فراکسیۆنی گۆڕان لەسەر موچە و رێککەوتنی ٥٠ ساڵەی نه‌وتی‌ نێوان هه‌رێم‌ و توركیا داوایەک لە حکومەتی هەرێم دەکات

فراکسیۆنی گۆڕان داوای‌ ئاشكراكردنی‌ رێکەوتنی پەنجا ساڵەی‌ نه‌وتی‌ نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان‌ و توركیا ده‌كات، ده‌شڵێت" کاتیەتی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەست هەڵگرن لە قومار کردن بە چارەنوسی خەڵکی کوردستان".

 

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ دره‌نگانێكی شه‌وی رابردوو بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌، فراكسیۆنی گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگه‌یاندووه‌" پشتیوانی لە هەڵوێستی بەرپرسیارانەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەین لە دورگرتنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە ململانێ سیاسییەکان، سیاسەتی برسیکردنی هاوڵاتیانی ئاسایی و کێشە دروستکردن بۆ ژیانیان بەهۆی کێشە سیاسی و داراییەکان، نا دەستوری و نایاساییە".

 

داواش لە لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەکەن کە" پابەند بن بەو رێککەوتننانەی لە نێوان هەرێم و بەغدا ئەنجام دراون، بە زوترین کات بگەڕێنەوە بۆ دانوستانەکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ گەیشتن بە چارەسەری دورمەودا و یاسایی جدی سەبارەت بە کەرتی نەوت و گاز و، دەروازە سنورییەکان و، داهاتە نانەوتییەکانی تر، بە شێوەیەک کە لەسەر بنەمای دەستور ماف و پابەندیی هەر لایەک دیاری بکرێ و پابەند بن پێوەی".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، کاتیەتی کە کاروباری دارایی هەرێم لە چوارچێوەی یاسای بودجە رێکبخرێت، رێککەوتنە نهێنییەکانی پەیوەندیدار بە بواری نەوت و گاز ئاشکرا بکرێن، بەتایبەت رێککەوتنی رانەگەیەنراو لەگەڵ تورکیا کە بە رێکەوتنی 50 ساڵە ناودەبرێ. 

 

فراکسیۆنی گۆڕان لە بەیاننامەکەدا رونیکردوەتەوە، کاتیەتی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەست هەڵگرن لە قومارکردن بە چارەنوسی خەڵکی کوردستان و ماف و دەستکەوتەکانی.



AM:09:13:21/11/2020