حکومەت بڕیارەکانی بۆ چاکسازی دارایی راگەیاند

ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم راگەیاندراوێک لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی بڵاودەکاتەوەو تێیدا سەرجەم ئەو بڕیارانە دەخاتەڕوو کە بە رەزامەندی سەرجەم ئەندامانی حکومەت دراون.

دەقی راگەیاندراوەکە:

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢١.١٢.٢٠١٥ بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەبارەی دۆخی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستانەوە ساز کرد.
 
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیران ڕوونیکردەوە ھەرێمی کوردستان کە لە قەیرانێکی زۆر سەخت و گەورەی داراییدایە، گەیشتووەتە ئاستێک ئیتر حکومەت ناچارە ھەندێ بڕیاری بە جورئەت بدا‌ت و کۆمەڵێک ڕێکاری جیا بگرێتەبەر، بە ھەموو شێوەیەکیش کار بۆ زیادکرنی داھات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان بکات تا بتوانێت بەرگەی ئەنجامەکانی ئەم ‌قەیرانە بگرێت، وەک ڕێکخستنەوەی سیستەم و کاراترکردنی کۆکردنەوەی باجەکان و کەمکردنەوەی دەرماڵەی پلە تایبەتەکان و چەندین ڕێکاری دیکە، لەگەڵ پیادەکردنی بەرنامەی چاکسازیی دارایی کە ماوەیەکی درێژە حکوومەت کاری بۆ دەکات.
 
ھەروەھا گوتی: بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم قەیرانە پێوستمان بەوە ھەیە کە گشت دەسەڵاتەکان لە ھەرێمی کوردستان و تەواوی پێکھاتە و لایەنە سیاسییەکانیش بەرپرسیار‌یەتیی ھاوبەش لە ئەستۆ بگرن و ھەموومان پێکەوە ڕووبەڕووی قەیرانەکە ببینەوە ‌و ئەم قۆناغە دەرباز بکەین.
 
پاشان جێگری سەرۆک وەزیران لە باسێکدا وێڕای ڕوونکردنەوەی ڕێکارەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە، بە وردی تیشکی خستە سەر ھۆکارەکانی قەیرانی دارایی و باسی لەوە کرد کە ھۆکارەکان جیاوازن و ھەموویان پێکەوە کاریگەریی زۆر خراپیان لەسەر دۆخی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان جێ ھێشتووە، وەک بڕینی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عیراقەوە، دابەزینی بەردەوامی نرخی نەوت، شەڕی داعش و ھاتنی ئاوارە و پەنابەران بۆ ھەرێمی کوردستان و چەندین ھۆکاری دیکە. ھەروەھا دووپاتی کردەوە کە حکوومەتی عیراقیش بە ھەمان شێوە لە ئەنجامی دابەزینی نرخی نەوتەوە، خەریکە زۆر بە قووڵی و خراپتر لە ھەرێمی کوردستان تووشی ھەمان قەیران دەبێت.‌
 
لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک لە وەزیرەکان، ھۆکارەکان و گرتنەبەری ڕێکارەکانیان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە تاوتوێکرد و چەندین ڕاو سەرنجیان لەم بارەیەوە خستەڕوو. ئینجا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکە، وێڕای داکۆکیکردن لە چاکسازی لە کەرتی کارەبادا، ئەنجومەنی وەزیران ئەم بڕیارانەی پەسەند کرد کە ھەموویان لە ١.١.٢٠١٦ەوە جێبەجێ دەکرێن و وەزارەتی دارایی و ئابووریش ڕێنماییی پێویست بۆ ئاسانکاری و جێبەجێکردنیان ‌دەردەکات:
 
 
١. خەرجکردنی تەنھا ڕێژەی ٥٠%ی دەرماڵەی پۆستەکانی سەرۆکی ھەرێم و جێگرەکەی و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەکەی و وەزیرەکان و ئەوانەی بە پلەی ئەوانن و ئەوانەی مووچەی وەزیر و وەکیلی وەزارەت وەردەگرن و ئەوانەی بە پلەی ئەوانن و ڕاوێژکاران و خاوەن پلە تایبەتەکان لە گشت دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆک و جێگران و ئەندامانی ئەنجومەنی دادوەری و دادگای پێداچوونەوە (تمییز)ی ھەرێمی کوردستان و دادوەرەکان و ئەندامانی داواکاری گشتییەوە، جگە لەم ڕێژەیەش ھیچ جۆرە دەرماڵەیەکی دیکەیان بۆ خەرج ناکرێت.
 
٢. ڕاگرتنی ڕێژەی (١٠٠%)ی دەرماڵەی تایبەت بە پۆستەکانی بەڕێزان سەرۆکی پەرلەمان، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، سکرتێری پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان.
 
٣. کەمکردنەوەی ڕێژەی (٣٠%)ی دەرماڵەی تایبەت بە پۆستی بەڕێوەبەری گشتی و ئەوانەی لەو پلەیەدان و ئەوانەی مووچە و دەرماڵەی بەڕێوەبەری گشتی وەردەگرن.
 
٤. پێویستە مووچەی خانەنشینکراوانی پلە باڵا و تایبەتەکان و مووچەی ئەوانەشیان کە دوای دەرچوونی ئەم بڕیارە خانەنشین دەبن بە ھەمان ڕێژە ڕێکبخرێتەوە و ڕاگرتنەکانی دەرماڵەکانی ئاماژەپێدراو لە کاتی دەستنیشانکردنی مووچەی خانەنشینیان و بە شێوەی پاشەکەوت بۆیان تۆمار دەکرێت تا دەرچوونی یاسایەکی نوێی تایبەت بە ڕێکخستنەوەی مووچەی خانەنشینییان.
 
٥. ڕاگرتنی خەرجکردنی سەرجەم ئەو دەرماڵانەی دەدرێن بە خاوەن پلە تایبەتەکان و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان، وەک پارێزگار و جێگری پارێزگار و قائمقام و بەرێوەبەری ناحیە کە (معوم)ن لەسەر میلاکی سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکانی ھەرێمی کوردستان و تەنھا مووچەی بنەڕەتیی ئەو ناونیشانە وەزیفانەیان بۆ خەرج دەکرێت.
 
 
٦. کارکردن بەھەردوو یاسای خزمەتی شارستانی و یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتیی تایبەت بە مەرجەکانی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە بەرواری ١/١/٢٠١٦ەوە تاوەکو پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٦.
 
٧. کۆکردنەوەی زانیاریی تەواو لەسەر ئەو کەسانەی کە سوودمەندن لە وەرگرتنی مووچەی تایبەت و ھاوکاریی چاودێریی کۆمەڵایەتی و بیمەکان و پۆلێنکردنیان لەسەر بنەمای چین و توێژە جیاجیاکان و دەستنیشانکردنی ئەو بڕە پارە جیاوازانەی کە وەکو ھاوکاریی چاودێریی خێزان و کەمئەندام وەریدەگرن، دواتر ئەو زانیارییانە لەگەڵ پێشنیاری پێویست سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی ئەم بابەتە دەخەنەوە بەردەم لیژنەی باڵای دارایی بە مەرجێک پێشنیارەکان ڕێنمایی و مەرج و پێوەری پێویست لەخۆ بگرێت.
 
 
٨. پێکھێنانی لیژنەیەک بەمەبەستی چاوخشاندنەوە بە پێشینەی سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکانی ھەرێمی کوردستان بە ڕەچاوکردنی بارودۆخی ناھەمواری دارایی و سنوورداریی سەرچاوەی داھاتەکان، دواتر لیژنەکە بە ڕاپۆرتێک لیژنەی باڵای دارایی لە پێشنیارەکانی ئاگاداردەکاتەوە لەگەڵ ڕەچاوکردنی سروشتی کار و چالاکیی ئەو وەزارەت و دامودەزگایانەی کە خزمەتگوزاریی ئاسایش و بەرگری و تەندروستی و کارەبا و شارەوانی پێشکەش دەکەن، بەمەرجێک لیژنەکە خشتەیەک ئامادە بکات کە ڕێژەی پێشینە لەخۆ بگرێت لەپێش و لە دوای چاوخشاندنەوە.
 
٩. پێکھێنانی لیژنەیەک بەمەبەستی دیراسەکردنی پڕۆژەی چاوخشاندنەوە و چاکسازی لە ھەیکەلیەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پێکھاتەی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەکان و دامودەزگا حکومییەکان بە ڕەچاوکردنی بارودۆخی داراییی ھەرێم و بەرجەستەکردنی تەرشیقکردنی دامەزراوە گشتییەکانی ھەرێم و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و دواتر ئەم لیژنەیە بە ڕاپۆرتێک ڕاو سەرنج و پێشنیازەکانی خۆیان دەخەنە بەردەم لیژنەی باڵای دارایی.
 
 
١٠. ڕاگرتنی خەرجکردنی ڕەسم و کرێی کارەبا و موەلیدە و خزمەتگوزاریی مانگانە لە بودجەی گشتیی تایبەت بە سەرجەم ئەو پلە باڵایانەی کە لە خانوو و کۆمەڵگەی نیشتەجێن لە گشت دامودەزگاکانی ھەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی. خەرجکردنی لە دوای (١/١/٢٠١٦)ەوە لە ئەستۆی نیشتەجێبووان  خۆیان دەبێت.
 
١١. ڕاگرتنی کارکردن بە ڕێنماییە داراییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی تایبەت بە جێبەجێکردنی ماددەی (١٣) لە یاسای (مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی) ژمارە (٢٢)ی ساڵی ٢٠٠٨ تایبەت بە دەسەڵاتی بەخشینی دەرماڵەی مەترسی لەلایەن وەزیرەکان و سەرۆکی لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەتەوە و ئەو دەسەڵاتە تەنھا لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە پیادە دەکرێت.




PM:08:17:21/12/2015