وهزارهتی تهندروستی هەرێم لەبارەی کۆلێراوە هۆشداری بە هاوڵاتییان دەدات و ڕایدەگەیەنێت" نەخۆشییەکی سەختی سکچونە کە بەهۆی هەوکردنی بەکتریا دروست دەبێت".
وهزارهتی تهندروستی ههرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨ی ئابی ٢٠٢٤ لە هۆشدارییەکدا بڵاویکردەوە" کۆلێرا نەخۆشییەکی سەختی سکچونە کە بەهۆی هەوکردنی بەکتریا دروست دەبێت، لە رێگای خواردنی خۆراک یان ئاوی پیس بڵاودەبێتەوە".
دهشڵێت" زۆرێک لەو کەسانەی تووشی کۆلێرا دەبن هیچ نیشانەیەکیان بۆ دەرناکەوێت، بەڵام هەندێکی تر تووشی سکچوونی ئاوی توند و وشکبوونەوەی لەش دەبن کە ئەگەر چارەسەر نەکرێت، دەکرێت کوشندە بێت".
هەر لە هۆشدارییەکەدا تەندروستی هەرێم باس لە نیشانەکانی نەخۆشی کۆلێرا دەکات کە بریتین لە (سکچوونی ئاوی توند، ڕشانەوە، گرژبوونی ماسولکەکان، وشکبوونەوەی لەش وەک ووشکبوونەوەی دەم، تینوێتی زۆر، سەرگێژ خواردن.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کەسانەی لەو ناوچانە دەژین کە پاک و خاوێنییان خراپە و دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاک سنووردارە، زۆرترین مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی کۆلێرا هەیە، هەروەها گەشتیارانی ئەو ناوچانەش مەترسییان لەسەرە و پێویستە ئاگاداری خۆیان بن
"زوو زوو دەستەکانت بە ئاو و سابون بشۆ، بەتایبەت دوای بەکارهێنانی تەوالێت و پێش خواردن، تەنها ئاوی پاک بخۆرەوە، ئەگەر دڵنیا نەبوویت لە سەرچاوەی ئاوەکە، بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی یەک خولەک بیکوڵێنە، تەنها خواردنی تەواو کوڵاو و گەرم بخۆ، پێش خواردنی میوە و سەوزە توێکڵەکەی لێبکەرەوە". (تەندروستی هەرێم لە هۆشدارییەکەدا ئاماژەی بۆکردووە)
وەزارەتی تەندروستی هەرێم لەبارەی چارەسەرییەکانی نەخۆشییەکە باس لەوەدەکات، کۆلێرا نەخۆشییەکە کە چارەسەر دەکرێت و دەستنیشانکردنی پێشوەختە زۆر گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە ئاڵۆزییەکان.
لە کۆتایدا تەندروستی هەرێم هاوڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە کە" ئەگەر هەستت بە نیشانەکانی نەخۆشی کۆلێرا کرد، دەستبەجێ سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکە، چارەسەرکردن دوا مەخە، چونکە وشکبوونی لەش بە خێرایی دەبێتە مەترسی لەسەر ژیان".