ناوی ئەو بانکانەی مووچەی مووچەخۆرانی لێ بە بانکی دەکرێت بڵاوکرایەوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ژمارە و ناوی بانکە مۆڵەتپێدراوەکانی لە هەرێم بڵاوکردەوە کە مووچەی مووچەخۆرانی لێ بەبانكی دەكرێت.

نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە هەژماری تایبەت خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی" لە وەڵامی نووسراوێکی دادگای باڵای فیدڕاڵی کە پەیوەستە بە پرسی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بانکی ناوەندیی عێراق لیستی ناوی ئەو بانکانەی ناردووە بۆ دادگای فیدڕاڵی کە مۆڵەتپێدراون و لە هەرێمی کوردستان لقیان هەیە و کاردەکەن".

ئاماژەی بەوەشکردووە کە بەپێی نووسراوەکە لە کۆی ٦٦ بانکی مۆڵەتپێدراو ٣٩ بانکیان لقیان لە شارەکانی هەرێم هەیە، لەو ژمارەیەش ٣٤ بانک لقیان لە هەولێر، ١٨ لق لە سلێمانی و ١١ بانکی دیکەشیان لقیان لە دهۆک هەیە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەشڵێت" هەربەپێی زانیارییەکانی ناو ئەو لیستە لەکۆی حەوت بانکی حکومەتی عێراق تەنها یەک بانکیان کە بانکی بازرگانی عێراقە لقی لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەیە".



AM:12:03:05/09/2024