سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند'' هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەواوکردووە و دوای پەسەندکردنی لیستی کاندیدەکان، کاتی بانگەشەکردن دیاری دەکرێت ".
ئەمڕۆ دووشەممە، حاکم عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە هەولێر ڕایگەیاند" هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەواوکردووە کە بڕیارە ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمی داهاتوو بەڕێوەبچیت".
ڕوونیشیکردەوە کە ئەمڕۆ دووەم هەڵبژاردنی ئەزموونیی ئەنجام درا و دوو هەڵبژاردنی دیکەی ئەزموونیش ئەنجام دەدرێت،و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکە ڕادەگەیەنن.
سەرۆکی کۆمسیۆن ڕایگەیاند" بەڵێن بە دەنگدەرانی کوردستان دەدەن کە بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و بە پێی پێودانگە نیودەوڵەتییان بۆ پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببەن".
سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنیش، سەرۆکی کۆمسیۆن ڕایگەیاند" دوای پەسەندکردنی لیستی کاندیدەکان، ئەنجومەنی کۆمسیاران کۆدەبێتەوە بۆ دیاریکردنی کاتی بانگەشەکردن".