سەندیکای رۆژنامەنووسان: پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان لە ساڵی ٢٠٢٠ دا زیاتربووە لە ساڵی ٢٠١٩

سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی‌ رۆژنامەوانیدا ڕاپۆرتی‌ تایبەت بەپێشێلکارییەکانی‌ ساڵی‌ ٢٠٢٠ی‌ بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان بڵاوکردەوەو رایگەیاند لەماوەیەدا زیاتر لە ١٣٨ حاڵەتی‌ پێشێلکاری‌ بەرامبەر بە ٣١٥ ڕۆژنامەنووس و ٤٧ دەزگای‌ میدیایی تۆمارکراون. ئاشکراشیکرد پیشێلکارییەکان لەساڵی ٢٠٢٠دا بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩ زیادی کردووە.


بەپێی ئەو ئامارەی راپۆرتەکەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان تۆماریان کردووە کە لەلایەن سکرتێری لیژنەی داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان نەزاکەت حسێن، ئەمڕۆ لە هەولێر خوێندرایەوە تیایدا هاتووە " لەساڵی ٢٠٢٠دا زیاتر لە ٣١٥ رۆژنامەنووس پێشێلکاریان بەرامبەر کراوە  ٣٠٨ یان نێر و حەوت ڕۆژنامەنووسیان مێ بوون، ٤٢ حاڵەتی دەستگیرکردن تۆمارکراوە".


هەروەها هاتووە " بەرامبەر ٩٨ ڕۆژنامەنووس  ٤٧ حاڵەتی‌ ڕێگری لە ڕووماڵ بەرامبەر بە ١٠٤ ڕۆژنامەنووس و ٣٢ حاڵەتی هێرشکردن بەرامبەر ٨٨ رۆژنامەنووس و هەشت حاڵەتی‌ لێدان بەرامبەر ١٥ رۆژنامەنووس تۆمارکراوە".


نەزاکەت حسێن، راشیانگەیاند "چوار سکاڵا بەرامبەر پێنج ڕۆژنامەنووس بەرز کراوەتەوە و سێ دەزگای‌ میدیای‌ی‌ داخراون و یەک ڕۆژنامەنووسیش بەڵێننامەی‌ کارنەکردنی‌ لێوەرگیراوە".


لەبارەی دابەشبوونی پێشێلکارییەکان لەرووی جوگرافیەوە، لە راپۆرتەکەدا هاتووە "لە پارێزگای‌ هەولێر ٤٦ حاڵەت، لە پارێزگای‌ سلێمانی‌ ٣٦ حاڵەت، لە پارێزگای‌ دهۆک ١٤ حاڵەت، لە پارێزگای‌ هەڵەبجە ٧ حاڵەت، لە شاری‌ موسڵ ٢٥ حاڵەت و لە ناوچەکانی‌ دیکەی‌ دەشتی‌ نەینەوا و قەزای‌ خانەقین و شاری‌ بەغدا و ناوچەی‌ ڕۆژئاوا هەریەکی‌ یەک حاڵەتیان تێدا تۆمارکراوە".



سکرتێری لیژنەی داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان راشیگەیاند "لیژنەی بەرگری لە ئازادییەکانی رۆژنامەنووسان بۆ یەکەم جار لەمەودوا ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر خانمانی رۆژنامەنووس تۆماردەکرێت لای خۆیان تۆماری دەکەن و دۆسیەی بۆ دەکەنەوە، بۆ ساڵی ٢٠٢٠یش لە بەدواداچوونێکی‌ لیژنەکەدا دەرکەوتووە کە ٥٠% ی‌ ڕۆژنامەنووسانی‌ مێیینە لە دەزگاکانی‌ میدیایی پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە و گێچەڵیان پێکراوە".


ئازاد حەمەدەمین نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا لەبارەی داخستنی کەناڵی ئێن ئارتی یەوە رایگەیاند " ئێمە وەک سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان کاتێک کە رێنماییەکانی سپەیس دەرچوو پارێزبەندی زۆرمان لەسەر هەبوو قسەشمان لەسەرکرد، بەڵام راشکاوانە دەیڵێم و ئەوکاتیش وتمان داخستنی ئێن ئاڕتی بڕیارێکی یاسایی نەبوون و پیشێلکاری بوون".


راشیگەیاند "لەبەر ئەوەی هیچ یاسایەکمان نییە بابەتی سۆشیال میدیا رێکبخات، ماوەیەکیشە پەیجەکانی هەواڵ لە سۆشیال میدیا لە فراوانبووندان و بەفتوایەکی ئەنجومەنی شوراش ئەو پەیجانە تۆمار دەکرێن بۆیە لێرەوە رایدەگەیەنم داوا لەهەموو ئەو پەیجانە دەکەم کە زۆرینەیئان لۆگۆیان هەیە و لە بۆنەکان ئامادەدەبن بێن بۆ سەندیکا و خۆیان تۆماربکەن بۆئەوەی بتوانین لەکاتی کێشەیەکدا بەرگریان لێبکەین".

 
هەموو ساڵیک سەندیکای رۆژنامەنووسان راپۆرتی ساڵانەی خۆی بۆ رای گشتی لەسەر دۆخی رۆژنامەنووسان بڵاودەکاتەوە.

 


PM:09:27:07/01/2021