دادگای سلێمانی دوا دەكات حەسانە لەسەر سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان هەڵگیرێ

دادگای سلێمانی داوا لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات، حەسانەی پەرلەمانیی لەسەر سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان هەڵبگرێ، تاك وەك تۆمەتبارێک لەسەر بڵاوكردنەوەی دوو هەواڵ لەو سەردەمەی بەرێوەبەری كەناڵی (كەی ئێن ئێن) بووە لەبەردەم دادگا ئامادەبێت.

هۆشیار عەبدوڵا سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان و بەڕێوەبەری پێشوی تۆڕی هەواڵی كوردی(كەی ئێن ئێن) لەلێدوانێكی ڕۆژناوانیدا ڕایگەیاند: بەبڕیاری ژمارە 1303/ج/2014ی، دادگای سلێمانی كە بەرواری 29/3/2015ی، لەسەرە، لەڕێگەی نوسینگەی سلێمانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە ئاگاداركراوەتەوە، بەپێی ماددەی 9 ی یاسای ڕۆژنامەوانیی لەسەر بڵاوكردنەوەی دوو هەواڵ لەو سەردەمەی بەرێوەبەری هەواڵی كەی ئێن ئێن بووە وەك تۆمەتبار لەبەردەم دادگا ئامادەبێت.
یەکێک لەو داوایانەی سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕانی لەسەر بانگهێشتی دادگا کردووە، داوای د. لەتیف رەشید راوێژکاری سەرۆکی عێراق و وەزیری پێشووی سەرچاوە ئاوییەکانەوە بوو لە حکومەتی عێراق.

وتیشی: بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان كە لەمادەی بیستدا هاتووە، دەبێت بۆ ناچاركردنیان سەرەتا پارێزبەندی (حەسانە)ی، پەرلەمانیان لەسەر هەڵبگیرێت، هەر كاتێك ئەو كارە كرا وەك هەمیشە ئامادە دەبن لەبەردەم دادگا.

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان وتیشی: ئەو دوو هەواڵەی پێشتر بڵاویانكردۆتەوە، یەكێكیان تایبەت بووە بەئاشكراكردنی گەندەڵی و ئەوی تریشیان پەیوەستە بەبەشداریكردنی دەزگایەك لەئەنجامدانی ساختەكاری لەكاتی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان.
هۆشیار عەبدوڵا لەگەڵ ئەوەی دەستخۆشی لەدادگای سلێمانی كرد لەبارەی بەدواداچونی سكاڵاكان، لەهەمان كاتدا، دوایكرد، لەدۆسیەكانی تریشدا، هەوڵبدا بەو جدیە كاربكات و تۆمەتباران ڕاپێچی دادگا بكا.

ڕاشیگەیاند: ئەوان هەركاتێك داوایان لێكرابێت ئامادەبون لەبەردەم دادگا، بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانیی هەمیشەیان بووە ئەوەیە، چەندین دۆسیە و مافی گشتی هەن لەشێوەی كوشتن و ڕشتنی خوێنی هاوڵاتیانی شاری سلێمانی ، هاوشێوەی دۆسیەی 17ی شوبات و چەندین دۆسیەی تر، لەبارەی گەندەڵی بەرپرسان دادگا بەو جدیەتە بەدواداچونی بۆ نەكردووە.

تەئكیدیشی كردەوە لەوەی لەڕابردودا وەك ڕۆژنامەنوس و ئێستاش وەك پەرلەمانتار پابەندە بەسەروەری یاسا ، بەپێویستیشی دەزانێت دادگای سلێمانی لەژێر هیچ پاساوێكدا هیچ دۆسییەك نەخاتە دواوە، بەتایبەت دۆسیەكانی ئازادی ڕٍادەربڕین و دژایەتیكردنی گەندەڵی.



AM:09:55:17/04/2015