كامەران عوسمان لە رێكخراوی سی پی تی ئەمریکی سەبارەت بە هێرشە درۆنییەكەی ئەمڕۆی توركیا لە نزیك سنووری خەلەكان، دوایین زانیارییەکانی ڕاگەیاند و دەڵێت" موزەفەر حوسێن خدر پیشەی كڕین و فرۆشتنی چەك بووە لە مەیدانی قەزای حاجیاوا".
کامەران مەلا عوسمان ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (سی پی تی) ئەمریکی، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێکی نوێدا بڵاویکردەوە" سەرجەم قوربانییانی بۆردومانەکەی خەلەکان، سەر بە یەک خێزانن و دانیشتووی گوندی کفرەدۆڵی سەر بە قەزای حاجیاوان".
ئەندامەکەی ڕێکخراوی (سی پی تی) ئەمریکی ڕاشیگەیاندووە" موزەفەر حوسێن خدر، خەڵکی گوندی ماخۆمەزنانی سەر بە ناحیەی سەنگەسەر، لە قەزای پشدەر بووە، پیشەی کڕین و فرۆشتنی چەک بووە لە مەیدانی قەزای حاجیاوا".
کامەران عوسمان ئەوەشی خستەڕوو، لە هەمان ڕووداودا دوو کوڕی ناوبراو بە ناوەکانی محەمەد موزەفەر حوسێن تەمەن ١٨ ساڵ، خوێندکاری پۆلی ١٢ی ئامادەیی و موبین موزەفەر حوسێنی تەمەن ١٤ ساڵ،خوێندکاری پۆلی ٩ی بنەڕەتی بووە گیانیان لەدەستداوە.
کاتژمێر (١:٢٥) خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە لە نزیک ناحیەی خەلەکان، لە ڕێگەی درۆنەوە ئۆتۆمبێلێکی جۆری لاندکروزەر کە ژمارەکەی سلێمانی بووە کرایە ئامانج، لە ئەنجامدا سێ سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستدا.