کارەبا هۆشداری دەدات بە هاوڵاتیان

بەڕێوبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی هۆشداری دەداتە هاوڵاتیان و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتە کە هەر دەستکاری یان سەرپێچیەک هەبێت، دەبێت هاوڵاتیان بەڕێوەبەرایەتیەکەیان ئاگادار بکەنەوە.

 
لە راگەیاندنەکەدا کە دانەیەکی دەست " سپی " کەوتووە، تیایدا هاتووە" ئاگاداری هاوڵاتیان دەكەینەوە كە پێوەری كارەبایان بپشكنن و ئەگەر هەریەك لەم حاڵەتانەی خوارەوەی هەبوو سەردانی فەرمانگەی فرۆشتنی ووزەی كارەبای سنورەكەیان بكەن مەبەستی لابردنی حاڵەتەكان لە ماوەی 1/12/2019 تا 1/1/2020 كە دەبەخشرێن لەسزا و پێبژاردن (غرامە) بەپێچەوانەوە دوای ئەو ماوەیە هەڵمەتێكی فراوانی بڕینی سەرپێچیەكانی سەر تۆڕەكانی كارەبا دەستپێ دەكات".

دەقی راگەیاندنەکە..

 
ئاگادارییەك لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانیەوە..

 
خاڵی یەكەم:
ئاگاداری هاوڵاتیان دەكەینەوە كە پێوەری كارەبایان بپشكنن و ئەگەر هەریەك لەم حاڵەتانەی خوارەوەی هەبوو سەردانی فەرمانگەی فرۆشتنی ووزەی كارەبای سنورەكەیان بكەن مەبەستی لابردنی حاڵەتەكان لە ماوەی 1/12/2019 تا 1/1/2020 كە دەبەخشرێن لەسزا و پێبژاردن (غرامە) بەپێچەوانەوە دوای ئەو ماوەیە هەڵمەتێكی فراوانی بڕینی سەرپێچیەكانی سەر تۆڕەكانی كارەبا دەستپێ دەكات و هەریەكێك لەم حاڵەتانە لە پێوەرەكانیان ببینرێت لەلایەن تیمەكانەوە كارەباكەی دەبڕێت و رێكاری یاسایی بەرامبەر وەردەگیرێت و سزای مادی توند دەدرێت.
حاڵەتەكان :
1- پێوەری كـــارەبا دەستكاری كرابێت یاخود جــــامەكەی شــكابێ یاخود مۆری سەرەوەو خـــوارەوەی پێوەر دەستكاری كرابێت.
2- بێ پێوەر كارەبا راكێشرابێت.
3- كارەبا لە ژێر پێوەر راكێشرابێت.
خاڵی دووەم:
ئاگاداری ئەم هاووڵاتیانە دەكەینەوە كــە هەر پێكهاتەیەكیان (خانوو ، بیری ئـاو ، كارگە... هتد ) بەسەرپێچی (بێ مۆڵەت) دروست كردووەو دەیانــەوێت كارەبای نیشتیمانی بۆ پێكهاتەكە رابكێشن ، لە ماوەی نێوان 1/12/2019 تا 1/1/2020 سەردانی هۆبەی یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەبای سنورەكەیان بكەن بە مەبەستی ئەنجامدانی ڕێكارە پێویستەكان، بەپێچەوانەوە دوای ئەو ماوە دیاری كراوە بە هیچ شێوەیەك كارەبا نادرێت بەم جۆرە پێكهاتانە كە بە سەرپێچی دروستكراون.
خاڵی سێیەم:
ئاگاداری هاوبەشانی كارەبا لە پۆلەكانی (كشتوكاڵی ، بازرگانی ، پیشەسازی) دەكەینەوە كە قەرزای كرێی كارەبان بەزووترین كات سەردانی فەرمانگەكانی فرۆشتنی ووزەی كارەبا بكەن بەمەبەستی دانی قەرزەكانیان بەپێچەوانەوە لەلایەن تیمەكانی بڕینی كارەباوە كە لە ئێستادا هەڵمەتێكی فراوان دەستیپێكردووە كارەباكەیان دەبڕێت.

 


PM:03:15:05/12/2019