"دوورخستنەوەی سێ حزبی نزیک لە پەکەکە لە هەڵبژاردنی هەرێم کارێکی ڕاست و ژیرانە"

هۆشیار زێباری لەبارەی بڕیارەکەی دوێنێی ئەنجوومەنی دادوەری عێراق ڕایدەگەیەنێت" دوورخستنەوەی سێ حزبی نزیک لە پەکەکە لە هەڵبژاردنی هەرێم کارێکی ڕاست و ژیرانەیە". 

هۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵاتی (ئێکس) ڕایگەیاندووە" بڕیاری دەستەی دادوەری لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ دوورخستنەوەی سێ حزبی کوردی سەر بە پەکەکەی تورکیا لە هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارێکی ڕاست و ژیرانەیە". 

دەشڵێت" هەرسێ حزب بوونەتە ڕژێنێکی شێرپەنجەی لە جەستەی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی، هەروەها فاکتەرێکی ناسەقامگیری و ئاژاوەگێڕن".

دوێنێ دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكان لە ئەنجوومەنی دادوەری عێراق، بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی (پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزیدی، پارتی بەرەی خەباتی دیموکراتیک، پارتی ته‌ڤگه‌ری ئازادی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان، بەهۆی پەیوەندییان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە). 

هەروەها ئێوارەی دوێنێ تارا حسێن هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی كوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوایندا هەلوێستی ڕاگەیاند و وتی" بریاری قەدەغەکردنی حیزبەکەیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی کوردستان دەستی دەرەکی و خەیانەتکاری لە نێودایە".

وتیشی" ئێمە هێزێکی مەدەنی و دیموکراتین و حکومەتی عێراق خەریکە داواکارییەکەی ئەردۆغان جێبەجێی دەکات کە لە سەردانەکەی بۆ عێراق داوای کرد ئەو حیزبانەی لە پەکەكە نزیکن قەدەغە بکرێن یان دابخرێن". 


AM:09:05:07/08/2024