200 كەس هەڵاتون.. زیاتر لە 60 كەس لە زیندانی خاڵس كوژراون

بەرپرسانی پارێزگای دیالە ئەمرۆ رایانگەیاند لە نائارامی‌و بشێوی زیندانی خاڵس لانیكەم 30 بەندكرا‌و‌و 6 ئەفسەر پۆلیس كوژراون‌و 40 بەندكراویش هەڵاتون كە بەتاوانی كردەوەی تیرۆریستی بەندكرابوون.

بەپێی راپۆرتێكی ئاسوشیتدپرێس لەبەغدا، چەندین ئاماری جیاجیا لە نائارامی زیندانی خاڵس لە 80 كیلۆمەتری باكوری بەغدا بڵاوكراوتەوە‌و بەسەدان بەندكراو گیانیان لەدەستداوە.

دوو بەرپرسی پۆلیسی ئەم پارێزگایە كە ناویان ئاشكرا نەكردوە دەڵێت تا ئێستا 51 زیندانی‌و 12 پۆلیس كوژراون‌و زیاتر لە 200 زیندانی هەڵاتون.

سەعد مەعان ئیبراهیم، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەو ئاژانسەی راگەیاندوە كە نائارامییەكە سەرەتا بە شەڕوپێكدادنی زیندانیان‌و پاسەوانانی زیندان دەستیپێكرد‌و ئەو كاتەی پۆلیس دەچێتە ناوزیندان، لەلایەن زیندانییەكانەوە چەك دەكرێن.

بەوتەی ناوبراو زۆربەی ئەو بەندكراوانەی هەڵاتون بەتۆمەتی تیرۆریستی دەستگیركرابوون.



PM:03:45:09/05/2015