کۆشکی سپی کاربەدەستە سەرکوتکەرەکانی ئێران ئاگاداردەکاتەوە

ئێوارەی دوێنێ ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ کۆشکی سپی بۆ یەکەم جار هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئێران وەرگرت و بەیاننامەیکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە" واشنتن پاڵپشتی ھاوڵاتیانی ئێران دەکات بۆ ناڕەزایەتیی ئاشتییانە لە دژی ڕژێمێک کە پێویست بوو گەلەکەی بەڕێوە ببردایە".
 

 

هاوکات لە بەیانەکەی کۆشکی سپی ئاماژە بەوەشکراوە" ئەمریکا ئیدانەی ئەو ھێزە کوشندە و سەرکوتکەرە داپلۆسێنەرە ترسناکە دەکات کە بەکاردەھێنرێت بەرامبەر خۆپیشاندەران". 

 

دواتر کۆشکی سپی ئەوەش بە بیر ئێراندا دێنێتەوە و لە بەیانەکەدا نوسیویەتی" تاران ببێباکانە بەردەوامە لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی و پرۆگرامی مووشەکە دوور ھاوێژەکان و پاڵپشتیکردنی تیرۆریزم، نەتەوەیەکی سەربەرزی گۆڕی بۆ چیرۆکێکی ترسناک دەرەبارەی ئەوەی چی روودەدا کاتێک ئەو توێژە دەسەڵاتدارە گەلەکەی بەجێدەھێڵێت و سەرەتایەک دروستکات بۆ شەڕێک کە لە بەرژەوەندی کەسانی دەسەڵاتدار و دەوڵەمەندەکانە".

 

خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی شارەکانی ئێران لە کاتێکدایە، بە بڕیارێکی کۆمپانیای نیشتمانی دابەشکردنی سوتەمەنی ئێران، ڕۆژی هەینی نرخی بەنزین دوو هێندە لە نرخی جارانی گرانترکرا و سەرەی بەنزینیش دەستیپێکرد، بەو هۆیەوە  خۆپیشاندانی شۆفێران و هاوڵاتیان دەستیپێکردووە، لەهەندێک شارەکان خۆپیشاندانەکان گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتەوە.

 

هەروەها بەهۆی خۆپیشاندانەکانی ئەو ناوچەیە دوێنێ یەک شەممە نرخی تمەنی ئێرانی دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی کە نرخی ١٠٠ هەزار تمەنی ئێرانی بە ٩ هەزارو ٨٠٠ دینار بوو. 

 

 

 


AM:09:16:18/11/2019