قایمقامیەت هۆشداری دەداتە نوسینگە كشتوكاڵیەكان

مەرج و ڕێنماییەكانی فرۆشتنی دەرمان و كەلوپەلی كشتوكاڵی بڵاوكرایەوە و قائیمقامیەتی سەیدسادقیش هۆشداریدەدات لەئەگەری جێبەجێنەكردنی ئەو ڕێنماییانە.

بەگوێرەی نوسراوێكی قائیمقامیەتی قەزای سەیدسادق كە تیایدا مەرج و ڕێنماییەكانی فرۆشتنی دەرمان و كەلوپەلی كشتوكاڵی ڕونكردۆتەوە، ئاگاداری سەرجەم نوسینگەكان كراوەتەوە، بەگوێرەی‌ ئەو ڕێنماییانە دەبێت كەلوپەلەكانیان بفرۆشن، هۆشداریشدەدات، "بەپێچەوانەوە ڕێكاری یاسایی توند لەدژیان دەگیرێتەبەرو شوێنەكانیان دادەخرێت".

لەڕێنماییەكاندا هاتوە "پێویستە نوسینگەكانی كشتوكاڵ مۆڵەتی كاركردنیان پێدرابێت و لەژێر چاودێری ئەندازیاری كشتوكاڵی كاربكەن و دەبێت دەرمان و مەواد و كەلوپەلەكان، بەرواری دروستكردن و بەسەرچونی لەسەربێت و هەڵكۆڵرابێت و بەدەست لێنەبێتەوە".

ئاماژە بەوەشكراوە، "دەبێت ئەو دەرمانانەی دەفرۆشرێن یەكێك لەزمانەكانی (كوردی، عەرەبی و ئینگلیزی) لەسەربێت، لەگەڵ ناوی وڵاتی دروستكەرو هاوكات نرخەكانیشیان لەسەربێت و پسوڵەی فرۆشتنیش بدرێت بەكڕیار".



PM:12:36:18/06/2019