بنەماڵەی نیاز دەرگەڵەیی: خوێنڕشتن و تیرۆر بێ باج تێناپەڕێ

بنەماڵەی نیاز دەرگەڵەیی ڕایدەگەیەن" گومانەكان لەسەر كەیسی تیرۆركردنی شەهید نیاز دەرگەڵەیی تا دێت زیاد و زیاتر دەبێت لەلایەن كەس و كار و دۆست و هاوڕێیانی شەهید نیاز"، دەشڵێن" خوێنڕشتن و تیرۆر بێ باج تێناپەڕێت". 

لە ساڵیادی کوژرانی نیاز دەرگەڵەیی ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی، ئەمڕۆ یەکشەممە بنەماڵەکەی بەیاننامەکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن" ئێمە بە درێژایی یەك ساڵی رابردوو هەوڵی ئێجگار زۆرماندا تا دەسەڵاتی ئەمنی ڕازی بكەین كە ڕاست و دروستی ڕووداوەكە بۆ ڕای گشتی ئاشكرابكەن و چیتر ئەو كەیسە بە شاراوەیی نەمێنێتەوە و ئێمەش وەك بنەماڵە، بەرچاوڕوون بین و بتوانین هەنگاوێك هەڵێنین، بەڵام لەو هەوڵەدا سەركەوتوو نەبووین و بەداخەوە كە دەسەڵاتی ئەمنی و سیاسی ئەم ناوچەیە بە بیانووی جیا جیا كەیسەكەیان شاردەوە و بە هیچ شێوەیەك هیچ جۆرە زانیارییەكیان لێی بڵاونەكردەوە".

دەشڵێن" هەر بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ بەرپرسێكی باڵا كۆبووینەوە، تەنها داواكاریمان ئەوە بوو كە ئەو كەیسە دیزەبەدەرخۆنە نەكرێت و بڵاوبكرێتەوە، بەرپرسەكە ڕاشكاوانە وتی (ئێمە وەكو لایەنی تر نین كە ئەوەی ڕووبدات بیخەینە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەكان و سۆشیال میدیا، ئەو كەیسە سیاسییە و ئێوە بۆ ئێمەی جێبێڵن و دڵنیاتان دەكەینەوە كەیسەكە دەیگەیەنینە ئەو شوێنەی كە ئێوەش ئاسودە بكات، ئێمە كارێك ناكەین بەهۆی بڵاوكردنەوەی كەیسێكی لەوجۆرە شەڕی ناخۆ هەڵگیرسێنینەوە)".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" لەو ڕۆژەوە نە هیچ هەنگاوێك لەسەر ئەو كەیسە نراوە و نە هیچ بەرەوپێشچونێكیش هەبووە، بەڵكو بڕوای تەواومان وایە كە ئەم كەیسەش دیزەبەدەرخۆنە كراوە و ئیتر دامودەزگا ئەمنی و حزبییەكانیش هیچ جۆرە هەنگاوێكی لەبارەوە نانێن و فایلەكەی داخراوە، بەڵام نازانین لەبەرامبەر چی؟". 

ڕاشیانگەیاندووە" گومانەكان لەسەر كەیسی تیرۆركردنی شەهید نیاز دەرگەڵەیی تا دێت زیاد و زیاتر دەبێت لەلایەن كەس و كار و دۆست و هاوڕێیانی شەهید نیاز، لە ساتی ڕوودانی كردە تیرۆریستییەكەوە خەڵك دەپرسێت و داوای زانیاریمان لێدەكرێت، بەڵام ئێمە لەسەر داوای دەزگا ئەمنییەكان وردەكاری رووداوەكەمان بەكەس نەوتوە، ئەوەش تا سەر ئاوا نابێت و ناشكرێت چیتر كەیسەكە بەشاراوەیی بمێنێتەوە". 

هەروەها هاتووە" بكوژانی شەهید نیاز و هاوكارانیان وەك هەموو دیكتاتۆر و تیرۆریستانی دونیا مەستی هەبوونی هێز و دەسەڵاتن ئێستا، بێ ئەوەی بیر لەوە بكەنەوە سەدام حوسێنیش لە سەردەمێك هەزاران هێندەی ئەوان هێز و دەسەڵاتی هەبوو، بەڵام دواجار لە كونە مشكێك دەریانهێنا و سزای عادیلانەی خۆی وەرگرت، ڕەنگە پێتانوابێ هێز و پارەی ئێستاتان فریادڕەسی ئەبەدیتانە، بەڵام خوێنڕشتن و تیرۆر، هەرگیز بێباج تێناپەڕێ و ڕۆژێك دێت لەكونە مشك دەرتان بێنین و تۆڵەی هەزاران نیازتان لێبكرێتەوە و وەك سەدام بخرێنە پیسترین زبڵدانی مێژوو". 

دەقى بەیاننامەکە بەمشێوەیەیە: 

هاونیشتمانییانی ئازیز
خزم و دۆست و هه‌ڤاڵانی شه‌هید نیاز
 
ساڵێك لەمەوبەر، كارەساتێكی گەورە و غەدرێكی بێوێنە ڕووی تێكردین و دەستێكی ڕەشی تیرۆر، ڕۆحی پاكی كاك نیازی لێسەندینەوە. ئەو كۆستە گەورەیەی بەسەرمانداهات، تا ئەمڕۆشی لەگەڵدابێت توشی شۆكێكی گەورەی كردوین و ڕۆژ بەڕۆژیش زامەكەی قوڵ و قوڵتر دەبێتەوە لە دڵ و دەروونی كەس و كار و دۆست و هاوڕێیانی كاك نیاز.

لەیەكەم ساڵیادی شەهیدبوونیدا پێویستە زۆر شت بڵێین و زۆرێك لە كەس و كار و دۆست و هاوڕێیان و تەنانەت ڕای گشتی كوردستان ئاگاداربن لە ڕاست و دروستی و زانیاری پشتڕاستكراوه‌ی كردەوە تیرۆریستییەكەی دژ بە شەهید نیاز دەرگەڵەیی.

هەموومان توشی شۆكێكی گەورە بووین بەكردە تیرۆریستیەكەی دژ بە كاك نیاز، بەڵام هەر لە سەرەتای ڕووداوەكە و لە چەند ڕۆژی سەرەتا ئێمە زانیاریمان دەستكەوت، كە رووداوەكە تیرۆری سیاسییە، بۆیە دام و دەزگا ئەمنییەكان داوای مۆڵەتی زیاتر و دانبەخۆداگرتنی زیاتریان لە ئێمە دەكرد، تا رۆژی ٢٣/٩/٢٠٢٣ واتا دوای ٣٦ رۆژ تێپەڕبوون بەسەر كردەوە تیرۆریستییەكە، دەزگا ئەمنییەكان كۆمەڵێك بەڵگە و داتایان نیشانداین، كە خودی كردەوەكە وەك هێلكە پاككرابوو، ئەگەرچی لەسەرەتای ڕووداوەكەوە هەموومان هەمان گومانمان هەبوو، بەڵام هیچ بەڵگەیەكی پێویست لەبەردەست نەبوو و دواتریش هیچ بەڵگەیەكیان نەدا بە ئێمە تەنها نیشانیانداین.

بۆچی هیچ زانیارییەك بۆ ڕای گشتی بڵاو نەكرایەوە؟

ئێمە بە درێژایی یەك ساڵی رابردوو هەوڵی ئێجگار زۆرماندا تا دەسەڵاتی ئەمنی ڕازی بكەین، كە ڕاست و دروستی ڕووداوەكە بۆ ڕای گشتی ئاشكرابكەن و چیتر ئەو كەیسە بە شاراوەیی نەمێنێتەوە و ئێمەش وەك بنەماڵە، بەرچاوڕوون بین و بتوانین هەنگاوێك هەڵێنین، بەڵام لەو هەوڵەدا سەركەوتوو نەبووین و بەداخەوە كە دەسەڵاتی ئەمنی و سیاسی ئەم ناوچەیە بە بیانووی جیا جیا كەیسەكەیان شاردەوە و بەهیچ شێوەیەك هیچ جۆرە زانیارییەكیان لێی بڵاو نەكردەوە، هەر بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ بەرپرسێكی باڵا كۆبووینەوە، تەنها داواكاریمان ئەوە بوو كە ئەو كەیسە دیزەبەدەرخۆنە نەكرێت و بڵاو بكرێتەوە، بەرپرسەكە ڕاشكاوانە وتی (ئێمە وەكوو لایەنی تر نین كە ئەوەی ڕووبدات بیخەینە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەكان و سۆشیال میدیا، ئەو كەیسە سیاسییە و ئێوە بۆ ئێمەی جێبێڵن و دڵنیاتان دەكەینەوە كەیسەكە دەیگەیەنینە ئەو شوێنەی كە ئێوەش ئاسودە بكات، ئێمە كارێك ناكەین بەهۆی بڵاوكردنەوەی كەیسێكی لەوجۆرە شەڕی ناخۆ هەڵگیرسێنینەوە) بەڵام لەو ڕۆژەوە نە هیچ هەنگاوێك لەسەر ئەو كەیسە نراوە و نە هیچ بەرەوپێشچونێكیش هەبووە، بەڵكو بڕوای تەواومان وایە كە ئەم كەیسەش دیزەبەدەرخۆنە كراوە و ئیتر دامودەزگا ئەمنی و حزبییەكانیش هیچ جۆرە هەنگاوێكی لەبارەوە نانێن و فایلەكەی داخراوە، بەڵام نازانین لەبەرامبەر چی؟.

گومانەكان لەسەر كەیسی تیرۆركردنی شەهید نیاز دەرگەڵەیی تا دێت زیاد و زیاتر دەبێت لەلایەن كەس و كار و دۆست و هاوڕێیانی شەهید نیاز، لەساتی ڕوودانی كردە تیرۆریستییەكەوە خەڵك دەپرسێت و داوای زانیاریمان لێدەكرێت، بەڵام ئێمە لەسەر داوای دەزگا ئەمنییەكان وردەكاری رووداوەكەمان بەكەس نەوتوە، ئەوەش تا سەر ئاوا نابێت و ناشكرێت چیتر كەیسەكە بەشاراوەیی بمێنێتەوە.

حزب و بەرپرسە باڵاكان

هێشتا چلەی تیرۆركرانی كاك نیاز تێنەپەڕیبوو، كە هەموومان دركمان بەوەكرد ساردەخەمی و بێباكییەك هەیە لەلایەن حزب و بەرپرسە باڵاكان، تەنانەت وایلێهاتبوو جگە لە كاك (ئارامی قادر خەبات) كە دۆست و خزمێكی بەوەفا و بەهەڵوێستە و تا ئەمڕۆش شەونخونی بۆ ئەو كەیسە دەكات، هیچ بەرپرسێكی تر وه‌ڵامی پرسیارێكی ئێمەی نەدایەوە، هەرچەندە هەریەكە لە بەرپرسی مەڵبەندەكانی راپەڕین و سۆران و سەرۆكی ئیدارەی راپەڕین زۆر هاوكارمان بوون، بەڵام ئەوانیش چاوەڕوانی سەرووی خۆیان بوون و بڕیار لای ئەوان نەبو
 
لەو ساڵەدا سەرباری ئەوەی بنەماڵەكەمان كۆستێكی گەورەی كەوتبوو، ئەوا ئاستەنگی ئێجگار زۆریشمان هاتە بەردەم، لەراستیدا ئێمە ئەو چاوەڕوانیەمان لە حزب نەبوو، پێمانوابوو حزب زۆر لەوە بە هەڵوێستر و گەرم و گوڕتر دەبێت لە بەدواداچوون بۆ كەیسەكە و چارەسەركردنی دەرهاویشتە نەرێنیەكانی، پێمان وابوو حزب بۆ رێزگرتن لە خوێنی شەهید نیاز دەرگەڵەیی، كە پەنجا ساڵ تەمەنی خۆی پێشكەش بەو حزبە كرد و بۆ رێزگرتن لە بنەماڵەكەی كە بۆ رۆژێك لەبەرەی خیانەت و خۆفرۆشاندا نەبوون و نزیك بە سەدەیەكە خزمەت بە نەتەوە و نیشتمانەكەیان دەكەن و لەو رێگەیەشەوە قوربانی و ماڵوێرانی زۆریان بینیوە، بەڵام پێچەوانەكەی دروست بوو، لەماوەی ئەم ساڵەدا بۆمان دەركەوت، كە ئەگەر تەواوی بنەماڵەكەشمان تیرۆركرابووایە هەڵوێستی ئەم حزبە هەمان ئەم هەڵوێستە دەبوو كە لەساڵی رابردوو بینیمان.

دیزەبەدەرخۆنەكردنی كەیسی شەهید نیاز دەرگەڵەیی و شاردنەوە و بێدەنگ بوون لێی هێندەی كردەوە تیرۆریستییەكە بەئازار و پڕ كەسەرە، لەكاتێكدا تێكۆشەرێكی ئەم حزبە لەسەر هەڵوێست و بەرگریكردن لە یەكێتی توشی كێشەیەك دەبێت و دواتر تیرۆر دەكرێت، چۆن دەبێ‌ حزب ئاوا لێی بڕوانێ‌ و كەیسەكەی ئاوا دیزەبەدەرخۆنە بكات؟ بەڵێ‌ كاك نیاز لە شەڕی ناوخۆدا وەك هەزاران كەسی تر فەرماندەی سەربازی بووە، ئەگەر توشی دوژمنداریەك بووبێت لەگەڵ لایەنی بەرامبەر بێگومان و بێ‌ دوودڵی بەهۆی جێبەجێكردنی فەرمانی حزب بووە، حزبیش بەرپرسیارە لە پاراستنی گیانیان نەك هەڕاجكردنی خوێنیان و نیشاندانی بێباكی بەرامبەر بنەماڵەكەیان، لێرەشەوە دەپرسین ئایا تەنها نیاز دەرگەڵەیی بەشداری شەڕی ناخۆی كردبوو؟ تەنها ئەو بەتەنیا شەڕی ناوخۆی هەڵگیرساندبوو؟ لە راستیدا پێویستە ئەوانە باجی هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆیان بخرێتە ئەستۆ كە هۆكاری ئەم شەڕە ماڵوێرانكەرە بوون، نەك ئەوانەی بوونە قوربانی. ئەگەر بڕیاربێ‌ تۆڵە لەوانە بكرێتەوە كە بەشداریی شەڕی ناوخۆیان كردووە، ئەی كێ تۆڵە لەوانە بكاتەوە كە دەستی دوژمنانی كوردیان ماچ كرد لەپێناو بەدەستهێنانی چەند فیشەكێك بۆ كوشتنی براكانیان؟

بكوژانی شەهید نیاز و هاوكارانیان وەك هەموو دیكتاتۆر و تیرۆریستانی دونیا مەستی هەبوونی هێز و دەسەڵاتن ئێستا، بێئەوەی بیر لەوە بكەنەوە سەدام حوسێنیش لەسەردەمێك هەزاران هێندەی ئەوان هێز و دەسەڵاتی هەبوو، بەڵام دواجار لە كونە مشكێك دەریانهێنا و سزای عادیلانەی خۆی وەرگرت. ڕەنگە پێتانوابێ هێز و پارەی ئێستاتان فریادڕەسی ئەبەدیتانە، بەڵام خوێنڕشتن و تیرۆر، هەرگیز بێباج تێناپەڕێ و ڕۆژێك دێت لەكونە مشك دەرتان بێنین و تۆڵەی هەزاران نیازتان لێبكرێتەوە و وەك سەدام بخرێنە پیسترین زبڵدانی مێژوو.

له‌ كۆتاییدا ڕووی ده‌ممان ده‌كه‌ینه‌ هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌رانی شه‌هید نیاز و پێیانده‌ڵێین: كاك نیاز تیرۆر كرا و باجی ئه‌وه‌یدا كه‌ به‌ ڕۆح و گیان به‌رگری له‌ حزبه‌كه‌ی كرد، ئه‌و تا رۆژی شه‌هید بوونیشی له‌ خزمه‌ت ئه‌و حزبه‌دا بوو و بۆ ساتێكیش پشتی تێنه‌كرد، به‌ڵام له‌ رۆژی شه‌هیدبوونییه‌وه‌ حزبه‌كه‌ی بێباكانه‌ خودی كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كه‌شی شارده‌وه‌ و پشتی كرده‌ خه‌بات و قوربانیدانی نزیك به‌ یه‌ك سه‌ده‌ی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هید نیاز ده‌رگه‌ڵه‌یی و وه‌ك بیستوشمانه‌ له‌ دانیشتنێكی به‌رپرسێكی باڵای ئه‌و حزبه‌ وتراوه‌( كه‌یسه‌كه‌ كۆن بوو و پێویست ناكات باس بكرێته‌وه‌) له‌ وه‌ڵامدا ئێمه‌ش ده‌ڵێین لای ئێمه‌ هه‌موو رۆژێك هه‌ژده‌ی هه‌شته‌ و بۆ ساتێكیش گوزه‌ر ناكه‌ین و هه‌ر له‌و ڕۆژه‌شدا ده‌مێنینه‌وه‌ تا كارێك ده‌كه‌ین كه‌ رۆحی شه‌هید نیاز ئاسوده‌ ده‌بێت.

بنه‌ماڵه‌ی شه‌هید نیاز ده‌رگه‌ڵه‌یی
١٨\٨\٢٠٢٤


PM:04:30:18/08/2024