لە شاری هەولێر گەزیزە عومەر خانمە هونەرمەندی دیاری کورد خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشرا.
شەهێن سابیر سەرپەرشتیاری میدیای تیپی شانۆی هاورێیانی گەزیزە، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە" بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم و ئاریان سەڵاح بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و ژمارەیەکى زۆر لە هونەرمەندانى شانۆ و نووسەران و ئەدیبان خەڵاتی بەخشش و ڕێزلێنانی هونەری (کەی مەگەزین) بەخشرا بە ھونەرمەندی شانۆکارى کورد (گەزیزە عومەر) کە زیاتر لە نیو سەدەیە تەمەنی خۆی بەخشیوە بە هونەری کوردی".
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر لەو رێورەسمەدا دواین کتێبی گەزیزە بە ناوی (کلوە بەفرەکان پەنجەکانم ناتەزێنن) ناسێندرا و گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
شەهێن سابیر ڕاشیگەیاندووە" ئەم خەڵاتە لەپای ئەو هەموو خزمەتە دێت کە گەزیزە لەتەمەنێکی مندالییەوە دەبێتە سیمبولی ژنێکی بوێر کە لە هەموو قۆناغە جیاجیاکانی کۆمەڵایەتی سیاسیدا بێدابران خزمەت بە هونەری گەلەکەی دەکات، بە تایبەت سەردەمانێک کە ئەستەم بووە ژن وەک پێویست دەرکەوێت و تواناکانی خۆی نمایش بکات".
گەزیزە عومەر ساڵی ١٩٦١ لە شاری سلێمانی لە دایکبووە، ساڵی ١٩٨٨ لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغداد دەرچووە، دوای ئەوە بڕوانامەی ماستەری لە بەشی شانۆ لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی بەدەستهێناوە، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی هاوڕێیانی گروپی شانۆیی گەزیزە، خاوەنی چەندین سیناریۆ و نمایشی شانۆییە.