کەسی یەکەمی قەندیل لەسەر جیهانی شیعری شێرکۆ بێکەس قسە دەکات

جەمیل بایک هاوسەرۆکی کەجەکە کە بەکەسی یەکەمی پارتی کرێکارانی کوردستان هەژمار دەکرێت، هەرچەندە گەریلاکانی و خۆی لەژێر بۆردومانێکی توندی فڕۆکەو هێرشی تورکیادان، بەڵام یادی کۆچی دوایی شاعیری گەورەی کورد، شێرکۆ بێکەسی لەیاد نەکردووەو گفتگۆیەکی درێژی لەگەڵ ئاژانسی فورتی نزیک پەکەکەدا لەسەر جیهان و هەڵوێستەکانی ئەو شاعیرە سازکردووە.
بایک  لەو دیدارەدا دەڵێت " یادی شێرکۆ بێکەس بەرز رادەگرم. هەم وەک دۆست و هاوڕێیەک و هەم بەهۆی خزمەتەکانی بۆ گەلی کورد و مرۆڤایەتی، من هەرگیز لە یادی ناکەم". 

کەسی یەکەمی قەندیل دەڵێت" شاعیری گەورەی گەلی کورد و مرۆڤایەتی، شێرکۆ بێکەس لە ساڵیادی کۆچی دوایدا بە رێزەوە یادی بەرز رادەگرم. هەم وەک دۆست و هاوڕێیەک و هەم بەهۆی خزمەتەکانی بۆ گەلی کورد و مرۆڤایەتی، من هەرگیز لە یادی ناکەم".هەروەها ستایشی سلێمانی دەکات کە شێرکۆ بێکەس تێیدا لە دایک بووە و دەڵێت "هەستی وڵاتپارێزیی شێرکۆ بێکەس زۆر بەهێز بوو. هەر خۆی ئەو هەستە کردی بە شاعیری گەورە. وەک دەزانرێت لە باشووری کوردستان ئەو ناوچەیە کە لە هەموو ناوچەکانی تر زیاتر هونەر و ئەدەب تیایدا پێشکەتووە هەرێمی سۆرانە کە ناوەندەکەی سلێمانییە. هەر لەبەر ئەوەش وڵاتپارێزی و تێگەیشتنی سیاسییان بەهێزە. راپەڕینە یەکەم و گەورەکانی کورد لەو هەرێمەدا روویاندا. راپەڕین و هەستانەوەی کورد هونەر و ئەدەب و ئەدەب و هونەریش رابوونی کوردی بەهێزکرد. لە نێوان هونەر و ئەدەب و تێکۆشانی ئازادیدا پەیوەندییەکی راستەوخۆی لەو جۆرە بوونی هەیە. ئێمە نمونەی هەرە بەرچاوی ئەوە لە هەرێمی سۆران، کە ناوەندەکەی سلێمانییە دەبینین".

دەقی چاوپێکەوتنەکە:
 پ. ئێوە کەی و لە کوێ شێرکۆ بێکەس-تان ناسی؟
جەمیل بایک: شاعیری گەورەی گەلی کورد و مرۆڤایەتی، شێرکۆ بێکەس لە ساڵیادی کۆچی دوایدا بە رێزەوە یادی بەرز رادەگرم. هەم وەک دۆست و هاوڕێیەک و هەم بەهۆی خزمەتەکانی بۆ گەلی کورد و مرۆڤایەتی، من هەرگیز لە یادی ناکەم. خەون و خولیاکانی ئەو شاعیرە گەورەیە هەموو کات بە خەون و خولیای خۆم دەزانم. من وەک دۆست و هاوڕێیەک هەموو کات باسی ئەو بۆ گەلی کورد دەکەم. تەنها شاعیرێک نەبوو، بەڵکو هاوکات مرۆڤێکی بە پێوەر و پرەنسیپ بوو. کەسایەتییەکی هەڵگری رۆحی ئازادی بوو. هەر خۆی لە خۆیدا بەهۆی ئەوەی کەسایەتییەکی خاوەن رۆحی ئازاد بوو، بوو بووە شاعیرێکی گەورە.من لە ساڵی ١٩٩٤ دا لە سلێمانی هاوڕێی هێژا شێرکۆ بێکەسم ناسی. پەیوەندیمان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە) باشیوو. بەهۆی پەیوەندیمان لەگەڵ یەنەکەدا پەیوەندییەکی بەهێزمان لەگەڵ مامۆستا چەتۆ بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەنەکە هەبوو. رۆژێک لەگەڵ مامۆستا چەتۆ لەبارەی گەورەیی شاعیر شێرکۆ بێکەس-ەوە قسەمان کرد و من داوام لە مامۆستا چەتۆ کرد بە شێرکۆ بێکەسم بناسێنێت. ئێمە ئێوارەیەک لە ماڵێکدا و لە کاتی نانخواردندا یەکترمان ناسی. من هەم بە ناسینی ئەو شاعیرە گەورەیە دڵخۆش و هەم سەربەرز بووم. هەر چۆن فەیلەسوفێکی یونانی دەڵێت؛ هێزی ئەوانەی گۆرانی و شێعر دەئافرێنن لە هێزی ئەوانە زیاتر و گەورەترە کە یاسا دەئافرێنن. کۆمەڵگە پێش هەموو شتێک لە رێگەی ئەدیبان و هونەرمەندەکانییەوە دەبێت بە کۆمەڵگە. ئەدیبان و هونەرمەندان لە دەستنیشانکردنی کوالیتیی ژیان و بەها کۆمەڵایەتییەکاندا رۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕن. لەبەر ئەوەش پێش ئەوەی شێرکۆ بێکەس بناسم، بۆ من کەسێکی گەورە بوو، دوای ئەوەشی ناسیم بە هەموو تایبەتمەندییەکانییەوە گەورەبوونەکەیم بینی. بێگومان پەکەکە تەنها بزووتنەوەیەکی سیاسی نییە، بزووتنەوەیەکە کە کۆمەڵگە لە خوارەوە و لە رەگەوە دەگۆڕێت. بۆیە هەموو ئەدیبان و هونەرمەندان سەرنجیان لەسەر پەکەکەیە و بۆ ئەوەش سەرنجی شێرکۆ بێکەسیش چووە سەر بزووتنەوەی پەکەکە. لەبەر ئەوەش هەر هێشتا لە کاتی ناسیندابوو، کە لەبارەی نزیکایەتی و هەستی هاوبەشی گۆڕینی کۆمەڵگە و ئافراندنی دوارۆژ گفتوگۆیەکی خۆش و باشمان کردبوو.  
پ: دۆستایەتیی ئێوە لەگەڵ شاعیری گەورە لەسەرکام بەها خوڵقا و چۆن بەهێز بوو؟
جەمیل بایک: لە مێژوودا هەموو کات ئەدیبان و هونەرمەندان یەکەم شۆڕشگێڕەکانی کۆمەڵگە بوون. شۆڕشی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە چوارچێوەی پێشکەوتنەکانی ئەدەب و هونەردا روویانداوە. بۆ گەلانی وەک کورد، کە لە ژێر سڕینەوە و قڕکردنی کولتوری و رۆشنبیریدان، لە تێکۆشانی ئایدۆلۆژی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و هەڵمەتی شۆڕشگێڕیدا بە رۆڵی خۆیان هەڵدەستن و بوار بۆ پێشکەوتنی هونەری دەخوڵقێنن. بەڵام راستییەکی بەمجۆرەش هەیە، ئەوانەی دەیانەوێت بە ئەدیبان و هونەرمەندان شۆڕشێ کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەنجام بدەن و ئەگەریش بە شێوازی جیاجیاش ببێت، کاری هاوشێوەی یەک بۆ گۆڕینی کۆمەڵگە ئەنجام دەدەن. بۆ ئامانجی ژیانی نوێی کۆمەڵایەتی قوڵ دەبنەوە و تێدەکۆشن. لە راستیدا ئەدەب و هونەر لە ناو تێکۆشانی پێشوو و نوێ دا سەرهەڵدەدەن و بەرەو پێش دەچن. خۆی لە خۆیدا ئەدەب و هونەر لە ناو هەموو کۆمەڵگەکاندا نیشانەی دینامیزم و رەوتی بەهرە و توانای هەناوی کۆمەڵگەیە. هونەرمەند و ئەدیب لە چوارچێوەی چاکە و خۆشیدا دینامیزم و توانایی ناو کۆمەڵگە دەئافرێنن. دەزانرێت، کە ئەدەب و هونەر گەڕانە بە دوای چاکە و خۆشیدا، ئافرێنەرانی چاکە و خۆشین. هەوڵەکانی رێبەر ئاپۆ بۆ ئافراندنی شۆڕشگێڕێکی گەورە و ئافراندنی گۆڕانکاریی ریشەیی لە ناو کۆمەڵگەی کوردستاندا لە چوارچێوەی ژیانی باش و چاکە و خۆش دایە، بەها و نرخ و هەستی هاوبەشی ئێمە بوو، کە دۆستایەتیی ئێمەی ئافراند. شێرکۆ بێکەس ئەوەی بینی، کە زۆرترین خەون، خولیا و ئامانج و دواخوازەکانی بە تێکۆشانی رێبەر ئاپۆ و پەکەکە بەدی دێن، بۆیە پەیوەندییەکی لەو جۆرە خوڵقا. لەبەر ئەوەش بناغە و کۆنکرێتی ئەو پەیوەندییە زۆر بەهێز بوو. پەیوەندییەک بوو، کە بە هەستی خۆش و جوان بەهێز بوو بوو. لە ناو دونیاکەی رێبەر ئاپۆدا هەستەکانی خۆی دەبینییەوە. ئەو پەیوەندییە ورە و موراڵی ئەوی بەرز دەکردەوە. بەهای ئازادیی ژیان لەلای رێبەر ئاپۆ حەماسەت و خرۆشانی تیادا دروست دەکرد.دونیای شاعیران بەرفراوان و بەرینە. قورسە، کە لە قاڵب و چوارچێوەیەکدا سنووردار بکرێن و رابگیرێن. چاند و رۆشنبیری و هونەری کۆمەڵگەن. رۆشنبیری و هونەر بە شەخسی نابێت. هونەر و ئەدەبیاتی بنەماڵەپەرستی و پارچەچێتی نابێت. لەبەر ئەوەش شێرکۆ بێکەس لە دڵ و مێشکی گەلی کورد و هەموو مرۆڤایەتیدا بووەتەخاوەن پێگەیەک. بۆی گرنگ بوو کە رێبەر ئاپۆ کاریگەریی لەسەر گەلی کورد و لە هەموو کوردستان و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا دروستکردووە. شێرکۆ بێکەس خواستی هەستەکانی و ئەو هەستە بە هەموو کوردستاندا بڵاوبکرێتەوە. هەست، رامان و هەوڵەکانی رێبەر ئاپۆ، کە هەستی کوردانی دەکرد بە یەک و یەکیدەخستن، بە هێژا دەزانی. لەبەر ئەوەش زۆر بابەت هەبوون، کە دۆستایەتیی ئێمەی بەهێز دەکرد. بێگومان گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی، کە بە تێکۆشانی شۆڕشگێڕیمان لە ناو هونەر و ئەدەب دا ئافرێنرابوو، ئەوە لە هەموو شتێک جۆش و خرۆش و حەماسەتی لەو شاعیرە گەورەیەدا دروست دەکرد. هونەرمەند و شاعیر لێکۆڵەری گەورەن. خۆی لە خۆیدا هەموو کات رۆڵی شاعیران لە دروستکردنی شەپۆلی فیکری نوێ لە ناو مێژوودا چارەنووسساز بووە. بەهێز و توانایی بۆ رەخنەگرتنیان هەیە و لە دژی هەموو ئەو شتانەن، کە کۆمەڵگە لاواز دەکەن و هەڵوێستیان خستووەتەڕوو. شێرکۆ بێکەس لێکۆڵەربوون و گەڕانەکانی خۆی لە ناو پەکەکەدا بینی. مردن بۆ شاعیران و هونەرمەندان ئەوەیە، کە بوار و کات بۆ لێکۆڵینەوە و بە دوادچوونەکانیان نەبینن. بۆیە راستیی رێبەر ئاپۆ و پەکەکە وایکرد، کە روو لە ئومێدە نوێکان بکات تاوەکو ببێتە وەڵامدەرەوە بۆ لێکۆڵینەوەکانی، چونکە بۆچوونەکانی رێبەر ئاپۆ و لێکۆڵینەوەکانی بە بەردەوامی بۆ گۆڕانکاری، هەڵگری کارەکتەرێکی بەو شێوەیەیە، کە هەموو کات ئامانجی هێنانەدیی باشی و خۆشییە و ئەوە دەکاتە ئامانج.
پەیوەندیی ئێمە لەو چوارچێوەیەدا دەستیپێکرد و بەبێ پسانەوە بەردەوامیی هەبوو. هەر کات دەچوومە سلێمانی دەچووم سەردانم دەکرد. هەر کات دەچووم بۆ سلێمانی هەموو کات بینیی ئەو شاعیرە گەورەیە لە بەرنامەمدا بوو. بۆ من وەک سەردانکردنی شوێنێکی پیرۆز بوو. خۆی لە خۆدا هونەرمەند و ئەدیبان کاری پیرۆز دەکەن. دونیای مەعنەویی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەکان بەهێز دەکەن. رێبەر ئاپۆ ئەدەب و هونەری وەک ئایین و وەک میتافیزیک شیکار دەکرد. زۆر گرنگە، کە  سروشتی مرۆڤ بە مەعنەویت بڕازێنرێتەوە. ئەوەش رووی میتافیزیکی مرۆڤەکانە.

پ: لە راستیی کوردستاندا جاروبار لە ناو حیزب و بزووتنەوەکاندا کێشە روودەدا، ئەوە چ کاریگەرییەکی لەسەر پەیوەندییەکەی ئێوە دروستکرد؟
جەمیل بایک: شێرکۆ بێکەس پەیوەندیی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە)دا هەبوو. کوردێکی وڵاتپارێز بوو، بۆیە بە خەمساردی لە دۆخی سیاسی نزیک نەدەبوویەوە. لەبەر ئەوەش لە تێکۆشانی سیاسیی باشووری کوردستاندا هەڵوێستی خۆی بە ئاراستەی یەنەکەدا خستبووەڕوو. ئەوەشی ئێمەی بە یەکتری ناساند بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەنەکە مامۆستا چەتۆ بوو. هەموو کات پەیوەندیمان لەگەڵ یەکێتی باش بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی چەندین هێز لە باشووری کوردستان تێکۆشانی سیاسی دەکەن، لە ناو حیزبە سیاسییەکاندا کێشە روودەدات. ماوەیەکیش لە نێوان ئێمە و یەنەکەدا کێشەی قورس هەبوون. ئەو دۆخە کاریگەریی لەسەر پەیوەندیی ئێمەش لەگەڵ شێرکۆ بێکەس دروستکرد. شێرکۆ بێکەس هەڵوێستی خۆی بە ئاراستەی یەنەکەدا خستەڕوو. ئێمە ئەوەمان نەکرد بە کێشە و لێی تێگەیشتین. هەر چەند پەیوەندیمان لەگەڵ یەنەکە باش نەبوو، بەڵام پەیوەندیمان لەگەڵ شێرکۆ بێکەس بەردەوام بوو. شێرکۆ بێکەس لە دوای ماوەیەکی کورت هەڵوێستی خۆی گۆڕی. نزیکایەتیی بەو جۆرە بوو، کە هەموو کات دەیخواست لە ئێمە تێبگات. لەبەر ئەوەش پەیوەندیی ئێمە لە دوای ماوەیەکی کورت بەهێز بوویەوە. شێرکۆ بێکەس مرۆڤێکی دادپەروەر بوو. کەسایەتییەکی وای نەبوو، کە بە قسەی هەندێک کەس جۆڵەی بکردایە. هۆشمەندی و عەقڵییەتی باشی و خۆشی وایکردبوو هەموو کات هەڵوێستی خۆی بەلای حەقیقەت و راستیدا بخاتەڕوو. کەسایەتیی ئەو ناهەقی و نادادپەروەریی قبوڵ نەدەکرد. ئەوە تایبەتمەندییەکی بنەڕەتیی ئەو بوو. بەو شێوەیە ئەو هەموو کات لە ریزی هێژاترین رۆشنبیرانی گەلی کورد دایە. بەو هەڵوێستەی خۆی دەبێتە نمونە بۆ رۆشنبیرانی کورد. بەرژەوەندیی شەخسی بۆ شێرکۆ بێکەس گرنگ نەبوو، بۆ ئەو بەها کۆمەڵایەتییەکان و بەهێزکردنی بەها کۆمەڵایەتییەکان گرنگ بوو. ئەگەر لە ناو کورد هێشتا بەها کۆمەڵایەتییەکان بەهێز بن ئەوە بۆ رۆڵی زۆر گرنگی ئەدیبان، هونەرمەندان و رۆشنبیرانی هاوشێوەی شێرکۆ بێکەس دەگەڕێتەوە.
بە تایبەتی لە دونیای بەرژەوەندییەکاندا، کە مۆدێڕنیتەی کاپیتالیست ئافراندوێتی، تایبەتمەندیی رۆشنبیری وەک شێرکۆ بێکەس، کە هەموو کات هەڵوێستی خۆی بەلای راستیدا دەخاتەڕوو، زۆر گرنگ و هێژایە.بە کورتی نزیکایەتی مەودادار بۆ ماوەیەکی کورت هەم بۆ ئەو و هەم بۆ ئێمەش بووە قۆناغ و پرۆسەیەکی باشتر لێکتێگەیشتن و شایان بینینی ئەو پەویوەندییە. پەیوەندیی ئێمە لەو قۆناغەدا بەهێز بوو.

پ: زۆر باسی پەیوەندیی ئێوە لەگەڵ شاعیری گەورە دەکرێت، ئێوە ئەوە چۆن لێکدەدەنەوە؟
جەمیل بایک: پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ شاعیری گەورە هەرگیز نەپچڕا. ئەو کاتانەشی یەکترمان نەدەبینی نامەمان  بۆ یەکتر دەنووسی. ئێمە لە نامەکاندا لەبارەی هەندێک بابەتەوە بۆچوون و هەستی خۆمان خستووەتەڕوو. ئەویش شیعرەکانی خۆی بە دەنگی خۆی دەنارد. کتێبەکانی خۆیشی بە ئیمزای خۆیەوە دەنارد. دەیخواست کارەکانی لەلایەن بزووتنەوەی ئازادیمانەوە بزانرێت. پەیوەندیی ئێمە پەیوەندییەکی فەرمی و پرۆتۆکۆڵی نەبوو. پەیوەندییەکەمان بەهۆی بەها گرنگەکان بۆ گەلی کورد و مرۆڤایەتییەوە دروستبوو بوو. لەبەر ئەوەش تەنانەت کاتێک یەکترمان نەدەبینی و بۆ یەکترمان نەدەنووسی، هەر هەستەکانمان هاوبەش بوون و لە یەکتر تێدەگەیشتین. لە پەیوەند لەگەڵ کارەکانی ئێمەشدا ئەو هەستانمانە دەردەکەون و دەبینرێن. پێش ئەوەی نەخۆش بکەوێت سەردانی قەندیلی کرد و لەوێ یەکترمان بینی. لە ئەنجامی گفتوگۆکەماندا شێرکۆ بێکەس پێشنیازی کرد، کە شاعیران، رۆماننووسەکان، ئەدیبان و هونەرمەندانی باشوور بێنێت بۆ قەندیل و لەگەڵیاندا کۆبوونەوەیەکی پڕ لە گفتوگۆ رێکبخات. ئێمە قبوڵمان کرد، بەڵام لەبەر ئەوەی دوای ماوەیەکی کورت نەخۆش کەوت، ئەو پلانەمان سەری نەگرت.
ئەوەی منی بێتاقەت کرد و پێی ئێشام، ئەوە بوو کاتێک نەخۆشییەکەی لێی قورسکرد، ئەو نامەیە، کە من بۆم نووسیبوو بە دەستی نەگەیشت. نامەکە گەیشتە دەست بنەماڵەکەی. لە دوا هەناسەکانیدا ئەگەر پێی بگەیشتایە ئێمە بە هەستە هاوبەشەکانمانەوە ماوەیەکی تر لەگەڵ یەکتر دەژیاین و ئەوە بۆ ئەو زۆر هێژا  گرنگ دەبوو. دوای کۆچی دوایی ئێمە داوامان لە میدیای ئازاد کرد، کە هەموو کات یادی شاعیری گەورە بکەنەوە، کەسایەتی و هونەرەکەی نیشان بدەن و بڵاوی بکەنەوە. بێگومان بڵاوکرایەوە و نیشاندرا، بەڵام لەبەر ئەوەی وەک پێویست نەکرا، ئێمە میدیا و چاپەمەنییەکانمان رەخنەکرد. لە ناو دۆخی رۆژانەدا ئەو بەهایەی ئێمە بە باشی هەڵسەنگاندن و لێکدانەوە و شیکاریی بۆ ناکرێت. ئەوە لە کاتێکدایە ئەوەی دەمێنێتەوە بەهاکانمان. لە ئافراندنی دوارۆژدا رۆڵ و بۆچوون و هەستەکانی ئەو مرۆڤە گەورانە زۆر گرنگن.
دەبێت باسی ئەوەش بکەم، رێبەر ئاپۆ، شێرکۆ بێکەسی زۆر بە هێژا دەزانی. هەموو کات سڵاوی بۆ دەنارد. یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی رێبەر ئاپۆ ئەوە بوو، هەموو کات ئەدیبان و هونەرمەندانی زۆر بە هێژا سەیر دەکرد. لە ژیانی کۆمەڵایەتی و شۆڕشگێڕیدا زۆر باش لە گرنگیی هونەرمەندانی دەزانی. بەهاکانی شۆڕش تەنها بە ئەدەب و هونەر هەمیشەیی و هەرمان دەکرێت. لەبەر ئەوەش بۆ خوڵقاندنی بەرهەمی پتەوتر هانی دەدان. رێبەر ئاپۆ دەیوت، هەر چۆن هونەرمەند و شاعیر خزمەت بە کۆمەڵگە دەکات، تێکۆشانەکەی ئێمەش خزمەتێکی گەورەیە بۆ هونەرمەندان. پەیوەندیی دۆستانەی شێرکۆ بێکەس لەگەڵ بزووتنەوەکەماندا بەو هۆیەوە بەهێز بوو.
پەیوەندییەکەمان لە پەیوەندییەکی دۆستانە زیاتر بوو. بە قوڵبوونەوە و هەوڵەکانی خۆمان کارمان بۆ ئامانجێکی هاوبەش دەکرد. هەوڵەکانی شاعیری گەورەش و ئێمەش بۆ ئافراندنی هەستە نوێکانی کۆمەڵگە بوو. لەبەر ئەوەش ئێمە هەستی خۆمان بەهێز دەکرد. لە دۆستایەتی زیاتر، ئێمە هاوڕێی یەکتر بووین. لەبەر ئەوانەش پەیوەندیی ئێمە هەموو کات بەردەوام و بەهێز بوو.

پ: ئێوە چۆن لێکدانەوە بۆ هۆشمەندی و تێگەیشتنی ئازادی و وڵاتپارێزیی شێرکۆ بێکەس دەکەن؟
جەمیل بایک: هەستی وڵاتپارێزیی شێرکۆ بێکەس زۆر بەهێز بوو. هەر خۆی ئەو هەستە کردی بە شاعیری گەورە. وەک دەزانرێت لە باشووری کوردستان ئەو ناوچەیە کە لە هەموو ناوچەکانی تر زیاتر هونەر و ئەدەب تیایدا پێشکەتووە هەرێمی سۆرانە کە ناوەندەکەی سلێمانییە. هەر لەبەر ئەوەش وڵاتپارێزی و تێگەیشتنی سیاسییان بەهێزە. راپەڕینە یەکەم و گەورەکانی کورد لەو هەرێمەدا روویاندا. راپەڕین و هەستانەوەی کورد هونەر و ئەدەب و ئەدەب و هونەریش رابوونی کوردی بەهێزکرد. لە نێوان هونەر و ئەدەب و تێکۆشانی ئازادیدا پەیوەندییەکی راستەوخۆی لەو جۆرە بوونی هەیە. ئێمە نمونەی هەرە بەرچاوی ئەوە لە هەرێمی سۆران، کە ناوەندەکەی سلێمانییە دەبینین. راپەڕینی بابان و مەحمود بەرزنجی نمونەیەکی بەرچاوی ئەوەن.
لە کاتی چاوپێکەوتنەکان بۆ رێککەوتنی لۆزان و لەو کاتەدا کە مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکرا کە موسڵ و کەرکوک بخرێنە سەر کوێ، لە مشتومڕەکاندا تورکیا بە پێداگرییەوە دەیخواست بیانخاتە سەر خۆی. هەرێمی سۆرانیش لە ناوەندەکەی خۆیەوە لە سلێمانی وتی، نە دەیانەوێت بخرێنە سەر عێراق و نە دەیانەوێت بشخرێنە سەر تورکیا. دوای ئەوەش کە سوریانییەکانیش نەیانخواست بخرێنە سەر تورکیا، موسڵ  و کەرکوک نەخرایە سەر تورکیا.  شێرکۆ بێکەس لە ناو راستییەکی لەو شێوەیەی کۆمەڵگەیەکی مێژوویدا خۆڵقا. هونەرمەندبوون، ئەدیبوون و وڵاتپارێزییە گەورەکەی بەو هۆیەوە بوو. هەر لە شیعرەکانیدا هەمیشە باس لە خۆشەویستیی وڵات و عەشقی ئازادی دەکات. هەموو کات پەیوەندی لە نێوان داخوازیی ئەو بۆ ئازادی و کەسایەتیی راپەڕیویدا دەبینرێت و هەیە. کەسایەتیی ئەو هەرگیز ئەوە قبوڵ ناکات کە بە ناوچەیەکەوە سنووردار بکرێت. سەربەخۆپارێز و ئازادیپارێزە. لەبەر ئەوەش هەموو کات نۆکەری بێزار و توڕەی کردووە. ئەوەش ئەو لایەنەی رێبەر ئاپۆ و پەکەکە بوو، کە ئەو زۆر حەزی لێدەکرد. لە جوگرافیایەکدا (کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست)، کە هاوسەنگیی دونیای تیادا بونیات دەنرێت و چەندین هێز دەستیان تیایەتی، سیاسەتی سەربەخۆ و هەڵوێستی ئازاد-ی (پەکەکە) کاریگەریی لە شێرکۆ بێکەس کردبوو.
وڵاتپارێزییەکەی تەنها بۆ هەرێمی سۆران و باشووری کوردستان نەبوو، بەڵکو لە نزیکەوە تێکۆشانی ئازادیی لە هەموو کوردستان پەیوەندیدار بە خۆیەوە دەزانی. خەون و تامەزرۆیی وڵاتپارێزیی دیموکراتیک لەگەڵ شێرکۆ بێکەس زۆر بەهێز بوو. هەم هەوڵی دەدا یەکێتیی هەستی گەلی کورد بەهێز بکات و هەمیش کۆمەڵگە و پێکهاتە ئیتنی و ئایینییە جیاوازەکانی کوردستانی بە بەشێک لە تێکۆشانی ئازادیی کوردستان دەزانی. ئەو عەقڵییەتە سیاسییە، کە لە سەدەی ٢٠ دا کوردستانی پارچە پارچە کرد و ئەو هەستە، کە بەو هۆیەوە دروستبوو، بە رەوای نەدەزانی. ئەو لە هەست و هەڵوێستی خۆیدا کوردستانی کردبوو بە یەک. لەبەر ئەوەش تێکۆشانی ئازادیی نەتەوەیی لە باکووری کوردستان تێکۆشانی شێرکۆ بێکەسیش بوو. گەریلا بۆ ئەو گەریلای هەموو گەلی کوردستان بوو. ئەو هەستانەی شێرکۆ بێکەس بوونە هۆی ئەوە، کە داوای ئەو بۆ یەکێتیی نەتەوەیی و ئەنجامدانی کۆنگرەی نەتەوەیی بەهێزتر ببێت. لەبەر ئەوەش بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لەو هەوڵانە دەکرد.
گەڕان و لێکۆڵینەوەکانی بۆ ئازادی تەنها ئازادیی سیاسی نەبوو، بەڵکو ئازادیی کۆمەڵگە و دیموکراسیش بۆ ئەو زۆر گرنگ بوو. لەبەر ئەوەش لە نزیکەوە سەرنجی دەخستە سەر  کێشە کۆمەڵایەتییەکان. نەک تەنها سەرنجی دەخستە سەر کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە باشوروی کوردستان، بەڵکو بە هەمان شێوە سەرنجی دەخستە سەر کێشە کۆمەڵایەتییەکانی هەموو کوردستان. لەبەر ئەوەش چاودێر و رەخنەگرێکی باش بوو. هەر خۆی تایبەتمەندیی رەخنەگربوونی هەندێک لایەنی قەڵس و بێزار کردبوو. کاتێک وڵاتپارێزی و ئازادیی کۆمەڵایەتی و دیموکراسی تەواوکاری یەکتر نەبوانەیە، ئەوەی بە وڵاتپارێزی نەدەزانی. هەر خۆی لە خۆیدا هەڵوێست و نزیکایەتیی بۆ کێشە کۆمەڵایەتی، دیموکراسی و ئازادییەکان ئەوەی دەسەلماند، کە خاوەن چ هەستێکی وڵاتپارێزانەیە. 

پ: شێرکۆ بێکەس شاعیرێکی گەورەیە و وەکو سیاسەتمەدار، شەڕڤانێکی ئازادی، وڵاتپارێزێکی گەورە و پێشمەرگەیەکیش لە بەرامبەرماندا ئامادەیە، باشە دەکرێت تەنها بە شێرکۆ بێکەس بوترێت شاعیر؟
جەمیل بایک: دەبێت ئەوە بڵێم، شاعیر و هونەرمەند تەنها شیعر نانووسن و گۆرانی ناچڕن، بەڵکو لە مێژوودا هونەرمەندان، گۆرانیبێژان و شاعیران باسی پێویستییان بە گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا کردووە. عەقڵییەتی مۆدێڕنیتەی کاپیتالیست ئەوەیە، کە دەیەوێت ئەدەب، هونەر و رۆشنبیری لە پەیوەند لەگەڵ کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دوور بخاتەوە. بۆ ئەوەی بتوانێت بە ئاسانی دەستبەسەر کۆمەڵگەدا بگرێت. کاریشی بۆ دروستکردنی ئەو عەقڵییەتە کردووە. تەنها هونەرمەندان و شاعیرانی مۆدێڕنیتەی کاپیتالیست دەیانەوێت سیاسەت و کێشە کۆمەڵایەتییەکان بە جیا و دابڕاو لە یەکتری شیکار بکەن، بەڵام هەڵوێستی شاعیران و هونەرمەندان بە درێژایی مێژوو جیاوازترە لەوەی کە مۆدێڕنیتەی کاپیتالیسم دەیەوێت پێناسەی بکات و بیچەسپێنێت. هونەرمەندان کۆمەڵگە لە سیاسەت، ئازادی و تێکۆشانی دیموکراسیی کۆمەڵگە هۆشیار و ئاگادار دەکەنەوە و ئەوە یەکێکە لە ئەرکە سەرەکییەکانیان. شێرکۆ بێکەس لە ژیانی خۆیدا ئەوەی کردووە. شێرکۆ بێکەس باش دەیزانی لە وڵاتێکدا، کە ئازادی و سەربەخۆیی تیادا نەبێت، لە ناو کۆمەڵگەکەیدا باشی و جوانی بونیات نانرێت و نائافرێنرێت. لەبەر ئەوەش، ئەو پەیوەندیی بە رۆشنبیری و هونەرەوێکەوە هەیە، کە لە ناو تێکۆشانی ئازادیدایە. ئەگەر ئەوەی نەکردایە نەدەبووە هونەرمەند و شاعیر. خۆی لە خۆیدا بەتەنها کەسایەتییەکی رووتی وەک شاعیر و گۆرانیبێژ بوونی نییە، چونک بە دڵنیاییەوە هەڵوێستی سیاسییان هەیە و لەبەر ئەوەش لە بواری سیاسیدا چالاکن. پێشمەرگایەتی و چالاکییە سیاسییەکانی بەهۆی هەڵوێستە هونەری و شاعیرییەکەیەوەیە. ئەگەر لە کوردستان تێکۆشانی دیموکراتیکی نەتەوەی و تێکۆشانی ئازادی  نەبوایە، ئەی ئەو شیعری بۆ کێ بوتایە و چۆن هونەرەکەی بخستایەتەڕوو؟ لەبەر ئەوەش هەڵوێستی شێرکۆ بێکەس راست و دروستە. ئەوانەی خۆیان لە تێکۆشانی ئازادی و کێشە کۆمەڵایەتییەکان بە دوور دەگرن، هەڵوێستیان هەڵەیە و یان نازانن لە چۆن وڵاتێک دا دەژین. لەبەر ئەوانەش دەبێت هونەرمەندان و شاعیران وەکو شێرکۆ بێکەس و زیاتریش پەیوەندییان بە سیاسەتەوە هەبێت و لە ناو تێکۆشانی ئازادیدا بن.

پ: شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس لە دژی داگیرکەران راپەڕینێکە. ئێمە لە هەموو شیعرەکاندا چیاکانی کوردستان و تێکۆشانی ئازادی دەبینین. وەک دەبینرێت، شیعرەکانی خۆی پێشکەشی تێکۆشەران کردووە. لەو چوارچێوەیەدا دەبێت ئێمە چۆن لێکدانەوە و شیکاری بۆ کەسایەتیی ئەو بکەین؟
جەمیل بایک: شێرکۆ بێکەس شاعیرێکی پڕ لە جۆش و خرۆش بوو. ئەو شیعرانەی کە دەیخوێندنەوە پێناسەی کەسایەتیی ئەو بوون. بە جۆش و خرۆش شیعرەکانی دەخوێندەوە. خاکی کوردستان چۆن بە شکۆ و جۆش و خرۆشە، شێرکۆ بێکەسیش بەوشێوەیە بوو. زۆر گرنگە مرۆڤ بە چاوی دایکایەتییەوە سەیری چیا، دەشت و وڵات بکات. ئەگەر ئەو چیا و  دەشتانەت خۆش بوێت ئەوا بە رۆشنبیری و کارەکتەری فیزیکیش تۆ لەو جوگرافیایە تێدەگەیت. شێرکۆ بێکەس شاعیرێکی وڵات بوو، کە کۆمەڵگە بونیات دەنێت. کوردستان بۆ ئەو مێژوو و دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری بوو. لەبەر ئەوەش زیاتر لەسەر چیا هەڵوەستەی کردووە. ئەوانەی وڵات و گەلی خۆیان خۆشدەوێت، تێکۆشانیشان خۆش دەوێت. چونکە گەل و کۆمەڵگە بوونەتە هەڤاڵی تێکۆشەران. ئەگەر بەو بەهایە بەرز رانەگیرێت ئەوا کۆمەڵگە ناتوانێت خاوەنداری لە ئازادی و وڵاتی خۆی بکات. ئەوانەی خاوەنداری لەو بەهایانە دەکەن بۆ ئازادی تێدەکۆشن و خاوەنداری لە ئازادیی خۆیان دەکەن، چونکە خاوەنداریکردن لە تێکۆشانی ئازادی بە مانای خاوەنداریکردنە لە کۆمەڵگە. ئەو کۆمەڵگەیانە لە بەهاکان تێنەگەن بەرگەی هێرشێکی بچووک ناگرن و لەبەر یەکهەڵدەوەشن. دەبێت مرۆڤ خاوەنداری لە نرخ و بەهاکانی کۆمەڵگە بکات. ئەو بەها و نرخانە لە ژێر سایەی کەسەکاندا خۆی زەق و بەرجەستە دەکات، یانی دەبێت ئەو کەسانە زۆر زیاتر لە هەموان خاوەنداری لەو نرخ و بەهایانە بکەن. خاوەنداریکردنی هونەرمەندان و شاعیران و گۆرانیبێژانیش زۆر گرنگە. کۆمەڵگەیەک خاوەنداری لە شاعیران و هونەرمەندانی خۆی بکات زیاتر دەتوانێت خاوەنداری لە ئازادی و ژیانی دیموکراتیک بکات.
شاعیران لە پێش هەموو شتێکەوە خاوەنداری لە تێکۆشەرانی باشی و جوانی دەکەن و بەوەش لە پێش هەموو شتێکەوە خاوەنداری لە خۆیان دەکەن، چونکە هونەرمەندان ئافرێنەرانی جوانی و باشی و چاکەن.
شێرکۆ بێکەسیش بە جوانترین شێوەی روون و بەرچاو خاوەنداریی لە تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی و خاوەنداریی لە رێبەر ئاپۆ کرد. لە دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی روونترین هەڵوێستی نواند. هەڵوێستی شێرکۆ بێکەس بووە هۆی ئەوە لە سلێمانی و باشووری کوردستان دا چالاکیی ئیدانەکردنی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی رێکبخرێت. بەهۆی هەڵوێستەکانی ئەو لە دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی و بەهۆی خاوەنداریکردنی لە رێبەر ئاپۆ، من جارێکیتر سپاسی خۆمی پێشکەش دەکەم. هەرگیز ئەو هەڵوێستەی ئەو لەلایەن گەلەکەمانەوە فەرامۆش ناکرێت.
شێرکۆ بێکەس  بۆ رێبەر ئاپۆ شیعرێکی پڕ لە مانا و واتاداری نووسیوە. یەکەمجار خۆی بە تەلەفون بەشداریی بەرنامەی تەلەفزێۆن بوو و خۆی بە دەنگی خۆی شیعرەکەی خوێندەوە. ئەو شیعرەی زۆر جار لە تەلەفزیۆنەکانی ئێمەدا خوێندووەتەوە و رۆڵیشی هەبوو لەوەدا کە رێبەر ئاپۆ لە دڵ  و نەست و هۆشی کوردا زیاتر گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت. هەروەها ئەو شیعرە لە زمانی هونەرمەندێکەوە، دەبێتە ماڵئاواییەک و خاوەنداریکردنێک لەو رەنجە، کە رێبەر ئاپۆ بۆ کوردی داوە. بەو شیعرە، تێکۆشانە واتادارەکەی رێبەر ئاپۆ بۆ ئازادیی کورد شیکار دەکات. نووسینی شیعرێک بۆ رێبەر ئاپۆ لەلایەن شاعیرێکی گەورەوە، بۆ ئێمە جێگای شانازی و شکۆیە. ئەو شیعرەی شێرکۆ بێکەس بۆ کۆمەڵگەی کورد لە چوار پارچەی کوردستان دەبێتە بانگەوازێک کە نرخ و بەها بەو کەسانە بدەن، کە قوربانیی بۆ دەدەن و تێدەکۆشن. رێبەرایەتی کە هونەرمەندان، شاعیران و گۆرانیبێژان خاوەنداریی لێدەکەن، ئەوە بێگومان گەلیش خاوەنداریی لێدەکات. یەکێک لەو هۆکارانە کە ئەمڕۆ بەو رادەیە خاوەنداری لە رێبەر ئاپۆ دەکرێت بۆ ئەو ئەندازەیە لە خاوەنداریکردنی گۆرانیبێژان، شاعیران و ئەدەبیان لە رێبەر ئاپۆ دەگەڕێتەوە، کە بۆ گەل تێکۆشاوە و بەهای خوڵقاندووە.
شێرکۆ بێکەس بە شیعریک بۆ ٤ شۆڕشگێر (شیرین عەلەم هولی، فەرزاد کەمانگەر، عەلی حەیدەریان و فەرهاد وەکیلی) کە لە ئێران لە سێدارە دران، ئەوەی سەلماند کە دەبێت مرۆڤ خاوەنداری لە تێکۆشەرانی ئازادی بکات. بەو شێوەیە شیرین عەلەم هولی، عەلی حەیدەریان، فەرزاد کەمانگەر و فەرهاد وەکیلی بە شیعرەکەی خۆی هەرمان و نەمر کرد و لە دڵ و هۆشی گەل دا ئەوانی کردە مەڵبەندی گفتوگۆ و بیرکردنەوە. شێرکۆ بێکەس ئەوەی سەلماندووە، کە لەگەڵ تێکۆشانی چوارپارچەی کوردستان دا دەژی و هەم خواستویەتی بەها و نرخەکانی هەموو پارچەکانی کوردستان نەمر وهەرمان بکات. بەو شێوەیە سەلماندوێتی، کە دەبێت پێوەری چاکە و جوانی گەل چۆن بێت. بۆ ئەوەی کارەکتەر و تێکۆشانی تێکۆشەرانی ئازادی بکاتە پێوەری کۆمەڵگە لە شیعرەکانی خۆیدا جێگە و پێگەی بۆ تەرخانکردوون. هەر چۆن لە مێژوودا ئەو قارەمانانەی لە رۆمان و چیرۆکەکاندا بۆ گەل کاریان کردووە و تێکۆشانەکەیان بووەتە پێوەری گەل، ئەوانیش بە شێوەیەک، واتە زۆر بەرچاو بوونەتە پێوەری چاکە و جوانی، شێرکۆ بێکەس-یش بە شیعرەکانی، ژیان، کارەکتەر و تێکۆشانی تێکۆشەرانی ئازادیی کردووەتە نمونە. کار بۆ ئەوە دەکات، کە نەوەی نوێ لەو پێوەرانە تێبگەن. ئەوەش ئەو راستی و حەقیقەتەش نیشان دەدات، کە شاعیر، هونەرمەند، گۆرانیبێژ و ئەدیب و رۆشنبیران بۆ کۆمەڵگە گرنگن.
لەو رووەوە شێرکۆ بێکەس ئەو شاعیرەیە، کە پێوەرەکانی وڵاتپارێزی، ئازادی، گەلپارێزی و دیموکراسیی خستووەتەڕوو. کارەکتەرە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن شاعیران و هونەرمەندانەوە باشتر و چاکتر بۆ کۆمەڵگە دەستنیشان دەکرێن. لەو رووەوە دەبێت مرۆڤ شێرکۆ بێکەس وا ببینێت، کە وەک هەموو شاعیران و هونەرمەندان رۆحی گەلی کورد دەئافرێنێت. سیاسەتمەداران و شۆڕشگێڕان دەرفەتی چاکە و باشی و سەربەرزی دەئافرێنن و دەیخەنەڕوو، شاعیرانیش ئەوانە دەکەنە کۆمەڵایەتی و هەرمان و نەمریان دەکەن. دەبێت مرۆڤ شێرکۆ بێکەس-یش بە شاعیرێکی لەو جۆرە بزانێت، کە رۆح  و گیانی کۆمەڵایەتی و کارەکتەری کۆمەڵایەتی دەئافرێنێت.

پ: ئەگەر ئێستا شێرکۆ بێکەس لە ژیاندا بوایە، لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک بۆ سەر برادۆست و پارچەکانی تری کوردستان چیی دەکرد؟  
جەمیل بایک: وەڵامی ئەو پرسیارە روونە، بە دڵنیاییەوە شاعیرێکی وەک شێرکۆ بێکەس لە دژی هێرشەکانی دەسەڵاتی فاشیستیی و قڕکەر و پاکتاوکارانەی ئاکەپە – مەهەپە، دوژمنانی کورد لەسەر باشووری کوردستان و لە دژی هێرشە پاکتاکارانە و قڕکەرەکان بۆ سەر رۆژئاوا رادەپەڕی و داواشی لە گەل دەکرد لە دژی ئەو هێرشانە راپەڕن. ئەو هەڵوێستی نۆکەرایەتیی حیزبەکان و ئۆپۆرتۆنیستیی و ترسنۆکیی قبوڵ نەدەکرد. ئەو داوای دەکرد گەل لە دژی ئەو حیزبانە و ئەو جموجوڵە داگیرکەرییە راپەڕن.
شێرکۆ بێکەس هەرگیز قبوڵی نەدەکرد، کە هیچ شوێنکی کوردستان لەلایەن هێزەکانی دوژمنی پاکتاوکارەوە بە فڕۆکەی جەنگی بۆردومان بکرێت. لە دژی کۆمەڵکوژکردنی هاووڵاتییانی مەدەنی و ئاگرتێبەردانی دارستانەکان دەبوو، کە هێژاترین گەنجینەی کوردستانن، کە ئێستا لە هەموو شوێنێکەوە لەلایەن داگیرکەرانەوە ئاگریان تێبەردەدرێت. بە دڵنیاییەوە وەک ویژدانی گەل رادەپەڕی و لە دژی ئەو هێرشە داگیرکەرییانە و لە دژی بێدەنگی رادەپەڕی.
شاعیرێک کە عاشقی وڵات، چیا، دارستان، باڵندە، گوڵ، مێرو و دەشتەکانە، چۆن رێگا بە خۆی دەدات بە بەرچاوییەوە داگیرکەری و تاڵانکاری و سوتماک رووبدات؟ ئاگر تێبەردانی دارستانەکان سوتاندنی داهاتووە. ئەگەر مرۆڤ بیری لێ بکاتەوە ئەو ناوچانەی کە زۆر نزیکی باشووری کوردستانن دەبنە چۆڵەوانی، ئەو کات ئاگرتێبەردانی دارستانەکان کوردستان دەکاتە چۆڵەوانی.
شاعیر، هونەرمەند، گۆرانیبێژ و مرۆڤە رۆشنبیر و ئەدیبەکان ناتوانن ترسنۆک بن، ناتوانن چاوی خۆیان لە راستییەکان بنوقێنن، بە پێچەوانەوە چاوی کۆمەڵگە دەکەنەوە. لەو رووەوە دەوڵەتی تورک لەلایەن دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە باشووری کوردستان دەکاتە سوتماک، دەرفەتیشی بۆ بڕەخسێت داگیریشی دەکات، هەڵبەت شێرکۆ بێکەس بێگومان لە دژی ئەو داگیرکەرییە دەوەستایەوە. هەر لە دژی ئەو کارانە چالاکانە کاری دەکرد. ئەو گوشاری دروست دەکرد، کە دەبێت هێزە سیاسییەکان لەو رووەوە ببنە خاوەن هەڵوێست.
شێرکۆ بیکەس قبوڵی نەدەکرد، کە کوردستان لەلایەن سوپای تورکەوە داگیربکرێت، باشووری کوردستان لەلایەن میت-ەوە بەوشێوەیە گرمۆڵە بکرێت.  لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا، کە باشووری کوردستان بۆ دەستکەوتەکانی قوربانیی زۆری داوە، ئەو لە دژی هێرشەکان دەوەستایەوە، کە ئامانجی ئەو هێرشانە تێکشکاندنی ورە و موراڵی کوردە، ئەو داوای دەکرد شاعیران، هونەرمەندان بە گیانی ئازادییەوە لە دژی داگیرکەران بوەستنەوە. لە راستیدا هەڵوێستی هەموو وڵاتپارێزان هەر بەو شێوەیە دەبێت.
شێرکۆ بێکەس دەیوت، ئەو هێرشانە تەنها بۆ سەر پەکەکە و گەریلا نییە و بۆ سەر هەموو گەلی کورد بۆ سەر هەموو دەستکەوتەکانی کوردە، بێگدەنگیی وەکی خافڵان لێکدەدایەوە. شێرکۆ بێکەس بێ دوودڵی لە دژی داگیرکەری هەڵوێستی وەردەگرت. لەو رووەوە دەبێت هەموو گەلی کورد گوێ لە شاعیرانی بوێر و ئازا بگرن، کە لە دووی بەرژەوەندیی خۆیانەوە نین، دەبێت گوێ لە شاعیران، هونەرمەندان و رۆشنبیرانی خاوەن رۆح و گیانی ئازاد بگرن. گرنگترین و لە پێشترین رێز و دڵسۆزی بۆ شێرکۆ بێکەس پێویستیی هەڵوێستە لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکان.

پ: دوا وتەتان بۆ شێرکۆ بێکەس چییە و دەتانەوێت چێ بڵێن؟
جەمیل بایک: ٥ ساڵ بەبێ شێرکۆ بێکەس تێپەڕی و نیشانی دا بۆشایی شوێنەکەی بە ئاسانی پڕ ناکرێتەوە و دیارە. ئێستا ئێمە لە هەموو روویەکەوە هەست بە نەمانی شاعیری گەورە دەکەین و دەیبینین. لە دۆخی قورسی وەک ئێستادا مرۆڤ زۆر زیاتر پێویستی بە شاعیری وەک شێرکۆ بێکەس هەیە، کە نرخ و موراڵ و ورەی کۆمەڵگە بەرز دەکەنەوە. لەم رۆژانەدا ئێمە یادی دەکەینەو. ئێمە جارێکیتر سوێند دەخۆین، کە هەمیشە بە رێز و خۆبەقەرزدارزانینی ، یادی بەرز رابگرین و بیرکردنەوە و خەونەکانی بهێنینە دی. شێرکۆ بێکەس زۆر گرنگیی بە دروستکردنی یەکێتیی نەتەوەیی دەدا. ئێمە بڕوامان بەوە هەیە، کە خەون و خولیا و داواکانی شێرکۆ بێکەس و ئەوەی، کە بە درێژایی ژیانی بیری لێکردووەتەوە و کاری بۆ کردووە، واتە داوای یەکێتیی نەتەوەی کورد بەدی دەهێنین.



PM:01:08:05/08/2019