سارا عومەر لەگەڵ وەرگرتنی خەڵاتی لۆریاڵی زێڕین باسی ئازادی نووسین و رادەربڕین دەکات



سارا عومەر، نوسەری کورد لە شاری کۆپنھاگن لە وڵاتی دانیمارک خەڵاتی ئەدەبی "لۆریاڵی زێڕین"، The Golden Laurelی پێبەخشرا، ئەو لەگەڵ وەرگرتنی خەڵاتەکەدا باسی ئازادی بیروڕا و ئازادی نووسین دەکات. 



سارا عومەر، نوسەری کورد لە نوسینێکدا بڵاویکردەوە، "خۆشحاڵم پێتان رابگەیەنم، کە بەرواری 18ی نۆڤێمبەر لە شاری کۆپنھاگن لە وڵاتی دانیمارک خەڵاتی ئەدەبی لۆریاڵی زێڕین، The Golden Laurel.م پێبەخشرا".

 

 
ئەو نووسەرە دەشڵێت "یەکەمین نوسەرێکم، کە پاشخانێکی کوردیی و خۆرھەڵاتی ناوەڕاستم ھەیە، بەر لەمن ئەو خەڵاتە بە کەسێکی ھەڵگری ئەو پاشخانە نەدراوە، ھەروەھا یەکەمین نوسەرێکی پەناھەندەم، کە ئەم خەڵاتە وەربگرێت، وەکچۆن لە ھەمانکاتدا گەنجترین نوسەرێکم خەڵاتەکەم پێبەخشرابێت".




سارا عومەر لەسەر خەڵاتەکە زانیاری زیاتر بڵاودەکاتەوەو دەڵێت " ئەو خەڵاتە خەڵاتێکی ئەدەبیی دانیمارکییە، کە لە ساڵی 1949دا دامەزرێندراوە، ھەمو ساڵێکیش بە یەکێک لە نوسەرەکانی وڵاتی دانیمارک دەبەخشرێت، ئەو لیژنەیەی بڕیار لەسەر بەخشینی خەڵاتەکە دەدات پێکھاتوون لە ڕەخنەگەرانی ئەدەبیی و خاوەن کتێبخانەکانی ئەو وڵاتە، ئەمانە خەڵاتەکە بە کتێبێک دەبەخشن، کە ئاستێکی ئەدەبی بەرزی ھەبێت و سەرنجی ڕەخنەگران و خوێنەرانی بەلای خۆیدا ڕاکێشابێت، نوسەری براوە کەسێکە زۆرترین خوێنەری ھەبوە و کتێبەکە بە شێوەیەکی بەربڵاو بەناو کۆمەڵگادا بڵاوبوەتەوە، زۆرێک لە نوسەرە گەورەکانی دانیمارک ئەم خەڵاتەیان بردوەتەوە و ھەر نوسەرێکیش دەتوانێت یەکجار لە ژیانیدا ئەم خەڵاتە وەربگرێت".



دەربارەی ئازادی نووسین و دەربڕین سارا عومەر دەشڵێت " لە لای من بەرگریکردن لە ئازادی نوسین و ڕادەربڕین بابەتی ھەرە گرنگیی ئەم سەردەمەی ئێستامانە، ئەم ئازادییە لە ئێستادا لەژێر ھەڕەشەیەکی بەردەوام و ھەمەلایەندایە، نەک تەنھا لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا بەڵکو لەناو ئەوروپا خۆشیدا، باشترین نمونەیەک ئەم ھەڕەشەیەمان نیشانبدات سەربڕینی ئەو مامۆستا فڕەنسییە بو لەسەر بەرگریکردن لە ئازادیی ڕادەربڕین و ھەوڵدان بۆ ناساندنی منداڵان بەم ئازادییە و فێرکردنیان، کە ڕێزی لێبگرن". 

 

 
ئەو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە وەک نوسەرێک ناتوانێت ھەرگیز بەرامبەر بەو ھێرش و پەلامارەی ئازادیی نووسین و ڕادەربڕین بەگشتیی و ئازادی مرۆڤ لە ھەمو شێوەکانیدا بەتایبەتی، بێدەنگبێت و دەڵێت " ئەگەر رۆمانەکانی من مانایەکیان ھەبێت ئەوا لە بەرگریکردنییاندایە لەم ئازادییانە و لە ڕێگرتن لە سوکایەتیکردندا بە مرۆڤ، یان کورتکردنەوەی بۆ کەسێک کە خاوەنی ڕا و بۆچوونی خۆی نەبێت و تەنھا گوێیەک بێت بۆ بیستن و دوبارەکردنەوەی قسە و بۆچونی گەورەکانی".

دەشڵێت، "باوەڕی تەواوم بەوەیە، کە پێویستە ھەمیشە ڕووبەرێکی ئازاد بۆ ئەدەبیات ھەبێت و پارێزراوبێت، ڕوبەرێک بۆ ئەو شێوازانەش لە ھونەر، کە سنورەکان دەشکێنن و ناترسن لەوەی شتێک بڵێن قبووڵنەکراو بێت و زۆرینەی کۆمەڵگا نەیەوێت بیبیستێ و بیبینێت".

 


PM:03:18:21/11/2020