پرۆژەیەک لەسەر هاوتاکردنی موچەی خانەنشینانی هەرێم پێشکەشی پەرلەمانی عیراق دەكرێت

یەكگرتووی ئیسلامی پڕۆژەیەك بۆ هاوتاكردنی موچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ خانەشینانی عیراق، پێشكەشی پەرلەمان دەكات و داواش دەکات، پاشەكەوتی موچە هەڵبوەشێتەوە.

د.شێركۆ جەودەت، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، پاكێجی چاكسازیمان لەبارەی هاوتاکردنی مووچەوە ئامادەكرووەو پێشكەشی پەرلەمانی دەکەین.

وتیشی، پێشتر لەخولی رابردووداو 
لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی نەهێڵرا  ئەو پرۆژەیە بڕوات، بەڵام ئەمجارە پڕۆژەكە پێشكەش دەكەینەوەو ئومێدەوارین ئەمجارەیان سەربگرێت.

پەرلەمانتارەکەی یەکگرتوو، بۆ تۆڕی هەواڵی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، لەپڕۆژەكەدا داوامان كردووە پاشەكەوتی موچە هەڵبوەشێتەوەو حسابی بانكی بۆ فەرمانبەران دروست بكرێت.

هەروەها لە پرۆژەکەدا فراکسیۆنی یەکگرتوو داواشی کردووە، کە موچەی خانەنشینی لەهەرێم هاوتای عیراق بكرێت، بەجۆرێك هەر خانەنشینێك موچەكەی لە 400 هەزار دینار كەمتر نەبێت،  پلە تایبەتەكان بە 15 ساڵ خزمەت و 50 ساڵ تەمەن خانەنشین بكرێن، نەك بەبێ خزمەت و ساڵی تەمەن خانەنشین بكرێن و هەموو ئەوانەی بەوشێوەیە خانەنشین بوون، هەڵبوەشێتەوە.


PM:09:07:11/11/2018