئەوەی بەرپرسانی باڵای ئێران جەختیان کردەوە کە تۆڵەی ئەو هێرشە لە ئیسرائیل دەکەنەوە.