پەرلەمانتارێک شێوەی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس شێروان شێروانی ئاشکرا دەکات

پەرلەمانتاری گۆڕان، عەلی حەمە ساڵح لەسەر دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس شێروان شێروانی کە دوێنی لە هەولیر دەستگیرکرا، نووسیوویەتی" شەش ئۆتۆمبیل ڕۆشتونەتە سەرماڵیان دەستگیریان کردوە".


لەو نووسینەدا کە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە، عەلی حەمە ساڵح دەڵێت" دەستگیرکردنەکە بەبێ ھیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەخت بووە".

"بەپێی بەدواداچونەکان دۆسیەکە لە دھۆکەوە ھاتوە، شیروان لە ھەولێرەو بەنیازن ڕەوانەی دھۆکی بکەن"( وەک عەلی حەمە ساڵح دەڵێت).


لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەی، ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات" ئەگەر لەسەر نوسین دەستگیردەکرێت! ئەوە یاسای ڕۆژنامەگەری ڕێگا بە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەوان نادات! چ جای ئەوەی کۆمپیوتەرو ئامێرە ئەلیکترۆنیاکان ببرێت و ماڵی بپشکنرێت! 

 
ئەگەر لەسەر دۆسیە کۆنەکەیە گوایە: ویستویەتی خۆپیشاندان بکات لە دھۆک، ماوەیەک زیندان بوو، دواتر ئازادکرا!! چ پێویستە بەشەش ئۆتۆمبیلەوە بچنە سەر ماڵەکەی! ".


عەلی حەمە ساڵح دەڵێت" ئەم ھەنگاوە دژی بنەماکانی ئازادی و مافی مرۆڤە، نەک بەرامبەر شیروان، بەرامبەر منداڵ و خانەوادەکەشی".

 


AM:12:29:09/10/2020