لەسەر ڕۆژئاوای كوردستان دەمەقاڵێ لەنێوان وەزیری دەرەوەی توركیا و سوید دروست دەبێت

ئەمڕۆ سێشەممە وەزیری دەرەوەی سوید سەردانی ئەنقەرەی كرد و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دا كۆبووەوە و دواتر كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان ڕێكخست. 

 

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئان لیندا وەزیری دەرەوەی سوید هێرشی توندی کردە سەر تورکیا و داواكاریی وڵاتەكەی و یەكێتی ئەوروپای دووبارەكردەوە بۆ كشانەوەی هێزەکانی توركیا لە ڕۆژئاوای كوردستان و ڕایگەیاند" هەڵوێستی بەهێزی یەكێتیی ئەوروپا وەكو خۆی ماوە، بەردەوامین لە هاندانی توركیا بۆ كشانەوە".

 

هاوکات وەزیری دەرەوەی سوید هێزەکانی تورکیای بە داگیرکەر ناوبردو داوایکرد ئەو تورکیا هێزەکانی لە سووریا بکشێنێتەوە. 

 

لەبەرامبەردا مەولود چاوش ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند" هەوڵدەدەن وانەیەكی تایبەت بە مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەكان بدەن لەڕێگەی ڕەفتاری خۆسەپێنەرانە و بەكارهێنانی وشەی هاندان، ئەی بۆچی سوید بەرگری لە قوبڕسییە توركەكان ناكات".

 

وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕاشیگەیاند" یەكێتیی ئەوروپا، توركیا هان نادات لە باكووری خۆرئاوای سوریا بكشێتەوە، چونكە سێ ملیۆن پەنابەری تر دێنە توركیا و ڕوو لە ئەوروپا دەكەن".



PM:09:37:13/10/2020