رۆحانی: ئەگەر هەیە دوو هەفتەی داهاتوو دۆخی ئێران لە روبەروبونەوەی كۆرۆنا بەرەو باشی بڕوات

ئەمڕۆ شەممە ٢١ی ئازاری ٢٠٢٠ سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند" پێشبینی دەكەین دوو هەفتەی داهاتو دۆخی ئێران لە روبەروبونەوەی كۆرۆنا بەرەو باشی بڕوات". 

حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لەمیانەی پێشکەشکردنی وتارێکیدا ئاماژەی بەوەکرد" کە رێنمایەکانی حکومەتەکەی بۆ مانەوەی هاوڵاتیانی وڵاتەکە لەماڵەکانی خۆیاندا، لە ماوەی دو بۆ سێ هەفتەی داهاتودا کۆتایی پێدێت".
 
هەر لە وتارەکەیدا ڕۆحانی وتیشی" واچاوەڕوان دەکرێت لەماوەی دو هەفتەی داهاتودا رەوشی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەیدا باشبونی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت".


سەرۆک کۆماری ئێران ڕاشیگەیاند" لەم کاتەدا دوژمنانی ئێران هەوڵی پلانگێڕی بۆ پەکخستنی بەرهەمهێنان و چالاکییە ئابورییەکانی ئێران دەدەن، بەڵام ئێران بەردەوامی دەدات بە چالاکییە ئابورییەکانی خۆی لە چوارچێوەی رەچاوکردنی پڕۆتۆکۆڵی تەندروستیدا".


دەشڵێت" داخستی دوکان و شوێنە بازرگانییەکان بۆ ماوەی دو هەفتەی دیکە بەردەوام دەبێت و خوێندنگا و زانکۆکانی وڵاتەکەشی لەو ماوەیەدا بە داخراوی دەمێنێتەوە، بەڵام پاش ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆنتڕۆڵ دەکەن دەوامی خوێندنگاکان بۆ ماوەی مانگێک درێژدەکەنەوە".

 

جێگای ئاماژەیە، لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتی ئێران ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییان تووشی ڤایرۆسەکە بوون و گیانیان لەدەستداوە.

 


PM:03:51:21/03/2020