پارتی بۆ جەخت دەکاتەوە سەرۆکی هەرێم پێش راسپاردنی مەسرور بارزانی زیندوبکرێتەوە؟

هەرچەندە رای زۆرێک لە چاودێران پێیانوایە کە زیندووکردنەوەی پۆستی سەرۆکی هەرێم پێش راسپاردنی مەسرور بارزانی بە پێکهێنانی حکومەت، پەیوەندی بەململانێی نێو بنەماڵەی بارزانیەوە هەیە، بەلآم بەپێی زانیارییەکانی سپی ئەو پرسە هیچ پەیوەندی بەو ململانێیەوە نییە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست " سپی " کەوتووە، ئەو داوایەی پارتی هەیەتی کە چالاککردنەوەی پۆستی سەرۆکی هەرێم، پێش راسپاردنی  پێکهێنانی حکومەت بکەوێت، پەیوەندی بە پرسی راسپاردنی مەسرور بارزانی یەوە هەیە، ئەوە لەکاتێکدایە کە بەپێی زۆرێک لە راڤەکردنی چاودێرانی سیاسی ناتوانرێت حاشا لەوە بکرێت کە ناکۆکی نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی لە ئێستادا لەهەموو کاتێک زیاترە.

پرسی راسپاردنی مەسرور بارزانی بە پێکهێنانی حکومەت، وەک زانیاریەکانی " سپی " ئاماژەی بۆ دەکات پەیوەندی بەوەوە هەیە کە دەبێت مەسرور بارزانی لەلایەن کەسێکی بنەماڵەی بارزانی یەوە راسپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، نەک لەلایەن هەر سەرۆکی دەستەیەکی تری هەرێمی کوردستانەوە.

بەپێی یاسایی ژمارەی ٢ ساڵی ٢٠١٧ی کە بەناوی یاسای" دابەشکردنی دەسەلآتەکانی سەرۆکایەتی هەرێم بەسەر دامەزراوە دەستوریەکانی هەرێم " کە لەلایەن پەرلەمانەوە دەرکراوە، لە ئێستادا کە سەرۆکی هەرێم هەڵپەسێردراوە، راسپاردنی کاندیدی لیستی براوەی یەکەم بە پێکهێنانی حکومەت دەبێت لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە بێت، وەک رێککەوتنی بەرایی نێوان یەکێتی و پارتیش ئاشکرای دەکەن، سەرۆکی پەرلەمان دەدرێت بە کاندیدێکی یەکێتی، لەم حاڵەتەی ئێستادا بەپێی یاسا بەرکارەکانی پەرلەمان دەبێت، سەرۆکی پەرلەمان کە یەکێتی دەبێت، مەسرور بارزانی راسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، کە ئەمە لەلایەن بنەماڵەی بارزانی و پارتی یەوە بەتەواوی رەتدەکرێتەوە.

لەو روانگەیەوە وەفدی دانوستانکاری پارتی لەگەڵ یەکێتی و لایەنەکان کە لەلایەن نێچیرڤان بارزانیەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان، هەمواری یاسایی سەرۆکایەتی هەرێم بکرێت و دوای ئەنجامدانی دەنگدانی پەرلەمان لەسەر سەرۆکی هەرێمی نوێ کە لەپارتی دەبێت و کاندیدەکەشیان نێچیرڤان بارزانییە، پاشان مەسرور بارزانی لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی نوێی هەرێمەوە رادەسپێردرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم.
   
لە دوای یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانی لەسەرەتای ساڵی ٢٠٠٥ەوە دواتر یەکگرتنەوەی تەواوی حکومەت لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە لە هەموو ئەو خوولانەی پێشوودا سەرۆکی حکومەت هەر کەس بووبێت لەلایەن مەسعود بارزانی یەوە راسپێردراوە، بەپێی زانیارییەکانی سپی، بنەماڵەی بارزانی و مەکتەبی سیاسی پارتی لەهەوڵدان ئەمە بکەنە نەریتێک لە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا.

هەروەها سپی زانیوویەتی کە پارتی لەنێو پەرلەمان و بەپێی ئەو رێککەوتنە سیاسیانەی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان و لایەنەکانی تردا دەیکات کەبەشداری کابینەی نوێ دەکەن، دەیەوێت زیاتر لەدەنگی ٨٠ پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان زامن بکات لە هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی هەرێم و دەنگدان لەسەر کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کە مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکات.

 
 

PM:08:09:08/02/2019