عەلی كەریمی، پێشمەرگەی دێرین و هەڵسوڕاوی سیاسی رۆژهەڵاتی كوردستان سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی وێنەی كە پێشمەرگەیەك پێی لەسەر لاشەی چەكدارێكی داعش داناوە، نامەیەكی ناڕەزایی ئاراستەی وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان دەكات.
لەو نامەیەدا كە عەلی كەریمی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردوەتەوە هاتووە "چەند رۆژێکە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و بە تایبەت فەیسبووک کە هەموو کەسێکی ئەم جیهانە دەستی پێرادەگات، وێنەی بە نێو پێشمەرگەیەک بڵاو بۆتەوە (بڕوانە خوارەوە) کە هەست دەکەم ریسی هەموو ئەم تۆماری بەرخۆدان و قارەمانییەتەی پێشمەرگە دەکاتەوە خوری".
لە چەند رۆژی رابردوودا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك وێنەی حسێن یەزدان پەنا، جێگری سەرۆكی پارتی ئازادی كوردستان بڵاوكرایەوە كە پێی لەسەر لاشەی چەكدارێكی داعش داناوەو ئەمەش بووە هۆی ئەوەی عەلی كەریمی ئەو نامەیە ئاراستەی وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بكات.
دەقی نامەكە بخوێنەرەوە:
بەرێز وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان
برام کاک مستەفا
پێویست بە گووتن ناکات بە گژداچوون و بەرخۆدانی پێشمەرگە قارەمان و شەرڤانە پاڵەوانەکان لە باشور و خۆرئاوای کوردستان بە دژی داعش لە چەند مانگی رابردوو سەدان و بگرە هەزاران تابلۆی بێ وێنەی بۆ هەموو کورد نەخشاندوە.
بە هۆی ئەم خۆراگری و گیانفدایی رۆڵەکانی کورد لە بەرەیەکی زیاتر لە هەزار کیلۆمتری، دنیا هاتە گۆ و کورد بوو بە داستانی سەدان رۆژنامەنووس و سیاسەتمدار و رۆشنبیرانی هەموو جیهان. لە زۆربەی پایتەختەکانی وڵاتان رێپێوانی دەیان هەزار کەسی کرا و عەتفی مرۆڤانەی ژن و پیاو و مناڵی جیهان بەرەو کورد راکێشرا.
ئەوەی کچانی خۆرئاوا کردیان و دەیکەن لە ئەفسانەکانیشدا جێیان نابێتەوە، دنیا لە گەڵ کوردە و هەموو دانی پێدا دەنێن ئێمە لەسەر حەقین و ئەوان داعش، وەحشی و خوێنخۆری بەر لە بەشەرییەت!
ئەوەی ئەمڕۆ لە سەرتاسەری جیهان بۆ کورد بەدەست هاتوە بە بەلاش نەبووە و بگرە بە خوێنی سەدان گەنجی کچ و کوری ئێمە بووە، بە سەدان دایک جەرگی سوتا و بە سەدان باب و برا و خوشک بڕبڕەی پشتیان چەما.
ئەمڕو هەموو کوردێکی پەنابەری وڵاتان ئیتر شەرم لە کورد بوونی خۆی ناکات و بگرە بە فەخر و شانازی و سینگی لە پێش دەڵێ؛ من کوردم، ئاشتیخوازم و دژی ترور و بەربەرییەت لە جیاتی هەمووتان شەر دەکەین، بروامان بە مرۆڤایەتی و ئاشتی و لێبوردن و یەکسانی و بەیەکەوە ژیانە.
کاک مستەفای بەرێز!
ئێوە وەک بەرپرس و وەزیری پێشمەرگەی وڵاتمان و هەموو بەرپرسە بەرێزەکانی تر بەرپرس و زامنی راگرتنی ئەم دەسکەوتانەن کە ئەم پاڵەوانە لە خۆ بووردوانە بۆیان بە دەست هێناوین.
چەند رۆژێکە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و بە تایبەت فەیسبووک کە هەموو کەسێکی ئەم جیهانە دەستی پێرادەگات، وێنەی بە نێو پێشمەرگەیەک بڵاو بۆتەوە (بڕوانە خوارەوە) کە هەست دەکەم ریسی هەموو ئەم تۆماری بەرخۆدان و قارەمانییەتەی پێشمەرگە دەکاتەوە خوری.
لەم دوو رۆژەدا دەبێ عەرزتان بکەم بە دەیان پێشمەرگەی دێرینی باشور و رۆژهەڵات پەیوەندیان پێوە گرتووم و شەرم دەکەن کە کورد بە چەشنی داعش رەفتار بکات، ئەوەی لەم رەسمەدا نمایش دەکرێت دوورە لە بەرزی رەوشت و ئەخلاقی پێشمەرگە.
تکایە ئیجازە مەدەن بەم جۆرە خەڵکە نەخۆشە بە ناوی پێشمەرگە و عەقلیەتی داعش، زیان بە دەسکەوتە ئاشتیخواز و مرۆڤانەمان بگەیەنرێت.
داواکارم پێشمەرگە بەری بکەن لەم رەفتارانە و ئیجازە مەدەن پێشمەرگە و کورد بەم چەشنە بێنە ناسین.
لە گەڵ ئەوپەڕی رێزم
براتان پێشمەرگەی دێرین
عەلی کەریمی
2014-11-16
تێبینی: وێنەكە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك وەرگیراوە