میدیای ئەهلی: ئایا هەرێمی كوردستان بۆ رۆژنامەنووسان شاری بێ حاكمە؟

لەسەر رێگانەدان بە فرۆشتنی گۆڤاری لڤین و  دەستگیرکردن  و هێشتنەوەی رۆژنامەنووس سەباح ئەتروشی زایاتر لە دوو مانگ لە زیندانداو دەستگیرکرنی رۆژنامەنووس محەمەد شەهاب بۆ زیاتر لە هەفتەیەک، میدیای ئەهلی بەیانێک دەردەکەن و دەڵێن: ئایا هەرێمی كوردستان بۆ رۆژنامەنووسان شاری بێ حاكمە؟

لەو بەیانەدا کەهەریەک لە رۆژنامەی ئاوێنە و هاوڵاتی و سپی میدیاو شار و لڤین واژۆیان کردووە تیایدا هاتووە: ئێمە پێمان وایە مانەوەی سەباح ئەتروشی لە زیندنداو دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسێک بۆ ماوەی هەفتەیەک و دەستبەسەردا گرتنی گۆڤاری لڤین، جگە لەوەی تاوانێكە دەرهەق بە یاسا‌و رێكارە یاساییەكانی هەرێمی كوردستان، لەهەمان كاتدا ئەڵقەیەكە لە زنجیرەی ئەو پێشێلكاری‌و دەستدرێژیانەی دەكرێنە سەر ئازادی بیروڕادەربڕین‌و ئازادی رۆژنامەگەری لە وڵاتەكەماندا.

ئەمە دەقی بەیاننامەکەیە..

ئایا هەرێمی كوردستان بۆ رۆژنامەنووسان شاری بێ حاكمە؟

بەپێی بەیاننامەیەك كە  گۆڤاری لڤین ئەمڕۆ (11/4) بڵاویكردۆتەوە، دوێنێ هێزێك بە جلی مەدەنییەوە هەڵیانكوتاوەتە سەر ئەو كۆمپانیایەی گۆڤارەکە دابەش دەکات و سەرجەمی ژمارە (299)ی گۆڤاری لڤینیان لە پایتەختی هەرێمی كوردستان پێچاوەتەوە‌و بردوویانە! لەوەش سەیرتر ئەوەیە، سەرنووسەری گۆڤارەكە دەڵێت كاتێك پەیوەندیمان بە لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە كردووە، پێیان گوتووین، ئێمە ئاگاردار نین!

ئێمە دەپرسین: ئایا دەكرێت لەناوجەرگەی پایتەختی هەرێمەكەماندا، هێزێكی نەناسراو بە رۆژی رووناك دەست بەسەر گۆڤارێكدا بگرێت، كە مۆڵەتی یاسایی هەیە‌و ساڵانێكە لەم هەرێمەدا بڵاو دەبێتەوە، كەچی هێزە ئەمنییەكان‌و "لایەنە پەیوەندیدارەكان" هەر هەواڵیشیان پێ نەگەیشتبێ؟ باشە تەنانەت ئەگەر لە "فەرزی مەحاڵ"دا كتوپڕ رووداوێكی وا رووبدات‌و بەڕاست ئەوان ئاگادار نەبن، ئایا وەڵامی دروست ئەوەیە خۆیان بێبەری بكەن، یان یەكسەر بكەونە كار‌و بەڵێنی دۆزینەوەی تاوانباران‌و سزادانیان بدەن؟ ئایا لە پایتەخت شتێك هەیە ناوی حوكمی یاسا‌و دامودەزگای یاسایی بێت؟ ئەگەر هەیە چۆن رووداوی وا روودەدات‌و، كە رووش دەدات كوا كاردانەوە‌و بەدواداچوون‌و دەستگیركردنی تۆمەتباران؟

ئەمە لەكاتێكدایە كە بەپێی دەقێكی روون‌و ئاشكرای یاسای رێكخستنی كاری رۆژنامەوانی ژمارە (35)ی ساڵی (2007)، رۆژنامەوانی لەكوردستاندا ئازادە، رۆژنامە داناخرێت‌و دەستی بەسەردا ناگیرێت، بە بڕیاری دادگا نەبێت. واتە هەر كەس‌و لایەنیێك سەربەرخۆ دەست بەسەر بڵاوكراوەیەكدا بگرێت، بێ چەند‌وچوون، یاسای شكاندووە‌و تاوانی ئەنجام داوە. لێرەشەوە ئەركی دەزگا ئەمنییەكانە بیدۆزنەوە‌و تەسلیمی دادگای بكەن بۆ ئەوەی سزای یاسایی خۆی وەرگرێت.

جگە لەم رووداوە لەلای دەزگا ئەمنییەکانی پارێزگای دهۆک ماوەی زیاتر لە دوو مانگە رۆژنامەنووس سەباح ئەتروشی دەستگیرکراوەو تا ئێستا دەستبەسەرە کەسیش نازانێت بەپێی چ یاسایەکی بەرکاری هەرێم ئەو رۆژنامەنووسە دەستبەسەرە.
پێشتریش بۆ ماوەی هەفتەیەک لە گەرمیان لەسەر هاککردنی ئەکاونتی رۆژنامەنووس محەمەد شەهاب لە تۆڕی کۆمەڵایەتی، ئەو رۆژنامەنووسە دەستگیرکرا.  

ئێمە پێمان وایە مانەوەی سەباح ئەتروشی لە زیندنداو دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسێک بۆ ماوەی هەفتەیەک و دەستبەسەردا گرتنی گۆڤاری لڤین، جگە لەوەی تاوانێكە دەرهەق بە یاسا‌و رێكارە یاساییەكانی هەرێمی كوردستان، لەهەمان كاتدا ئەڵقەیەكە لە زنجیرەی ئەو پێشێلكاری‌و دەستدرێژیانەی دەكرێنە سەر ئازادی بیروڕادەربڕین‌و ئازادی رۆژنامەگەری لە وڵاتەكەماندا. نەدۆزینەوەی تاوانباران‌و بەسزا نەگەیاندنیشیان، بەڵگەی ئەو راستییەیە كە تاكو ئێستاش ئازادی‌و مافەكانی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە لەژێر هەڕەشەدان‌و هێزگەلێك هەن بە ئاسانی‌و بە مەزاجی خۆیان دەتوانن دەستدرێژی بكەنە سەریان، بێ ئەوەی ترسیان لە لێپێچینەوە هەبێت. بۆیە ئەركی سەرشانی هێزە ئەمنییەكان‌و حكومەتی هەرێمی كوردستانە بەگشتی سنوورێك بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنێن. بەپێچەوانەوە، دەبێ هەر چاوەڕێی ئەوەبن، كە ساڵ لەدوای ساڵ، ناوی حكومەت‌و هەرێمەكەمان جێگەی خۆی لەلیستی رەشی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی چاودێری ئازادی‌و مافەكانی مرۆڤدا، جێگیر بكەن. 

رۆژنامەی ئاوێنە
رۆژنامەی هاولآتی
سپی میدیا
شار
لڤین
١١/٤/٢٠١٥




PM:09:39:11/04/2015