لاهور شێخ جەنگی لەسەر مووچە لەگەڵ کازمی کۆدەبێتەوە

 هاوسەرۆکی یەکێتی، لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ  مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران کۆدەبێتەوەو، پرسی بەشە بودجەی هەرێم و هەڵبژاردنەکان تاووتوێ دەکەن.  



لە ڕاگەیەندراوێکدا، نوسینگەی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان ڕایگەیاند "  لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ١٦ی کانوونی دووەم، لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە".
  


لەو راگەیاندنەدا هاتووە، گفتوگۆ دەربارەی دوا پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکان و پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراقدا.
  


"لاهور شێخ جەنگی  پشتیوانیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی دووپاتکردەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو بڕگە یاسایەی کە تایبەتە بە پشکی کورد و شایستە داراییەکانی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ٢٠٢١ لە پێناو چارەسەرکردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتییان و دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم".( راگەیاندنی هاوسەرۆکی یەکێتی).

 


لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە" هاوسەرۆکی یەکێتی داواشیکرد کە پشکی جوتیارانی هەرێم لەبەرچاو بگیرێت و وەک بەڵێنیان پێدرابوو کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکرێت". 

 


دەربارەی پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لاهور شێخ جەنگی جەختیکردەوە لەسەر ڕەخساندنی زەمینەیەکی گونجاو بە هەوڵی هەموو لایەنەکان و ڕاشیگەیاند، "هەر بڕیارێک لەلایەن حکومەت و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە بدرێت وەک یەکێتی پشتیوانی دەکەین بۆ تەواوکردنی ئامادەسازییەکان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و سەرکەوتنی پرۆسەکە."  
 


PM:10:24:16/01/2021