پارتی: ئاگاداری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک نین

پارتی بێ ئاگایی خۆی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک راگەیاند.

حەسەن مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە میدیای حزبەكەی راگەیاند"  ئاگاداری ئەو کۆبوونەوەیە نین کە گوایە ئەمڕۆ لە هوتیل ڕەشید دەکرێت و تێیدا پارێزگاری کەرکووک دیاری دەکرێت".
وتیشی" نە بە شێوەی یاسایی و نە بەفەرمی، ئاگادار نەکراوینەتەوە لەبارەی كۆبوونەوە جا چ لەنێو باڵاخانەی ئەنجومەن، چ لە دەرەوەی باڵاخانەكە".

بەیانی ئەمڕۆ میدیاکانی یەکێتیی نیشتمانی بڵاویانکردەوە ئەمڕۆ کاتژمێر هەشت لە بەغدا ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک کۆدەبێتەوەو تێێدا پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنەکە هەڵدەبژێردرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە وادەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ لایەنەکانی کەرکوک کەمتر لە ٢٤ کاتژمێری ماوەو هێشتا لایەنەکان لەسەر دیاری کردنی پارێزگاری نوێی شارەکەیان ڕێکنەکەوتوون.



PM:02:35:10/08/2024