دۆسیەكەی فەرهاد پیرباڵ داخرا

خاوەنی ماڵی وەفایی رایگەیاند" لە فەرهاد پیرباڵ خۆشبووەو دۆسیەكەی كۆتایی هات".

 

ئەمڕۆ چوارشەممە سۆران عەزیز، خاوەنی ماڵی وەفایی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب ڕایگەیاند" لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگا لەبارەی کەیسی سووتاندنی ماڵی وەفایی لەلایەن فەرهاد پیرباڵەوە، داوام لە دادوەرەکە کرد د. فەرهاد لەو قەفەسە بهێنێتە دەرەوە کە تاوانباری تێدا دەوەستێنن".

 

ئاشكراشی كردووە "فەرهاد داوای لێبوردنی کردو منیش لێی خۆش بووم". 

 

وتیشی" ئەوانەی بارمتەیان بۆ د. فەرهاد دانابوو بۆ ئەوەی لە زیندان بێتە دەرەوە بارمتەکانیان کشاندبۆوە و دەبوایە دوای بڕیاری دادوەر بگیرێتەوە، بەڵام پیرباڵ لە بەردەم دادوەر داوای لیبوردنی لێ کردم لەوەی ئەو کارەی بەرانبەر ماڵی وەفایی کردووە و منیش لێی خۆشبووم و سکاڵاکەم کشاندەوە".

 

سۆران عەزیز لەكۆتایی نوسینەكەیدا ئەوەشی نووسیوە "من تا کۆتا سنوور لەم کەیسەدا لێبوردەبووم و دواجاریش هەر بەم شێوەیە مامەوەو لەمڕۆوە بەنووسراوێک کەلەبەردەمی حاکمدا هەیە و بەچەند وێنەیەک ئەم کەیسە کۆتایی هات". 

 

ئەوە لەكاتێكدایە كە مانگی نیسانی 2019، لەلایەن دكتۆر فەرهاد پیرباڵ، نووسەر و مامۆستای زانكۆ، ماڵی وەفایی لەهەولێر سوتێنراو دەستگیرا، بەڵام دواتر بە كەفالەت ئازاد كرا.

 
 
 
 
 
 


PM:06:46:29/01/2020