شانزەهەمین دانیشتنی دادگایی نێوان جەلالی سام ئاغاو قادر حەمەجان دواخرا

دادگای سلێمانی شانزەهەمین دانیشتنی بۆ دۆسییەی نێوان سەرۆکی پێشووی دیوانی چاودێری، جەلالی سام ئاغاو سەرۆکی پێشووی شارەوانی سلێمانی، قادر حەمە جان ئەنجامدا، به‌ڵام بەبڕیاری دادوەر دادگاییکردنه‌که‌ دواخرا.

ئەمڕۆ یەکشەممە  ٢١ ئابی ٢٠١٦ دادگای سلێمانی شانزەهەمین دانیشتنی لەسەر دۆسییەی قادر ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و جەلالی سام‌ ئاغا سەرۆکی پێشووی دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی هەرێم بە ئامادەبوونی سکاڵاکار و سکاڵێکراو بەڕێوەچوو.

دانیشتنی دادگاییەکە لەسەر ئەو سکاڵایە بوو کە سەرۆکی پێشوی دیوانی چاودێری دارایی لەکۆتای ساڵی  ٢٠٠٦  بەرامبەر قادر حەمەجان سەرۆکی شارەوانی سلێمانی پێشوو تۆماری کردبوو.
دانیشتنەکە لەلایەن دادوەری دادگاوە بە بیانوی بانگکردنی شارەزایەکی بواری رۆژنامەوانی بۆ دۆسیەکە دادگاییەکە دواخرا  بۆ ٢٢/١/٢٠١٧
هەرچەندە پێشتریش دو شارەزا بانگکرابون بۆ دۆسییەکەو داواکردنی ئەم شارەزایە دەبێتە سێهەمین کەس کە بانگ کراوە بۆ دۆسییەکە.

سکاڵاکەی سەرۆکی پێشوی دیوانی چاودێری بەرامبەر  قادر لەسەر کۆمەڵیک راپۆرت دێت کەلەسەر کۆمەڵێک دۆسییەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی و پیشێل‌کردنی یاسا و ڕینماییەکان دێت، کە ئەو کات جەلالی سام‌ئاغا سەرۆکی پێشووی دیوانی چاودێری دارایی، لەسەر قادر حەمەجانی سەرۆکی شارەوانی ئەو کاتەی پارێزگای سلێمانی تۆماری کردبوو.



PM:05:25:21/08/2016