سوپای ئێران خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ڕاگەیاند

سوپای ئێران خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی لە ئاسمانی بەندەری ماهشەهر لە باشووری ئێران ڕاگەیاند.
 
عەلیرەزا سەباحی فەرد، فەرماندەی بەرگریی ئاسمانی سوپای ئێران رایگەیاندووە، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە پێش ئەوەی بگاتە شوێنە هەستیارەکانمان بە مووشەکێکی سوپا خراوەتەخوارەوە.

هاوکات غوڵامرەزا شەریعەتی، پارێزگاری خوزستان بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێرانی وتووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە هاتووتە ئاسمانی ماهشەهر و بەبێ هیچ گومانێک هی وڵاتێکی بیانییە.

هاوکات وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رەتیکردووەتەوە کە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە هی ئەوان بووبێت، پارێزگاری خوزستانیش دەڵێت، پاشماوەی فڕۆکە تێکشکاوەکە کەوتووەتە دەورووبەری بەندەری ماهشەهر.


PM:04:32:08/11/2019