سپی زانیاری زیاتر لەسەر بەدیلەکەی ئەمەریکاو هاوپەیمانان بۆ ریفراندۆم کوردستان ئاشکرا دەکات

هاوپەیمانان ( ئەمەریکاو ئەڵمانیا و بەریتانیا و فەرەنسا ) و نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان دوێنێ ( بەدیلی ) ریفراندۆمیان ئاشکرا کرد، سپی دوێنێ زانیاری گرنگی لەسەر هێڵە گشتییەکان ئەو پرسە بلآوکردەوە، ئێستا وردەکاری زیاتر بلآودەکاتەوە. 

بەپێی ئەو زانیاریە نوێیانەی دەست سپی کەوتووە، بەدیلی هاوپەیمانان بەو شێوەیە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئایندەیەکی نزیکدا داوای کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێو دەوڵەتی بکات لەسەر پرسی عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا ئەنجومەنی ناوبراو باسی پەیوەندی نێوان بەغداو هەرێم و کێشەکانی نێوانیان بکات وبڕیار بدرێت کە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بدەن.
 
بەدیلەکەی هاوپەیمانان و نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر ئاستی عێراقیش بەو شێوەیە دەبێت کە نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمەریکاو فەرەنساو بەریتانیا و ئەڵمانیا سەرپەرشتی گفتوگۆی نێوان بەغدا و هەولێر بکەن بە مەبەستی چارەسەکردنی کێشە هەڵپسێرادراوەکانی نێوانیان.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، مەسعود بارزانی پێشنیاری " بەدیلەکەی " هاوپەیمانانی پەسەند بووە، بەلآم بە بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی راگەیاندووە کە بڕیاری رفیراندۆم هەر بڕیاری ئەو نییەو بڕیاری سەرکردایەتی و خەڵکی کوردستانەو دەبێت لەگەل ئەوان کۆبێتەوەو لە کاتێکی نزیکدا وەلآمی هاوپەیمانان بدەنەوە.

شەوی رابردوو سپی بلآویکردەوە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان بارزانی و مەکگۆرگ و وڵاتانی هاوپەیمان لە جەنگی دژی داعش بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "لە کۆبوونەوەکەدا بارزانی و مەکگۆرک دوو پشنیاریان هەبووە بۆ یەکتری".

سەرچاوەکەی "سپی" شەوی رابردوو ئاشکرایکرد بارزانی پێشنیاری ئەوەیکردوە لەبەرامبەر دواخستنی (2 ـ3) ساڵی پرسی ڕیفراندۆم بەغدا بەڵێن بدات بە دان نان بە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دوای ئەو چەند ساڵە و لەو ماوەیەشدا نەخشەڕێگایەک گەڵاڵە بکرێت بۆ پرۆسەی جیابونەوەی کوردستان لەعێراق.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستبەروو لەبەرامبەر پێشنیارەکەی بارزانی  مەکگۆرگ و هاوپەیمانان ڕایەکی دیکەیان هەبووە و بەڵێنی ئەوەیان داوە لەبەرامبەر ئەنجام نەدانی ڕیفراندۆم کۆبوونەوەیەک لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تەرخان بکرێت بۆ کێشەی نێوان بەغدا و هەولێر و ئەو دەزگا نێودەوڵەتیە سەرپەرشتی بکات.

دوێنێ پێنجشەممە، 14ی ئەیلول مەسعوود بارزانی پێشوازیی لەگەڵ شاندێکی باڵای هاوپەیمانان کۆبووەوە کە پێکهاتبوون لە برێت مەکگۆرک، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا، یان کۆبیچ نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دۆگلاس سلێمان باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، فرانک بەیکر باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و شاندێکی یاوەریان.


 "سپی" وەک یەکەم دەزگای میدیایی لەزاری سەرچاوەیەکی سیاسی باڵاوە " بەدیلەکەی" هاوپەیمانانی ئەوەی ئاشکراکرد .

 




PM:01:59:15/09/2017