سەنتەری میترۆ راپۆرتی پێشێلکاریەکانی سەر رۆژنامەنووسانی لە ساڵی ٢٠٢٠دا بڵاوکردەوە

سەنتەری میترۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند" لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٣٨٥ پێشێلکاری بەرامبەر ٢٩١ رۆژنامەنوس و دەزگای راگەیاندن تۆمارکراوە". 

ئەمڕۆ شەممە سەنتەرى میترۆ بۆداکۆکیکردن لە مافى ڕۆژنامەنووسان لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانیدا ئامارى پێشێلکاریی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانى ڕاگەیاندنی بۆ ساڵی رابردو (٢٠٢٠) بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد"  لە ساڵی ٢٠٢٠ دا سەنتەرەکەیان ٣٨٥ پێشێلکاری تۆمارکردوە کە بەم شێوەیە بوە، ١٦٣ حاڵەتی رێگریکردن لەرۆژنامەنوسان، ٧٤ حاڵەتی دەستبەسەرکردن و راگرتن  بەبێ بڕیاری دادگا و ٤٨ حاڵەتی هەڕەشە و سوکایەتی". 

بە پێی راپۆرتەکە لەساڵى رابردوودا ٣٠ حاڵەتی دەستگیرکردن و راگرتن بەدەر لەیاسای رۆژنامەنوسی تۆمارکراون، هەروەها هەشت حاڵەتی هەراسانکردنی کچانی میدیاکار، هەشت حاڵەتی پڕکردنەوەی بەڵێننامە، شەش حاڵەتی شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەنوسی، چوار حاڵەتی داخستنی ئۆفیسی کەناڵەکان و دوو حاڵەتی تەشویشی ئەلیکترۆنی تۆمارکراون.

سەنتەری میترۆ ئاماژەی بەوەش کرد" لەو ماوەیەدا لەناوچە کێشەلەسەرەکان ٧١ حاڵەتی رێگری، ٣٠ حاڵەتی راگرتن بەبێ بڕیاری دادگا، نۆ حاڵەتی زەوتکردنی کەلوپەلی رۆژنامەنوسی، حەوت حاڵەتی هێرش و سوکایەتی، دوو حاڵەتی پڕکردنەوەی بەڵێننامەی و یەک حاڵەتی رفانن تۆمارکراون".

 

باس لەوەشکراوە، راگرتنی پەخشی کەناڵەکان و راگەیەنراوەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەست بەبێ ئاگایی لەداخستنی هێزەکان وەک هەوڵێکی دیکە بۆ کپکردنی دەنگی ناڕازیی دەبینرێن، هەروەها لەئێستادا یاسای رۆژنامەگەری بووە بەرابردوو، بەجۆرێک لەجێگەی پەنابردن بۆ یاسای رۆژنامەگەری ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو تۆمەت و سکاڵایانەی لەسەر رۆژنامەنوسان تۆماردەکرێت، پۆلیس و دادگاکان بەیاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن مامەڵە لەگەڵ دۆسییەکانی رۆژنامەنوسان دەکەن.

پەیوەست بەحاڵەتەکانی هەراسانکردن بەرامبەر خانمانی میدیاکار سەنتەری میترۆ لەراپۆرتی ساڵانەی خۆیدا هۆکارەکانی حاڵەتەکانی رونکردوەتەوە و باسی لەوەکردوە، هەراسانکردنی خانمانی میدیاکار لەرێگەی ئاڕاستەکردنی قسەی هەرانسانکار، توندوتیژی، جیاکاری و داوای پەیوەندی لەدەرەوەی کاری رۆژنامەنوسی لەنێوان (بەڕێوەبەری دەزگایەک و خانمە میدیاکاران، یان ئەو بەرپرسەی سەردانی دەکەن بۆ چاوپێکەوتن) و چەندین حاڵەتی دیکەش وایکردوە کاری رۆژنامەنوسی بۆ خانمانی میدیاکار ئاستەنگی بێتەپێش.

 

ساڵانە سەنتەری میترۆ لەگەڵ هاوبەشەکانیدا ڕاپۆرتی پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان بڵاودەکاتەوە، بەمەبەستی کەمکردنەوەی پێشێلکارییەکان، هاوکات ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەگەری فراوان بکرێت.



PM:12:18:16/01/2021