رێكخراوی جاسەنە: تیرۆركردنی رۆژنامەنوسان هیچ پاساوێك هەڵناگرێت

دوای بە ئامانجگرتنی ئۆتۆمبێڵێک لە رێگەی سەید سادق کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی دوو ژنی رۆژنامەنووس رێکخراوی جاسەنە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند" تیرۆركردنی رۆژنامەنوسان هیچ پاساوێك هەڵناگرێت و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی عیراق‌و هەرێمی كوردستان دەكەین، چیتر لەبەرامبەر ئەم پێشێلكارییە بەردەوامانەی سەروەری عیراق بێدەنگ نەبن‌".

دەقی راگەیەنراوەکەی رێکخراوی جاسەنە: 

ئەمڕۆ لە ئاكامی هێرشێكی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر ئۆتۆمبیلێكی رۆژنامەنووسان لە سنوووری شارەزوور، دوو رۆژنامەنوس بە ناوەكانی (گوڵستان تارا‌و هێرۆ بەهادین) كە رۆژنامەنوسی سەر بە كۆمپانیای چەتر بۆ كاری میدیایی بوون، شەهید بوون‌و رۆژنامەنوسێكی دیكەش برینداربووە.

رێكخراوی جاسەنە، بەتوندی سەركۆنەی ئەو هێرشە درۆنییە دەكات‌و بە هەڕەشەیەكی مەترسیداری دەزانێت بۆ سەر كاری رۆژنامەوانی‌و ئازادی رۆژنامەوانیی، لەكاتێكدا ئەو رۆژنامەنوسانە سەرقاڵی كاری پیشەیی خۆیان بوون‌و تیرۆركردنیان هیچ پاساوێك هەڵناگرێت. 
هەربۆیە؛ رێكخراوی جاسەنە، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی عیراق‌و هەرێمی كوردستان دەكەین، چیتر لەبەرامبەر ئەم پێشێلكارییە بەردەوامانەی سەروەری عیراق بێدەنگ نەبن‌و هەڵوێستی روون‌و راشكاویان هەبێت لەپێناو پاراستنی ژیانی هاونیشتیمانیان‌و شكۆی وڵاتدا.


رێكخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕا‌و میدیا
 23ی ئابی 2024

تێبینی: رێكخراوی جاسەنە، رێكخراوێكی سەربەخۆی كۆمەڵگای مەدەنیە‌و لە مانگی ئایاری ساڵی 2021ەوە دامەزراوە‌و داكۆكی لە ئازادی بیروڕاو میدیاو سۆشیال میدیا دەكات.



PM:04:49:23/08/2024