رێبەری..هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

ئامادەکردن و نووسینی ئارام جەمال
توێژەر و شارەزای بواری هەڵبژاردن

پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردنKIE 
پرسیارە باو و پێویستەکان
پ1: مێژووی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە کەیەوە دەستپێدەکات؟
پ2: چێوەی یاسایی بۆ رێکخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە کامانەن؟
پ3: ماوەی یاسایی لە نیوان دوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا چەند ساڵە؟
پ4: چ دەستەیەک سەرپەشتی ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستان دەکات؟
پ5: مەرجەکانی بەشداریکردنی دەنگدەر لە هەڵبژاردنەکەدا کامانەن؟
پ6: ژمارەی ئەو دەنگدەرانە چەندن، کە مافی بەشداریکردنیان لەم هەڵبژاردنەدا هەیە؟
پ7: هاوڵاتیانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا دەکەن؟
پ8: مەرجەکانی بەشداریکردنی پاڵێوراو لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکەدا کامانەن؟
پ9: چەند حزب و هاوپەیمانێتی بەشداری لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکەدا دەکەن؟
پ10: هەر حزب و هاوپەیمانێتییەک دەتوانێت چەند پاڵێوراو لە لیستەکەیدا بپاڵێوێت؟
پ11: ژمارەی پاڵێوراوانی حزبەکان و هاوپەیمانێتییەکان لەم هەڵبژاردنەدا چەندن؟
پ12: ژمارەی پاڵێوراوانی سەربەخۆ لەم هەڵبژاردنەدا چەندن؟
پ13: چ سیستمێکی هەڵبژاردن بۆ بردنەوەی کورسیی پەرلەمانی کوردستان پیادەدەکرێت؟
پ14: لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستاندا بەربەستی هەڵبژاردن هەیە؟
پ15: ژمارەی بازنەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چەندە؟
پ16: قەبارە و ژمارەی کورسییەکانی بازنەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چەندە؟
پ17: ژمارەی بنکە و وێستگەکانی دەنگدان لەم هەڵبژاردنەدا چەندە؟
پ18: چاودێرانی ناوخۆ و بیانی و نێودەوڵەتی و میدیاکاران دەتوانن چاودێری هەڵبژاردنەکە بکەن؟
پ19: جۆری لیست لەم هەڵبژاردنەدا چۆنە و دەنگدەر چۆن دەنگدەدات؟
پ20: کێن ئەوانەی لە رۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتیدا مافی سکاڵاکردنیان هەیە؟
پ21: کەی هەڵمەتی هەڵبژاردن دەستپێدەکات؟
پ22: کۆتای ژنان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا پیادەدەکرێت؟
پ23: پێکهاتە نەتەوەییەکان کورسی کۆتایان بۆ تەرخاندەکرێت؟
پ24: ئامێرەکانی تەکنەلۆژیای هەڵبژاردن لە رۆژی دەنگداندا کامانەن؟
پ25: چ لایەنێک ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە پەسەند دەکات؟

پ1: مێژووی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە کەیەوە دەستپێدەکات؟
یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رۆژی (19-05-1992) ئەنجامدرا و دووەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا پێکەوە لە رۆژی (2005-01-30) ئەنجامدران. سێیەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رۆژی (2009-07-25) ئەنجامدرا و چوارەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی 
(21-09-2013) ئەنجامدرا و پێنجەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رۆژی (30-09-2018) ئەنجامدرا و وابڕیارە رۆژی (20-10-2024) لە کاژێر حەوتی بەیانییەوە بۆ کاژێر شەشی ئێوارە دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی کوردستانیش ئەنجامدەدرێت.

پ2: چێوەی یاسایی بۆ رێکخستنی هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی کوردستان کامانەن؟
چێوەی یاسایی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە پێکهاتووە لەمانەی خوارەوە:
- یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەموارکراو.
- یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق ژمارە (31)ی ساڵی 2019
- یاسای حزبەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق ژمارە (17)ی ساڵی 1993.
- یاسای حزبە سیاسییەکان ژمارە (36)ی ساڵی 2015،
- کۆی ئەو پێڕەو و رێنمایی و رێکارانەی لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخی هەڵبژاردنەکانەوە دەرکراون
- بریاری دادگای باڵای فیدرالی ژماره 83 و هەردوو یەکخراوەکەی 131 و 185/2023.
- بڕیاری دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارە 355 رێکەوتی 20/05/2024

پ3: ماوەی یاسایی لە نیوان دوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا چەند ساڵە؟
ماوەی یاسایی لەنێوان دوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا چوار ساڵە و لە یەكەمین دانیشتینیەوە دەستپێدەكات‌ و بە كۆتاییهاتنی دواكۆبوونەوەی ساڵی چوارەم كۆتایی دێت.

پ4: چ دەستەیەک سەرپەشتی ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستان دەکات؟
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی حکومەتی فیدراڵ سەرپەشتی ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستان دەکات، کە لە نۆ ئەندام پێکهاتووە و لەو ژمارەیە حەوتیان دادوەری پلە یەکن و دووانیشیان ئەندامی ئەنجومەنی دەوڵەتن بە سیفەتی راوێژکار.
پ5: مەرجەکانی بەشداریکردنی دەنگدەر لە هەڵبژاردنەکەدا کامانەن؟
مەرجەکانی دەنگدەر بریتین لە:
- هاووڵاتی کوردستان- عێراق بێت
- تەمەنی گەیشتبێتە هەژدە ساڵ.
- ناوی لە تۆماری دەنگدەرانی بایۆمەتریدا هەبێت،
- هەڵگری کارتی بایۆمەتری بێت.

 پ6: ژمارەی ئەو دەنگدەرانە چەندن، کە مافی بەشداریکردنیان لەم هەڵبژاردنەدا هەیە؟ 
لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستاندا (2,899.061) دەنگدەر ناویان لە تۆماری دەنگدەرانی بایۆمەتریدا تۆمارکراوە و لەو ژمارەیە (2,682,942) دەنگدەریان مافی ئەوەیان هەیە لە رۆژی دەنگدانی گشتیدا دەنگبدەن و (216,119) دەنگدەریشیان مافی ئەوەیان هەیە لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا دەنگبدەن، کە 48 سەعات پێش رۆژی دەنگدانی گشتییە و تایبەتە بە دەنگدەرانی هەریەک لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، زێرەڤانی هەرێم (پێشمەرگە) و سوپا، کارمەندانی نەخۆشخانەکان و بەندیخانەکان و بەندکراو و حوکمدراوەکان.

 پ7: هاوڵاتیانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا دەکەن؟
ئەگەرچی لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا ئەوە هاتووە کە دەنگدەرانی دەرەوەی وڵاتیش مافی دەنگدانیان هەیە و رێگرییان لێنەکراوە بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا ئامادەکاریی نەکراوە بۆئەوەی دەنگدەرانی هەندەران دەنگ بدەن.

  پ8: مەرجەکانی بەشداریکردنی پاڵێوراو لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکەدا کامانەن؟
پێویستە هەر پاڵێوراوێک ئەم مەرجانەی تێدا بێت:
1- هاووڵاتی كوردستانی عێراق بێت‌ و لێی نیشتەجێ بێت.
2- شایستەی تەواوی هەبێت‌ و تەمەنی گەیشتبێتە بیست و پێنج ساڵ.
3- خوێندنەوەو نووسین بە تەواوی بزانێت.
4- حوكم نەدرابێت بە تاوانی لەكەدار بە شەرەف ‌و ئادابی گشتی‌ و دەستپاکی.
5- حوكم نەدرابێت بە بەندكردن بە تاوانی كوشتنی بە ئەنقەست یان دزیکردن.
6- بەشداری نەكردبێت لەو تاوانانەی دەسەڵاتی پاكتاوكەر پلانی بۆ داناون‌.
7- ناوی لە تۆماری دەنگدەرانی بایۆمەتریدا هەبێت و هەڵگری کارتی بایۆمەتری بێت.

  پ9: چەند حزب و هاوپەیمانێتی بەشداری لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکەدا دەکەن؟
لەم هەڵبژاردنەدا (13) حزبی سیاسی و (2) هاوپەیمانێتی بەشداری لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکەدا دەکەن بە ئامانجی بردنەوەی (95) کورسی گشتیی پەرلەمان، کە ئەوانیش بریتین لە:
- بزووتنەوەی گۆڕان (ژمارە 114)
- بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی (ژمارە 123)
- یەکێتی نیشتمانی کوردستان (ژمارە 129)
- هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان (ژمارە 133)
- کۆمەڵی دادگەری کوردستان (ژمارە 147)
- یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان (ژمارە 148)
- جوڵانەوەی نەوەی نوێ (ژمارە 157)
- رەوتی هەڵویستی نیشتمانی (ژمارە 161)
- هاوپەیمانی نیشتمانی کوردستان (ژمارە 162)
- هاوپەیمانی سەردەم (ژمارە 164)
- بەرەی گەل (ژمارە 169)
- پارتی دیموکراتی کوردستان (ژمارە 190)
- بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستانی عێراق (ژمارە 198)
لیستی هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان، کە ژمارە (133)ی پێدراوە، پێکهاتووە لە (حزبی شیوعی کوردستان و حزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان و حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان).
 لیستی هاوپەیمانی سەردەم، کە ژمارە (164)ی پێدراوە، پێکهاتووە لە (پارتی پارێزگارانی کوردستان و پارتی رەنجدەرانی کوردستان و پارتی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان). 


 پ10: هەر حزب و هاوپەیمانێتییەک دەتوانێت چەند پاڵێوراو لە لیستەکەیدا بپاڵێوێت؟
لە پێڕەوی (تۆمارکردن و پەسەندکردنی پاڵێوراوان- ژمارە (7)ی ساڵی 2024)دا، 
کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەریکردووە، ئەوە هاتووە، کە (نابێت ژمارەی پاڵێوراوانی هیچ لیستێکی کراوە لە دوو ئەوەندەی ژمارەی کورسییەکانی بازنەی هەڵبژاردنەکە زیاتر بێت). 

 پ11: ژمارەی پاڵێوراوانی حزبەکان و هاوپەیمانێتییەکان لەم هەڵبژاردنەدا چەندن؟ 
لیستی حزبەکان لەسەر ئاستی چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (950) پاڵێوراوی لەخۆگرتووە و بەم شێوەیە دابەشبوون: بازنەی هەڵبژاردنی هەولێر (305) پاڵێوراو، بازنەی هەڵبژاردنی سلێمانی (424) پاڵێوراو، بازنەی هەڵبژاردنی دهۆک (177) پاڵێوراو و بازنەی هەڵبژاردنی هەڵەبجە (44) پاڵێوراو. 
لیستی هاوپەیمانێتییەکان لەسەر ئاستی چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (123) پاڵێوراوی لەخۆگرتووە و بەم شێوەیە دابەشبوون: بازنەی هەڵبژاردنی هەولێر (40) پاڵێوراو، بازنەی هەڵبژاردنی سلێمانی (55) پاڵێوراو، بازنەی هەڵبژاردنی دهۆک (19) پاڵێوراو و بازنەی هەڵبژاردنی هەڵەبجە (9) پاڵێوراو. 

 پ12: ژمارەی پاڵێوراوانی سەربەخۆ لەم هەڵبژاردنەدا چەندن؟
کۆی ژمارەی پاڵێوراوانی سەربەخۆ لەسەر ئاستی چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (84) پاڵێوراوە و بەم شێوەیە دابەشبوون: بازنەی هەڵبژاردنی هەولێر (29) پاڵێوراو، بازنەی هەڵبژاردنی سلێمانی (32) پاڵێوراو، بازنەی هەڵبژاردنی دهۆک (22) پاڵێوراو و بازنەی هەڵبژاردنی هەڵەبجە (1) پاڵێوراو.

 پ13: چ سیستمێکی هەڵبژاردن بۆ بردنەوەی کورسیی پەرلەمانی کوردستان پیادەدەکرێت؟
لەم هەڵبژاردنەدا سیستمی هەڵبژاردنی لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی پیادەدەکرێت و گۆڕینی دەنگی بازنەکان بۆ کورسی بە شێوازی هێر- نمایەرە. ئەم شێوازە لە بەرژەوەندی لیستە بچووکەکانە چونکە لە قۆناغی دووەمی دابەشکردنی کورسییە دابەشنەبووەکاندا پیادەی (زۆرترین دەنگی ماوە – باقی الاقوی) دەکات.

 پ14: لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستاندا بەربەستی هەڵبژاردن (العتبە الانتخابیە) هەیە؟
نەخێر هیچ بەربەستێکی هەڵبژاردن (العتبە الانتخابیە) لەبەردەم لیستەکاندا دانەنراوە و ئەوەش هۆکارێکی یارمەتیدەر دەبێت لە دروستبوونی فرەڕەنگی لەناو هۆڵی پەرلەمانی داهاتووی کوردستاندا.

پ15: ژمارەی بازنەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چەندە؟
بە بریاری دادگای باڵای فیدرالی ژماره 83 و هەردوو یەکخراوەکەی 131 و 185/2023، هەرێمی کوردستان لەم هەڵبژاردنەدا کرایە چوار بازنەی هەڵبژاردن و سنوری ئیداریی هەریەک لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە کرانە بازنەیەکی هەڵبژاردن. 

 پ16: قەبارە و ژمارەی کورسییەکانی هەریەک لە بازنەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چەندە؟
بەو پێیەی کۆی ژمارەی کورسییە گشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان (95) کورسییە و هەرێمی کوردستانیش چوار بازنەی هەڵبژاردنە، لەبەرئەوە کورسییەکان بەم شێوەیەی خوارەوە دابەشکراون: 
- بازنەی هەڵبژاردنی هەولێر: 32 کورسی ، - بازنەی هەڵبژاردنی سلێمانی: 36 کورسی
- بازنەی هەڵبژاردنی دهۆک: 24 کورسی ، - بازنەی هەڵبژاردنی هەڵەبجە: 3 کورسی 

پ17: ژمارەی بنکە و وێستگەکانی دەنگدان لەم هەڵبژاردنەدا چەندە؟
کۆی ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی تایبەت و گشتی (1427) بنکەیە و لەو ژمارەیەش (559) بنکەیان لە سنوری بازنەی هەڵبژاردنی هەولێرە و (532) بنکەشیان لە سنوری بازنەی هەڵبژاردنی سلێمانییە و ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی دهۆکیش (296) بنکەیە و لە سنوری بازنەی هەڵبژاردنی هەڵەبجەش (28) بنکە هەیە. هاوکات لە دەرەوەی ئەم چوار بازنەی هەڵبژاردنەش (12) بنکەی دەنگدانی دیکە لە پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە، نەینەوا، ئەنبار، واسیت، بەغدادی کەرخ و رەسافەش بۆ دەنگدانی تایبەت دانراون.

پ18: چاودێرانی ناوخۆ و بیانی و نێودەوڵەتی و میدیاکاران دەتوانن چاودێری هەڵبژاردنەکە بکەن؟ 
لە هەموو هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا سەدان و بگرە هەزاران چاودیری ناوخۆی سەر بە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چاودێرانی بیانی و نێودەوڵەتی و میدیاکاران چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانیان کردووە و راپۆرتیان لەبارەی بەڕیوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەکەوە  ئامادەکردووە. 

 پ19: جۆری لیست لەم هەڵبژاردنەدا چۆنە و دەنگدەر چۆن دەنگدەدات؟
جۆری لیستەکە کراوەی سنوردارە (نیمچەکراوە)، واتە لەپاڵ ئەوەی دەنگدەر لەسەر کارتی دەنگدانەکەی دەنگ بە لیستێک دەدات هاوکات دەتوانێت دەنگێکیش بداتە یەکێک لە پاڵێوراوانی هەمان ئەو لیستەی دەنگی پێداوە. بەو پێیەی لەم سیستمی هەڵبژاردنەدا لیست لە سەنتەردایە لەبەرئەوە دەنگدەر پێویستە دەنگ بە لیستەکە بدات، ئەگەرنا دەنگەکەی دەسوتێت، بە واتایەکی تر ئەگەر دەنگدەر تەنها دەنگ بە کاندیدێک بدات بەبێ ئەوەی دەنگی بە لیستێک دابێت ئەوا دەنگەکەی بە پووچەڵ هەژمار دەکرێت و دەسوتێت.

پ20: کێن ئەوانەی لە رۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتیدا مافی سکاڵاکردنیان هەیە؟
بە ئامانجی پاراستنی پاکژیی و بێگەردیی لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە، هەریەک 
لە دەنگدەران و بریکارانی حزب و هاوپەیمانێتی و بریکاری پاڵێوراوانی سەربەخۆ مافی سکاڵاکردنیان هەیە و دەتوانن لە رۆژی دەنگداندا فۆرمی ژمارە (110) و زەرفێکی قەبارە (A5) لە رێکخەری بنکەی دەنگدانەکەیان وەربگرن و پڕی بکەنەوە و دواتر لە کۆی سێ نوسخە کاربۆنییەکە دوو نوسخەیان بخرێتە ئەو سندوقی سکاڵاکردنەی کە لە هەر بنکەیەکدا هەیە و کۆپییەکیش لەلای خۆیان هەڵبگرن. 

پ21: کەی هەڵمەتی هەڵبژاردن دەستپێدەکات؟
هەڵمەتی هەڵبژاردنی لیست و پاڵێوراوەکان لە رۆژی (16-09-2024)وە دەستپێدەکات واتا کۆتایی رۆژی (15-10-2024) بەردەوام دەبێت، دوابەدوای ئەوە دەمودەست "متبوونی هەڵبژاردن- الصمت الانتخابی) بۆ ماوەی دوو رۆژ  درێژەی دەبێت و رۆژی دوای ئەوە (18-10-2024) دەنگدانی تایبەت بۆ ماوەی یەک رۆژ ئەنجام دەدرێت.

پ22: کۆتای ژنان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا پیادەدەکرێت؟
بەڵێ، لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، رێژەی (%30) بۆ کۆتای ئافرەتان دیاریکراوە، بەم شێوازە دەوترێت (باشترین نەبراوەکانی کاندیدانی مێ- الخاسرات الافچل) لەبەرئەوەی دەبێت لەنێوان هەر سێ کاندید و هەر سێ براوەی ناو لیستێکدا یەکێکیان ژن بێت بە لەبری دانانی باشترین کاندید/انی نەبراوەی ژن لە جێگەی دواهەمین کاندیدانی براوەی پیاو.

پ23: پێکهاتە نەتەوەییەکان کورسی کۆتایان بۆ تەرخاندەکرێت؟
ئەگەرچی لەم هەڵبژاردنەدا (5- پێنج) کورسی بۆ پێکهاتەکان تەرخانکراوە، بەڵام پێشتر 
لە هەمواری چوارەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەماندا، کە پەرلەمانی کوردستان رۆژی 12/02/2009 دەریچوواند، (11) کورسی بۆ سێ پێکهاتەی نەتەوەیی (کلد و سریان ئاشووری (5 کورسی)، تورکمان (5 کورسی)، ئەرمەن یەک کورسی) تەرخانکردبوو. ئەوەبوو دواتر بریاری دادگای باڵای فیدرالی ژماره 83 کۆی یانزە کورسسیەکەی هەڵوەشاندەوە و دواتر رۆژی 20/05/2024 دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریدا بە تەرخانکردنی (5- پێنج) کورسی بۆ پێکهاتەکان و لەم هەڵبژاردنەدا بەم شێوەیە بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا دابەش بکرێن:
- دوو کورسی بۆ پێکهاتەی تورکمان (یەک کورسی لە سلێمانی، یەک کورسی لە هەولێر).
- سێ کورسی بۆ پێکهاتەی کلد و سریان ئاشووری و ئەرمەن (یەک کورسی لە سلێمانی، یەک کورسی لە هەولێر و یەک کورسی لە بازنەی هەڵبژاردنی دهۆک)

پ24: ئامێرەکانی تەکنەلۆژیای هەڵبژاردن لە رۆژی دەنگداندا کامانەن؟
بۆ یەکەمینجارە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا چەند ئامێرێکی ئەلەکترۆنی کاریان پێدەکرێت، کە ئەوانیش بریتین لە ئامێری هاوتاکردنی ئەلەکترۆنی ناو وێستگەی دەنگدان (جهاز عد التحقق الاکترونی)، کە راست و دروستی ئەو زانیاری و داتا هونەریی و زیندووانە یەکلادەکاتەوە کە پێشتر لەناو کارتی بایۆمەتری دەنگدەرەکە و خودی ئامێرەکەدا خەزنکراون، جگەلەوەی ئامێرەکە بارکۆدی سەر کارتی دەنگدانەکەش خەزندەکات و هەموویان پێکەوە بە کێبڵێکدا دەنێرێت بۆ ئامێرێکی دیکە بە ناوی (ئامێری خێرا ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان -PCOS)، کە سکانی هەردوو دیوی کارتی دەنگدانەکە دەکات و دوای یەکلاکردنەوەی دروستی زانیارییەکان ئەنجامەکان دەنێرێت بۆ ناو فلاشێکی بەستراو بە دیوی پشتەوەی ئامێرەکەوە و لەوێدا هەڵیاندەگرێت و لە قۆناغی ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکانی وێستگەکەدا ئامێرەکە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی راپۆرتی ئەنجامەکانی وێستگەکە لە چەند خولەکێکی کەمدا پرینت دەکات. دواتر کۆی راپۆرتی ئەنجامەکانی وێستگەکانی ناوەندی دەنگدانەکە لە ئامێری (CCOS) کۆدەکرێنەوە و لە رێگەی ئامێری (RTS)ەوە رەوانەی سەنتەری کۆکردنەوە و پۆلێنکردنی داتاکان  دەکرێن لە بەغداد و لە ماوەی  24سەعاتدا  ئەنجامی بەرایی رادەگەیەنرێت. 

پ25: چ لایەنێک ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە پەسەند دەکات؟
دوای ئەوەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان تانە و سکاڵاکان یەکلادەکاتەوە، ئەنجومەنی کۆمسیاران بە زۆرینەی رەهای دەنگی ئەندامانی، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە پەسەند دەکات.



PM:11:14:28/08/2024