بزانه‌ بنه‌ماڵه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا چی به‌رووداو ده‌ڵێن؟

بنه‌ماڵه‌ی رێکخه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی گۆڕان بۆته‌ حیزبی بنه‌ماڵه‌، وه‌ڵامیکی توندی ته‌له‌فزیۆنی رووداو ده‌ده‌نه‌وه‌.

خالید رەزا ئه‌مین کادیری پێشووی یه‌کێتی و ئێستای گۆڕان و ئامۆزای نەوشیروان مستەفا وەڵامێكی توندی كەناڵی رووداو و هیوا جەمالی رۆژنامه‌نووس ده‌داته‌وه‌و دەڵێت" بە ئەنقەست و بۆ رازیكردنی دڵی بارزانی و پارتی ، بوختان بەوەوە دەكەن، كە نەوشیروان مستەفا، وەك پارتی و یەكێتی بوون بە حیزبی بنەماڵەو، دەڵێت نەوشیروان مستەفاش زاواكەی (محمەد تۆفیق رەحیم) و، ئامۆزاكەی (مەحمود رەزا) پۆستیان دراوەتێ !".

خالید ره‌زا له‌ درێژه‌ی پۆسته‌که‌یدا له‌ تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووک ده‌ڵێت " نەوشیروان مستەفا بە برازاو خوشكەزاو ئامۆزا‌و پورزاوە، جگە لەوەچەكانمان 36 كەسین، پێم بڵێ لەو 36 كەسە جگە لەو دوو كەسەی كە كردوتنە بنێشتە خۆشەی ژیر دانت، كێی تر لە خزمانی نەوشیروان مستەفا پلەو پۆستیان لە ناو بزوتنەوەی گۆڕاندا هەیە؟".

ئه‌و که‌سه‌ نزیکه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات "محەمەد تۆفیق رەحیم پێش ئەوەی ببێ بە زاوای نەوشیروان مستەفا، خویندنی زانكۆی لە وڵاتی فەرەنسا تەواو كردووەو، لە كۆتایی حەفتاكانی سەدەی رابردودا، كۆمەڵە بووە و لە ناوزەنگ یەكێ بووە لە كادرە سیاسییە دیارەكان، واتە ئەوە خێری نەوشیروان مستەفا نییە، ئەوە تواناو كەفائەتی خۆیەتی، نەك هی خزمایەتی".

خالید رەزا سەبارەت بە براکه‌شی مەحمود رەزا، دەڵێت "ئەوانەی لەدوورو نزیكەوە دەیناسن، دەزانن ئەویش لە سەرەتای حەفتاكانی سەدەی رابردووەوە كادری ریكخستن‌و، هەم نووسەر و رۆژنامەنووس، هەم پیشمەرگەی دانەبڕاو بووە".



AM:11:27:26/01/2016