رۆژی پێج شەممە بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو بە کاروانی هێزێکی سەر بە سوپای عێراق لە نێوان بیابانەکا نی نێوان تکریت و ئەنبار، فۆتۆگرافەری کورد”حەکیم مەزن” گیانی لەدەست دا.
ئەو فۆتۆگرافەرە کە خەڵکی هەولێرە، زیاتر فۆتۆگرافەری مەیدانەکانی جەنگ بووەو لە شەڕی دژی داعشدا لە سەدان شەڕدا وەک فتۆگرافەرێک وێنەی ئەو شاڕانە و تراژیدیای تاوانەکانی ئەو جەنگەی گرتووە.
هندرێن لوقمان مەزن، برازای کۆچکردوو لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی، باسنیوزی راگەیاند: “حەکیم مەزن یەکێک بوو لەو فۆتۆگرافەرانەی کورد کە شارەزاییەکی ئەوتۆی لە فۆتۆگرافیی سەربازی هەبوو و لە فەرماندەیی پاسەوانی سنوور(ناوچەی یەک) فۆتۆگرافەر بوو و لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعشیش لە سەنگەرەکان بووە بەمەبەستی تۆمارکردنی دۆکیۆمێنت”.
روونیشیکردەوە کە حەکیم مەزن بەمەبەستی تۆمارکردنی دۆکیۆمێنت و کاری فۆتۆگرافی لەسەر داوای لیوای ٩١ سوپای عێراق (یەکێکە لەو لیوایانەی کە ژمارەیەک زۆر لە ئەفسەر و سەربازەکانی کوردن) چەند ڕۆژێکە لەگەڵ هێزەکانی ئەو لیوایەیە و لە هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوەی شانە نووستووەکانی تیرۆریستانی داعش لە بیابانەکانی نێوان پارێزگای سەلاحەدین و ئەنبار-ی عێراق بەشدار بووە دوێنی پێنجشەممە (٣-٩-٢٠٢٠) بۆمبی چێندراو بە کاروانێکی سەربازیی لیواکەدا تەقیوەتەوە.
دەشڵیت “ مامم یەکێک بوو لەو کەسانەی لەگەڵ ئەو کاروانە سەربازییەدا بووە و لە ئەنجامی تەقینەوەکە قاچێکی پەڕیوە و پاشان بردراوە بۆ نەخۆشخانەی تکریت و دواتر بۆ بەغدا بەمەبەستی چارەسەرکردنی بەڵام ئێوارەی ئەمڕۆ بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا”.
بڕیارە تەرمەکەی ببرێتەوە بۆ هەولێر و لەوێ بنێژرێت.